جەژنی سوپاسگوزاری لە ئەمەریکا

ڕۆژی پێنجشەممە جەژنی سوپاسگوزارییە لە ئەمەریکا و لەم ڕۆژەدا خەڵکی ئەمەریکا بە هەموو پێکهاتە و ئاینە جیاوازەکانەوە کاتێک تەرخان دەکەن بۆ بەسەربردنی کاتێک لەگەڵ خێزانەکانیان و سوپاسگوزارن بۆ هەموو ئەو شتانەی کە پێیان بەخشراوە.

مێژووی ئەم جەژنە دەگەرێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی حەڤدەهەم کاتێک خاوەن بڕوایانی ئایینی کە لە ئەوروپا هاتبوون و ئەمەریکاییە ڕەسەنەکان کۆبوونەوە بۆ بەشکردنی بەروبوومە خۆراکییەکانی پایزیان.

لە جەژنی سوپاسگوزاری ئەمەریکادا کۆمەڵێک نەریت هەیە کە دەیان ساڵە بەردەوامن و خەڵکی ئەمەریکا لەم ڕۆژدا بێجگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ خێزانەکانیان گرنگییەکی زۆریش بەو نەریتانە دەدەن.

تابلۆیەکی یەکەم جەژنی سوپاسگوزاری لە ئەمەریکا

لەم سەردەمدا ئەم بۆنەیە پشوویەکی فەرمی چەند ڕۆژی دەگرێتەوە بۆ خێزانەکان کە بەشێوەیەکی گشتی گەشت دەکەن بۆ بینی خێزانەکانیان لە سەرانسەری وڵاتەکە تا پێکەوە لە خوانی ئێوارەی جەژنی سوپاسگوزاری، کە دەکەوێتە چوارهەم پێنجشەممەی مانگی یازدەوە، کۆببنەوە.

لەم ڕۆژەدا بەشێوەیەکی نەریتی خێزانەکان بە قەل و چەند خواردنێکی تری نەریتی سفرەکانیان دەڕازێننەوە.

یەکێک لە نەریتەکانی جەژنی سوپاسگوزاری ئەوەیە خەڵکی خۆراک و هاوکاری دەبەخشن بەو کەسانەی بێ ماڵن یا ژەمێکی شایستەی ئەو جەژنەیان نییە، بۆیە زیاتر ئەو خواردنانەی کە لە لایەن کەس و ڕێکخراوە خێرخوازییەکان دەبەخشرێن بریتین لە قەل و ئەو پێداویستیانەی تر کە لەسەر خوانی ئێوارەی جەژنی سوپاسگوازی دادەنرێن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 98 هەمین فیستیڤاڵی ساڵانەی مەیسی لە شاری نیویۆرک کاتژمێر 9ی سەرلەبەیانی دەستیپێکردووە کە بە ڕێپێوانی ڕۆژی جەژنی سوپاسگوازاری مەیسی ناسراوە. ملیۆنان کەس لە نیویۆرک کۆبوونەتەوە بۆ بینی ئەو نمایشانەی لە لایەن باندە میوزیکەکان و گروپە جیاجیاکانەوە دەکرێن.

ڕێپێوانی مەیسی لە شاری نیویۆرک، 23ی مانگی یازدەی 2023

لە شارەکانی تری ئەمەریکاش ڕێپێوانی جۆراو جۆر لەمڕۆدا ئەنجام دەدرێت، بەڵام ڕیپێوانەکەی نیویۆرک لە ڕێگای تەلەفزیۆن لە سەرانسەری ئەمەریکا پەخش دەکرێت و بە ملیۆنان بینەری هەیە.