گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا لە سوریا دەچنە ناو ژمارەیەک گەڕەکی شاری حەلەبەوە

گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا لە سوریا ڕۆژی هەینی پێنج ناوچەی شاری حەلەبیان کۆنترۆڵ کردووە.

ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت "جیهادییەکان و هاوپەیمانەکانیان کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانیان لێدەکرێت، پێنج ناوچەی شاری حەلەب، دووهەم گەورەترین شاری سوریایان کۆنترۆڵکرد، بەبێ ئەوەی لەلایەن سوریاوە " هیچ بەرگرییەکی بەرچاو بکرێت."

ڕامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، هەیئەت تەحریر ئەلشام (HTS) و هاوپەیمانەکانی "پێنج گەڕەکی شاری حەلەبیان کۆنتڕۆڵ کردووە"، ئاماژەی بەوەشکرد، "بەبێ هیچ بەرگرییەکی بەرچاو لەلایەن هێزەکانی ڕژێمەوە پێشڕەوییەکانیان کردووە".

ڕوانگەکە لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە لە ئەنجامی ئەم هێرشانەی کە لە بەیانی ڕۆژی چوارشەممەوە دەستپی پێکردووە 255 کەس کوژراون.

هەروەها دەشڵێت بەهۆی تۆپبارانی هەیئەت تەحریر ئەلشام لە بەشێکی ناوخۆیی زانکۆدا لە گەڕەکی حەمدانییەی شاری حەلەب چوار خوێندکار کوژراون و دوانیش بریندار بوون.