دوای کەوتنی حەلەب سوپای سوریا خۆی بۆ هێرشی بەرپەرچدانەوە ئامادە دەکات

سوپای سوریا ڕایگەیاند ئۆپەراسیۆنی دووبارە جێگیرکردنی هێزەکانی لە حەلەب بۆ ئامادەکردنی هێرشێکی بەرپەرچدانەوە لە دژی هێرشی چەکدارە جیهادییەکان و هاوپەیمانەکانی دەستپێکردووە.

بەگوێرەی ئاژانسە هەواڵییەکان کە پشتیان بە بەیاننامەکەی سوپای سوریا بەستووە، جەخت لەوە کراوەتەوە کە "ژمارەی زۆری تیرۆریستان و فرەیی بەرەکانی شەڕ بووەتە هۆی ئەوەی سوپای بەشار ئەسەد ئۆپەراسیۆنەکان دابمەزرێنێتەوە بە ئامانجی بەهێزکردنی هێڵەکانی بەرگری بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان و ڕزگارکردنی ژیانی هاووڵاتیانی مەدەنی و ئامادەکاری بۆ هێرشی بەرپەرچدانەوە."

سوپای سوریا دووپاتی کردەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەیان سەربازیان لە شەڕی قورس لەگەڵ ئەو چەکدارانە لە حەلەب و ئیدلب کوژراون یان برینداربوون.

بەیاننامەکەی سوپای سوریا یەکەم دانپێدانانی ئاشکرای سوپای ڕژێمی ئەسەدە سەبارەت بەوەی کە یاخیبووان بە سەرۆکایەتی گروپی تەحریری شام لە هێرشێکی لەناکاودا کە سەرەتای ئەم هەفتەیە دەستیپێکرد، چوونەتە ناو شاری حەلەب کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی حکومەتدا بووە.

دوایین هێرشی چەکدران بۆ سەر سوریا، بەرچاوترین کێشەی بەشار ئەسەد لە ساڵانی ڕابردوودا بووە کە هێڵەکانی پێشەوەی شەڕی ناوخۆی کە لە ساڵی 2020ەوە تاڕادەیەکی زۆر وەستابوو، هەژاندەوە.

کۆمەڵێک لە نەیارانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا کە ڕۆژی چوارشەممە دەستیان کرد بە پێشڕەوی بەرەو حەلەب و ڕۆژی هەینیش بانگەشەی داگیرکردنی ئەو شارەیان کرد. لە هەمان کاتدا سوپای ڕووسیا ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لە سوریا دەکاتە ئامانج.

بەگوێرەی ئاژانسە هەواڵییەکانی دەوڵەتی ڕووسیا، هێزی ئاسمانی ئەو وڵاتە ڕۆژی هەینی "هێزەکانی دژە حکومەتی سوریا"ی بۆردومان کردووە و هەوڵیانداوە لە شاری ستراتیجی حەلەب دەریان بکەن.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری سوریا وتی "هێزی ئاسمانی ڕووسیا خەریکی ئەنجامدانی هێرشی مووشەکین بۆ سەر کەرەستە و هێزەکان و خاڵەکانی کۆنترۆڵکردن و کۆگاکان و پێگەی تۆپخانەکانی نەیارانی حکومەتی بەشار ئەسەد."

بە وتەی ناوبراو، دوابەدوای ئەم هێرشانە لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، لانیکەم 200 میلیشیای دژە حکومەت کوژراون.

هێزەکانی حکومەتی سوریا پشتیوانی کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕووسیایان هەیە. هەروەها حکومەتی تورکیا پشتیوانی لە گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد دەکات. بەڵام تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکات کە پشتیوانی ئەو ململانێیانە ناکات و هەوڵی سەقامگیرکردنی ئارامی ناوچەکە دەدات.

یاخیبووانی حکوومەتی سووریا بە سەرۆکایەتی گرووپی میلیشیاکانی تەحریری شام، ڕۆژی چوارشەممە هێرشەکانیان بۆ سەر دەیان شارۆچکە و گوندی پارێزگای حەلەب دەستپێکرد کە لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی بەشار ئەسەد.