سەرچاوەیەکی ئاگادار: تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی نوێ بە ناوی "ئۆپەراسیۆنی ساندویچ" لە دژی پەکەکە ڕادەگەیەنێت

وتەبێژی کۆماجڤاکێن کوردستان (کەجەکە) ڕایدەگەیەنێت، تورکیا لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی گەریلا شکستی هێناوە، بەڵام بە پێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا تورکیا ئامادەکاری دەکات بۆ ڕاگەیاندنی ئۆپەراسیۆنێکی نوێ لە بەهاردا بەناوی " ئۆپەراسیۆنی ساندویچ."

زاگرۆس هیوا وتەبێژی کەجەکە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" گەورەترین نیشانەی شکستی سوپای داگیرکەری تورکیا لە بەرامبەر خۆڕاگری گەریلا ئەوەیە کە پەنا بۆ چەکی کیمیایی و چەکی بۆشایی و جورەها چەکی قەدەغەکراو دەبات. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەم سوپایە هەموو چەکی پێشکەوتووی ناتۆی لەبەر دەستدایە."

وتیشی،" یەکێکی دی لە نیشانەکانی شکستی سوپای داگیرکەری تورکیا ئەوەیە کە ئەم سوپای دووەمی ناتۆیە، ناچار ماوە پاشماوەی چەتەکانی داعش و چەتەکانی رۆژ وەک هێزی شەڕکەری سەر ئەرز لە بەرامبەر گەریلا بەکار بهێنێت. ئەمە سەلمێنەری ئەوەی کە تورکیا چیتر توانای شەڕی بەرامبەر گەریلا نەماوە."

قسەکانی زاگرۆس هیوا لە کاتێکدایە بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی پزیشکانی نێودەوڵەتی بۆ ڕێگریکردن لە شەڕی ئەتۆم کە بارەگاکەی لەسویسرایە، باس لە دۆزینەوەی ئاسەوارەکانی چەکی قەدەغە دەکات لە ناوچەکانی شەڕدا.

لەڕاپۆرتی ڕێکخراوەکەدا هاتووە،" لە پاش لێدوانێکی خلوسی ئاکار وەزیری ئەو کاتەی بەرگری لە مانگی 2ی ساڵی 2021 لە پەرلەمانی تورکیا کە گوتی " تورکیا گازی فرمێسک ڕژێنی دژ بە پەکەکە بەکارهێناوە،" ڕێکخراوی پزیشکانی نێودەوڵەتی بۆ ڕێگریکردن لە شەڕی ئەتۆمی بنکە لە سویسرا، لێکۆڵینەوەیەکی دەستپێکرد، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە ڕایگەیاند " هیچ ئاماژەیەک بۆ بەکارهێنانی چەکی سەربازی کە ماددە کیمیاییە کلاسیکییەکانی کیمیایی وەک سارین یان خەردەلیان تێدایە، نەدۆزراوەتەوە. وادیارە وتەبێژێکی پەکەکە ناوی سێ ماددەی هێناوەتەوە کە گوایە لەلایەن سوپای تورکیاوە بەکارهێنراون، ئەوانیش تابون، کلۆرۆپیکرین و خەردەل بوون. ئەمەش لەسەر بنەمای هیچ شیکارییەکی تاقیگەیی نەبووە، بەڵکو لە نیشانەکانی ئەو کەسانە بووە کە بەرکەوتوون."

ڕێکخراوەکە دەشڵێت،" کاتێک لە مانگی نۆی ئەو ساڵەدا هەوڵیان داوە سەردانی گوندی ‌هرورە بکەن لە قەزای ئامێدی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی بینینی خێزانی یەكێک لەوانەی گوایە قوربانی چەکی کیمایی بووە و وتووێژکردن لەگەڵ پزیشکەکەی " لە کۆبونەوەیەکی نافەرمیدا قایمقامی ئامێدی ڕێگەی نەدا بچینە ناوچەکەو ڕوونی کردەوە کە نابێت ئەم بابەتە زیاتر بوروژێنین."

ڕێکخراوەکە لەو ڕاپۆرتەی ساڵی 2022دا بەهۆی ئەم تێبینیانە دوای کردووە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی " لێکۆڵێنەوەیەکی سەربەخۆی خێرا بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکان دەستپێبکات."

تورکیا کە بە هەموو جۆرێک نکوڵی لەوە کردووە چەکی قەدەغەکراوی لە ناوچەکە بەکارهێنابێت، پەکەکە بە مەترسی بۆ سەر خاکی خۆی دەزانێت بەردەوام لە ژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی جیاوازدا هێرش دەکاتە سەر پەکەکە لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و کە دوا ئۆپەراسیۆنیشی بە ناوی چنگی قفڵەوە بووە و لە ساڵی 2022ەوە دەستی پێکردووە. سەرەڕای ئەوەی وتەبێژی کەجەکە دەڵێت، لە بەرەکانی جەنگدا "تورکیا ڕوو لە شکستە"، بەڵام زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا ئاماژە بەوە دەکەن، ئەو وڵاتە پلانی هەیە لە ساڵی نوێدا ئۆپەرسیۆنی نوێ بە ناوی جیاواز لە خاکی هەرێمدا ئەنجام بدات.

بە پێی زانیاریەکانی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شەڕی نێوان تورکیا و پەکەک بۆ دەنگی ئەمەریکا،" دۆخی تورکیا لەم قۆناغەدا لە بەرەکانی شەڕدا خراپە و پاشەکشەی کردووە، لە بەرامبەردا پەکەکە لە ڕێگەی درۆنی خۆ کوژیەوە توانیوێتی لەناوچەکانی جەنگ زەبری گەورە لە تورکیا بدات و ئەو بارەگایانەی کە دروستی کردوون ڕۆژایە دەیانتەقێنێتەوە، چەند گوندێکیشی خستۆتەوە ژێر دەستی خۆی کە پێشتر لە ژێر دەسەڵاتی تورکیادا بوون."

هەروەها سەرچاوە ئاگادارەکە بە دەنگی ئەمەریکاشی وت،" ئامانجی تورکیا لە بەهاردا پلانی هەیە ئۆپەراسیۆنی نوێ لەسەر خاکی هەرێم ئەنجامبدات بەناوی "ئۆپەراسیۆنی ساندویچ" کە ئامانجێتی بە تەواوی چیای گارە بگرێت، بۆ ئەمەش بە پێی نەخشەو پلانی شەڕەکە بەشێکی زۆر لە گوندەکانی ناوچەی بلەو بارزان مەترسی شەڕیان دەکەوێتە سەر."

بیانووی تورکیا بۆ هێرشەکانی بوونی گەریلاکانی پەکەکە و پاراستنی سنوری وڵاتەکەیەتی، ڕۆژی 29ی مانگی 10ی 2023 ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە میانی وتارێکیدا لە دامەزراوەکانی پیشەسازی فڕۆکەوانی تورکیا لە ئەنکەرە، ڕایگەیاند، تورکیا بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ نەهێشتنی "هەموو هەڕەشەکان لەسەر وڵات، چ لە ناوخۆ یاخود دەرەوە". هەروەها بەردەوام دەبین لە ئۆپەراسیۆنەکان دژی پەکەکە لە عێراق و سوریا."

هاوکات ڕۆژی 24ی هەمان مانگ وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕایگەیاند،" هێزی ئاسمانی تورکیا شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە زیاتر لە 30 هێرشیی کردووەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و بەو هۆیەشەوە 303 بنکە و بارەگای پەکەکەی خاپور کردووە."