ڕۆژی سوپاسگوزاریە لە ئەمەریکا؛ مێژووی ئەم ڕۆژە بۆ چی دەگەڕێتەوە؟

ئەمەریکاییەکان هەموو ساڵێک دوایین پێنجشەممەی مانگی یازدە جەژنی سوپاسگوزاری دەگێڕن. ئەم ڕۆژە کە له‌ ته‌واوی ئه‌مه‌ریکا پشوویەکی فه‌رمییه‌، یادی ئاهەنگێکی وەرزی دروێنەکردنە لە ساڵی 1621، کاتێک کۆلۆنیالیستە ئینگلیزەکان و خەڵکە ڕەسەنەکانی ئەمەریکا پێکەوە نانی ئێوارەیان خواردووە.

لە ساڵی 1621 ئینگلیزەکان دوای گەشتێکی دوور و درێژ و قورس لە بەریتانیاوە بە کەشتیی مەیفڵاوەر گەیشتوونەتە ئەمەریکای باکوور و لە ناوچەیەک نیشتەجێ بوون کە ئێستا پێی دەوترێت ویلایەتی ماساچوستس. زستانی یەکەم زۆر سەخت قورس بووە بۆیان و زۆرێکیان بەهۆی برسێتی و نەخۆشی و سەرماوە گیانیان لەدەستداوە.

خەڵکە ڕەسەنەکانی ئەمەریکا، بە تایبەت ڕێبەرێکی هۆزی وامپانواگ بە ناوی سکوانتۆ، یارمەتی ئینگلیزە کۆچبەرەکانی داوە. سکوانتۆ فێری چۆنیەتی چاندنی بەروبووم و ماسیگرتن و سود وەرگرتن لە سامانە سروشتییەکانی ناوچەکەیان کردووە. ئەم یارمەتییە وادەکات کۆچبەران بتوانن لە وەرزی پایزدا دروێنەیەکی باشیان هەبێت.

وەک ڕێزلێنانێک بۆ ئەم سەرکەوتنە و هاوکاری خەڵکی ڕەسەنەکە، کۆچبەرەکان و ئەندامانی هۆزی وامپانواگ ئاهەنگێکی سێ ڕۆژەیان بەڕێوەبردووە کە بە یەکەمین جەژنی سوپاسگوزاری دادەنرێت. ئەم ڕێوڕەسمە خواردن و ڕاوکردن و یاری جۆراوجۆری لەخۆگرتبوو.

لە کۆتاییدا جەژنی سوپاسگوزاری دەبێتە نەریتێکی ساڵانە و لە ڕۆژانی جیاوازدا لە ویلایەتە جیاوازەکاندا ئاهەنگی سوپاسگوزاری دەگێڕدرا. بەڵام لە ساڵی 1863 لە ناوەڕاستی شەڕی ناوخۆی ئەمەریکادا، ئەبراهام لینکۆڵن، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمەریکا، لە چوارەمین پێنجشەممەی مانگی نۆڤەمبەردا ئەم ڕۆژەی وەک پشووی نیشتمانی ناساند بۆ ئەوەی دەرفەتێک بۆ یەکگرتوویی و سوپاسگوزاری لە وڵاتەکەدا بڕەخسێنێت.

بە تێپەڕبوونی کات، جەژنەکە پەرەی سەند بۆ ئەوەی ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت کە بریتییە لە کۆبوونەوەی خێزانی و خواردنی خواردنە نەریتییەکانی وەک قەل و پەتاتەی کوڵاو و پاستا. جگە لەوەش بۆنە و ئاهەنگەکانی وەک نمایشی ڕۆژی سوپاسگوزاری و یارییەکانی تۆپی پێی ئەمەریکا بۆ ئەم نەریتە زیاد کراون. ئەمڕۆ جەژنی سوپاسگوزاری بە یەکێک لە گرنگترین جەژنەکانی ئەمەریکا دادەنرێت و دەرفەتێکە بۆ قەدرزانینی نیعمەتەکان و پتەوکردنی پەیوەندی خێزانی و ڕەنگدانەوەی بەها مێژووییەکان.