بەرپرسێکی تورکمان: تورکمان یەک ژن دەهێنن بەڵام عەرەب ژن زۆر دەهێنن و وەچە زۆر دەخەنەوە بۆیە ژمارەی تورکمان زیاد ناکات

بەرەی تورکمانی رەخنە لە ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی لە شاری کەرکوک دەگرێت و کورد تۆمەتبار دەکات بە بردنی ژمارەیەکی زۆر خێزانی کورد بۆ پارێزگاکە، لەکاتێکدا لایەنە کوردییەکان ئەو تۆمەتە ڕەتدەکەنەوەو ئاماژەبەوەدەکەن ئەو خێزانانەی بۆ سەرژمێری گەڕاونەتەوە "کوردی ڕەسەن"ی شارەکەن.

نەجات حسێن، سەرکردەی سیاسی تورکمانی لە شاری کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"لەسەردەمی حکومەتی بەعس دا ژمارەی دانیشتوانی کەرکوک 470 هەزار کەس بوو، دواتر حکومەتی بەعس 450 هەزار عەرەبی هێنایە کەرکوک و نیشتەجێی کردن، ئەمە گۆڕینی دیموگرافیای لێکەوتەوە."

هەروەها وتی،"کاتێک حکومەتی بەعس ڕووخا ژمارەی دانیشتوانی کەرکوک 875 هەزار کەس بوو، دوای ڕووخانی بەعس برا کوردەکانیش بەدەیان هەزار کەسیان هێنایە کەرکوک، بەشێک لەو کوردانە کەرکوکی بوون و بەعس دەریکردبوون، بەڵام بەشێکیان کەرکوکی نەبوون."

جەختیشیکردەوە،"دوای 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، کاتێک پۆستی پارێزگار کەوتەوە دەست عەرەب جارێکی تر بەسەدان هەزار عەرەب هێنرانە کەرکوک و دیسانەوە دیموگرافیای شار گۆڕدرا. ئێمەی تورکمان ژمارەمان نە زیادیکردووە نە کەم، بۆیە تورکمان مەغدورە و گەر پۆستی پارێزگاریشمان پێبدرێت یەدەکی مرۆییمان نییە، لەکوێ تورکمان بهێنین بۆ کەرکوک."

لە بەرامبەردا شێخ موعین موحەمەد فەدعووس لهێبی، کەسایەتی کۆمەڵایەتی عەرەبی سوننە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،” زیادبوونی ڕێژەی عەرەب نکۆڵی لێ ناکرێت ، دیاردەیەکی ئاساییە لە ناو عەرەبی عێراق، لە هەڕەتی گەنجیدا هاوسەرگیری دەکەن و زیاتر لە ژنێک دەهێنن، ئەوەش بە ئامانجی سیاسی و ئامانجی تر نییە ، بەڵکو وەکو میرات و سرووشتی کۆمەڵگا بۆیان ماوەتەوە."

ڕۆژی چوارشەممە، 20 ی مانگی 11 ی 2024، پرۆسەی سەرژمێری گشتی لە عێراق بەڕێوەچوو، ژمارەیەکی زۆر لەو خێزانە کوردانەی لە بنەڕەتدا خەڵکی کەرکوکن و ناویان لە تۆماری ساڵی 1957 دا هەیە گەڕانەوە بۆ کەرکوک، تا لەوێ سەرژمێری بکرێن.

گەڕانەوەی خێزانە کوردە "کەرکوکییەکان" کە ئێستا نیشتەجێی هەرێمی کوردستانن نیگەرانی بەرپرسانی بەرەی تورکمانی لێکەوتەوە، لەکاتێکدا بەرپرسانی کورد دەڵێن ئەو خێزانانە "خەڵکی ڕەسەن"ی کەرکوکن و بەهۆی بارودۆخی سیاسییەوە کەرکوکیان بەجێهێشتووە.

حەسەن تۆران، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی، ڕایگەیاند،"بەمەبەستی گۆڕینی دیموگرافیای شارەکە، بەر لە سەرژمێری گشتی 260 هەزار کەس لە دەرەوەوە هێنراونەتە کەرکوک و لەسەر نفوسی کەرکوک تۆمارکراون."

ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی لە شاری کەرکوک لە کاتێکدایە، بەپێی بڕیاری حکومەتی عێراق، تەنها ئەو خێزانانە مافی خۆ تۆمارکردنیان لە کەرکوک هەبووە کە ناویان لە تۆماری ساڵی 1957 دا هەیە.

شێرزاد سەمەد، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"لەهەموو بۆنەیەکدا بەرپرسانی بەرەی تورکمانی کێشە دروست دەکەن و دەیانەوێت قەبارەی ڕاستەقینەی خۆیان بشارنەوە، ئەگینا ڕێژەی تورکمان لە ساڵی 1957ەوە تا ئێستا لە نێوان 15 بۆ 18%بووە، خۆ ڕێژە بەزۆر زیاد ناکرێت."

ئەو وتیشی،"ئەو خەڵکانەی بۆ سەرژمێری بۆ کەرکوک گەڕاونەتەوە کوردی ڕەسەنی کەرکوکن و ناویان لە تۆماری 57 دا هەیە، بەڵام بەهۆی بارودۆخی سیاسییەوە نیشتەجێی ناوچەی ترن، بۆیە دەستبەرداری خاک و ناسنامەی خۆیان نابن، تەنانەت وەسیەتیشیان کردووە بە مردوویی لە کەرکوک بنێژرێن."

تۆمەتبارکردنی کورد بە بردنی خەڵکی ناوچەی تر بۆ شاری کەرکوک بە مەبەستی سەرژمێری لەکاتێکدایە، بە پێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، کورد 7 کورسی و بەرەی تورکمانی 2 کورسی لەکۆی 16 کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکە بەدەستهێناوە.

سەبارەت بە هەڕەشەی بەرپرسانی بەرەی تورکمانی بۆ سکاڵا تۆمارکردن لەسەر پارێزگاری کەرکوک بە بیانووی ئەوەی ڕێگەی بەکوردانی ناوچەکانی تر داوە بۆ سەرژمێری بچنە کەرکوک، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی وتی،"ئەوان هەموو کات سکاڵایان بەدەستەوەیە، بە ئەمجارەش سکاڵا بکەن و بزانین ڕاستییەکان چۆنن، لەهەموو سکاڵاکانی ڕابردوویاندا هیچ سکاڵایەکیان نەبردووەتەوە چونکە تۆمەتەکانیان بێ بنەما بوون."

تۆمەتبارکردنی کورد بە بردنی کوردانی ناوچەی تر بۆ کەرکوک بە مەبەستی بەشداریکردن لە سەر ژمێری تەنها بەرپرسانی بەرەی تورکمانی بەدەنگ نەهێناوە، بەڵکو هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیاش ڕایگەیاند،"لەسەر هێڵ دەبین بۆ هەر ئەنجامێکی سەرژمێری کەرکوک کە پشت بە ئاماری ڕاستەقینە نەبەستێت."

سەبارەت بە هۆکاری هاتنە دەنگی وەزیری دەرەوەی تورکیا، نەجات حسێن دەڵێت،"تورکیا خۆی بە خاوەنی کەرکوک و موسڵ دەزانێت چونکە نەوتیان تێدایە."

هەرچەندە بەرپرسانی تورکمانی ڕەخنە لە بردنی ژمارەیەکی زۆر خێزانی کورد بۆ کەرکوک دەگرن بە مەبەستی سەرژمێری، هاوکات نایشارنەوە ڕێژەی تورکمان لە کەرکوک لە کەمبوونەوەدایە بەهۆی نەخستنەوەی وەچەی زۆر لەلایەن خێزانە تورکمانییەکانەوە.

نەجات حسێن، سەرکردەی تورکمانی وتی،"عەرەب دوو سێ ژن دەهێنن، هەر ژنەو چوار پێنج منداڵیان هەیە، کاک راکان پارێزگاری پێشووی کەرکوک دوو ژن و 13 منداڵی هەبوو، بەڵام تورکمان یەک ژن دەهێنن و پێیانوایە یەک دوو منداڵ بەسە، هۆکاری کەمی ژمارەی تورکمان ئەمەیە."

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک، ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێری لەشاری کەرکوک بە سەرکەوتوویی ڕاگەیاند، جەختیکردەوە ڕێژەی بەشداریکردنی هاوڵاتیان لە پرۆسەکەدا 100% بووە.