لە ساڵی 1995وە، ساڵانە کۆنگرەی گۆڕانی کەش و هەوا لە وڵاتانی جیهاندا بەڕێوەدەچێت بە بەشداری وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناحکومییەکان بە ئامانجی گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ کەمکردنەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و یارمەتیدانی ئەو وڵات و ناوچانەی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە زیانیان بەرکەوتووە.
دەپرسین:
ئەم کۆنگرەیە هەتا ئێستا توانیویەتی چی بکات؟
بەربەستەکانی لە بەردەم ئامانجەکانی ئەم کۆنگرەیە چین؟
چ ڕێوشوێنک پێویستن بۆ کەمکردنەوەی گۆڕانی کەشوهەوا؟
دکتۆر عەبدولموتەلیب ڕەفعەت پسپۆڕی ژینگە و بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان
دکتۆر دارا محەمەد ئەمین سەعید، وەزیری پێشوتری ژینگە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان.
پ.ی.د. دیار عمر کاکە، مامۆستا لە کۆلێجی ئەندازیاری زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی پسپۆڕی میکانیک و وزە
Your browser doesn’t support HTML5
دکتۆر دارا
بە گشتی ئەو کۆنگرانەی کەش و هەوا کار لەسەر دوو تەوەر دەکەن، یەکەم بەرگرتن لەو پیشەسازییانەی کە دەبنە هۆی زیادبوونی گازە گەرمەکان و گۆڕانی کەش و هەوا، ئەمەش بە پلەی یەکەم، دەبێت وڵاتە زلهێزە پیشەسازییەکانی وەک چین، هیندستان، ئەمەریکا، پێوەی پابەند بن، ئەم وڵاتانە بەهۆی پیشەسازییەکانیانەوە کاریگەرییان هەیە لەسەر وڵاتێکی هەژار کە هیچ پیشەسازییەکی نیە، بەڵام وەک ئەوان دەبێت لە ژینگەیەکی پیسدا بژین، ئەم وڵاتانەش لە پێناو گەشەسەندنی ئابوری خۆیان ئامادەنین ئەو جۆرە کارگانە کەم بکەنەوە، تەوەری دووەمی ئەو کۆنگرانە، گەڕانە بە دوای جێگرەوەی ئەو پیشەسازییانە کە پشتگیری دەکرێت ئەویش بەرهەمهێنانی وزەی پاکە (وزەی دۆستی ژینگە)، ئێمە یەک کێشەمان هەیە لەم کۆنگرانەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەویش ئەوەیە کە سیفەتی ئیلزامی نیە، واتە ئەگەر وڵاتێک پابەند نەبوو سزا بدرێت، بەداخەوە سەرەڕای بوونی یاسا، بەڵام لە عێراق و هەرێمی کوردستان زۆرجار لەپێناو بەرژەوەندی ئابوری حزبێک یان بەرپرسێک ڕێنماییە ژینگەییەکان جێبەجێ ناکرێت، بەداخەوە ئێستا لە کوردستان دەبینرێت، کە ئەوە کاریگەری پێش ژینگەی جیهان کاریگەری بۆ ژینگەی کوردستان هەیە،وە هۆکاری ئەو ڕێژە بەرزەی شێرپەنجە بەشی سەرەکی هۆکاری پیسبوونی هەوایە، ئەگەر سروشت و کەشوهەوای کوردستان نەبووایە ئەوا بەهۆی بوونی ئەو هەموو ئۆتۆمبێل و کارگە و مۆلیدە و پێشێلکردنی مەرجە ژینگەییەکان لەلایەن حزب و بەرپرسانەوە کارەساتی ژینگە لە کوردستان ڕوویدەدا، بەتایبەت پڕۆژە نەوتییەکان کە ئیلتیزام ناکەن بەمەرجە ژینگەییەکان حکومەت خۆی ڕێگەی پێداون.
د.عەبدولموتەلیب
کێشەی گۆرانی کەشوهەوا ئێستا لە کێشەیەکی زانستیەوە بۆتە کێشەیەکی سیاسی، دروستبوونی مشتومڕ لە نێوان وڵاتانی پیشەسازی و وڵاتانی تازە پێگەیشتوو، ئەمە چەندین ساڵە ئەو کۆنگرانەی کە تایبەتە بە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوای زەوی ئەنجامدەدرێت، بەڵام بەداخەوە هەتا ئێستا ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبووە، هەتا بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندەکان خۆیان دەڵێن، ئەو کۆنگرانە نەبۆتە هۆی کەمکردنەوەی پلەی گەرمی زەوی و دروستکردنی کاریگەری لەسەر وڵاتە پیشەسازییەکانی وەک چین و ئەمەریکا، تەنانەت لەو کۆنگرانە ڕەنگە قسەی زۆر گەورە بکرێت بەڵام هەتا ئێستا بەڵێنەکانیان جێبەجێنەکردووە، تەنها کۆنگرەیەکی ڕووکەشە و هیچ ئەنجامێکی نەبووە هەتائێستا، بەڵام هیوادارین لەمەودوا ئەو کۆنگرانە باشتر ببەسترێت هەتا ئەنجامیان هەبێت و بتوانرێ کاریگەرییان هەبێت لەسەر ئەو وڵاتانەی بەرپرسن لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە جیهاندا.
ئەو گۆڕانکارییانەی لە کەشوهەوای زەویدا ڕوویداوە ئەگەر چارەسەر نەکرێت ئەوا زەوی و جیهان بەرەو ئاقارێکی مەترسیدار دەبات، تەنانەت ئەو گۆڕانکارییانەی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان هەیە لەبەرئەوەی هەندێک حاڵەت ڕوودەدات کە پێشتر لەو وڵاتەدا ڕوینەداوە، تەنانەت ئاسایشی خۆراکیش دەکەوێتە مەترسییەوە، بۆیە کە باس لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا دەکەین بەتایبەت باسکردن نیە لە بەرزبونەوەی پلەی گەرمی زەوی بەڵکو چەندین گرفتی تر دێتە ئاراوە، بۆیە پێویستە وڵاتانی بەشدار لە کۆنگرەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوای زەوی بە پلان و بەرنامەی جدییەوە بەشداربن و هەوڵبدەن وڵاتانی پیشەسازی ڕازی بکەن بە پابەندبوونیان بە بڕیار و پێشنیازەکانی کۆنرەکانی ساڵانە لەوبارەوە، بەڕاستی مەترسییەکانی بەرزبونەوەی پلەی گەرمی زۆر زیادیکردووە، زەوی تەحەمولی ئەو گەرمیە دەکات بەڵام مرۆڤ و زیندەوەرەکانی بەرگەی ناگرن، تەنانەت بۆتە هۆی لەناوچوونی هەندێک زیندەوەری(نەیتیڤ)، تەنانەت ئێستاش هەندێک زیندەوەر مەترسی لەناوچونیان هەیە بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە، تەنانەت لە هەرێمی کوردستانی خۆمان هەندێک ڕووک پێشتر هەبوو بەڵام ئێستا نەماون.
پێشبینی دەکەم پلەکانی گەرمی زەوی لە داهاتوودا زیاتر بەرز ببێتەوە، کارەسات ڕووبدات، بۆ نمونە هەر بەهۆی بەرزبونەوەی پلەی گەرمی زەوی و گۆڕانکارییە کەشوهەواییەکانی زەوی، لە هەرێمی کوردستانی خۆمان پێشتر نەبووە لە ماوەی چەند کاتژمێرێک ٧٠ ملم باران ببارێت، کە ئەوە کارەساتە و دەبێتە هۆی ڕاماڵینی خاک، بۆیە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا زۆر گەورەن پێویستە چارەسەری خێرایان بۆ دابنرێت،وڵاتانی پیشەسازی ناچار بکەن بە پابەندبوون و دۆزینەوەی چارەسەر هەتا وڵاتانی وەک ئێمە نەبینە قوربانی.
بەڕاستی ئەو کۆنگرانەی بۆ گۆڕانکاری کەشوهەوا دەکرێت بە سیاسی کراون و کەسی شارەزا و تایبەتمەند بەشدار نین، تەنانەت لە هەرێمی کوردستانیشەوە خەڵکانێک دەنێرن بۆ کۆنگرەی کەشوهەوا کە هیچ پەیوەندییان بە کەشوهەواوە نیە و شارەزا نین، وەک ئیفادێک سەیری ئەو کۆنگرانە دەکرێت خەڵکێک بۆ خۆی وەریدەگرێت و دەچێت بۆ ئەو کۆنگرانە و بەشدار دەبن و دەگەڕێنەوە، وڵاتانی جیهانیش تەنانەت قەناعەتیان بەو کۆنگرانە نەماوە، چونکە نەیانتوانیووە کاریگەری دروست بکەن لەسەر وڵاتانی پیشەسازی، عێراق و هەرێمی کوردستانیش یەکێکن لەو وڵاتانەی لە ژێر کاریگەری سەختی گۆڕانکاری کەشوهەوادان، بەڵام بەداخەوە هیچ داتایەکمان لەو ڕووە هەتا ئێستا لە کوردستاندا نیە، پێویستە چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە یا ڕێگا چارەی خۆ گونجاندنیان بۆ بدۆزرێتەوە.
بەهۆی گۆڕانکاری لە کەشوهەواوە هەرێمی کوردستان مەترسی ئەوەی لەسەرە کە کۆچێکی زۆر ڕووی تێبکات، ئەمەش کاریگەری خۆی دەبێت لە ڕووی دیمۆگرافیا و سەرچاوە سروشتییەکان و خۆراکەوە.
پ.ی. د.دیار
گرنگترین ئەو کۆنگرە و لوتکانەی تایبەت بە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا ئەنجامدراوە، بابەتی کۆنگرەکەی پاریسە کە لە ساڵی 2015 ئەنجامدرا، ئەویش پرسی ئەوەی چۆن بگەینە زیرۆ کاربۆنە، کە لەسەر ئەو بنەمایە چەند ڕێنماییەک دانراوە، کە ئەوە زیاتر باسی ساڵی 2050 کراوە، بەڵام پەش ئەو وادەیەش تا 2035 هەندێک پیشەسازی هەیە کە نابێت لەو بوارەدا بێت، لەبەرواری ئەوەی کاربۆن بەرەو ئاسمان بڕوات، یەکێک لەو هەنگاوانەی کە دەنرێت بریتیە لە وزە نوێییەکان کە خۆشبەختانە ئەمە بەرەوپێش دەڕوات ئەوەی کە چاوەڕوان دەکرێت ئەوەیە کە لە 2035 ئۆتۆمبێل نەمێنێت بە بەنزین و سوتەمەنی کاربکات، لەئێستادا کۆمپانیا گەورەکانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل، وەک(تویتا، مارسیدیس) بە ئاڕاستەی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی ڕۆیشتوون، ، لەپێناو ڕێگری کردن لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە دوای ٢٠٣٥ شتێک ئۆتۆمبێلێک نامێنێت کە بە بەنزین یان گاز کاربکات هەمووی لەسەر کارەبا و جۆرەکانی تر دەبێت، بۆ ئەوەی لە پیشەسازیدا ڕەچاوی ژینگە بکرێت بابەتی فیلتەرە، ڕاستە ئەمە تێچوویەکی زیاتر دەخاتە سەر کارگە و شوێنە پیشەسازییەکە، بەڵام ئەمە هەنگاوێکە گرنگە، دەبێت لە هەموو ڕووەکانی وزە و پیشەسازی و پاتریەوە هەر هەموو هەوڵەکان بخرێتەگەڕ بۆ ئەوەی ئەم زەوییە بۆ نەوەکانی داهاتوو لەوە خراپتری بەسەر نەیەت، بۆیە زۆرترین پاڵپشت بۆ وزە نوێییەکان تەرخانکراوە، بۆیە زۆرترین پێشکەوتنیش لەو بوارەدا دەبینرێت بۆ نمونە پاترییەک و بارگاوی کردنی لە ئێستادا جیاوازە لە پێنج ساڵ پێش ئێستا، بێگومان پیشەسازی کاریگەری زۆری لەسەر گۆڕانکاری کەشوهەوا هەیە، بۆ نمونە ئەو گازانەی کە لە پیشەسازی دەردەچن، بەرزدەبنەوە کاریگەرییان لەسەر ئەو بەرگە هەوایانە هەیە کە دەوری زەوی داوە وادەکات بدرێت بەتایبەت لە چینی ئۆزۆندا ئەمەش وادەکات تیشکی خۆر زیاتر بدات لە زەوی و زەوی گەرم بکات ئەمە بێگومان کاریگەری زۆر خراپی هەیە.