خامنەئی داوای سزای لەسێدارەدان بۆ سەرکردەکانی ئیسرائیل دەکات

ڕێبەری باڵای ئێران کە پشتیوانی لە چەکدارانی حەماس و حزبوڵڵا دەکات لە غەززە و لوبنان، ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، پێویستە سەرکردەکانی ئیسرائیل سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا بسەپێندرێت نەوەک فەرمانی دەستگیرکردن.

لێدوانەکەی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەئی دوای بڕیارێکی دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکان بوو کە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، سەرۆکی پێشووی بەرگری وڵاتەکە و ڕێبەری بزووتنەوەی حەماس دەرکرد.

ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل ئەم بڕیارەی بە پشتیوانی لە "تیرۆر و خراپە" ناوبرد و ڕایگەیاند سیستمی دادپەروەری نێودەوڵەتی بووە بە "قەڵغانێکی مرۆیی" بۆ حەماس.

دادگاکە سوپای ئیسرائیلی بە تۆمەتی "تاوانی جەنگ" و "تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی" لە شەڕی غەززە تاوانبار کردووە و هەروەها حەماسی بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی لە دژی هاووڵاتیانی ئیسرائیل تاوانبار کردووە و سزای دەستگیرکردنیشی بۆ سەرکردە بەرچاوەکانی هەردوو لایەن دەرکردووە.

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، گیدۆن ساعر، ئەم بڕیارانەی بە "ساتێکی تاریک" بۆ دادگاکە ناوبردووە و دەڵێت دادگاکە شەرعیەتی لەدەستداوە. هەروەها یائیر لاپید، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل، دەرکردنی ئەم سزایانەی بە "پاداشتێک بۆ تیرۆر" ناوبردووە.

دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند قبوڵکردنی دەسەڵاتی دادوەری دادگاکە لەلایەن ئیسرائیلەوە پێویست نییە بۆ دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن دژی بەرپرسانی باڵای وڵاتەکە.

هێرشەکانی ئیسرائیل دەستیان پێکرد پاش ئەوەی حەماس لە 7 ی مانگی دەی ساڵی ڕابردوو هێرشێکی لەناکاوی کردە سەر ئیسرائیل و بەهۆیەوە زیاتر لە 1200 کەسی ئیسرائیلی و بیانی کوژران و زیاتر لە 240 کەسیش کە ژمارەیەکیان منداڵن لەلایەن حەماسەوە بە بارمەتە بران.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز