ئایدن مەعروف: پێویستە کۆتا بۆ تورکمان نەکرێت بە پێوەر و وەک نەتەوە لەکابینەی دەیەمی حکومەت بەشداری پێبکرێت

ئایدن مەعروف وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لەبارەی بەشداری تورکمان لە کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم ڕایدەگەنێت، پێویستە ڕەچاوی کورسی کۆتا نەکرێت بۆ تورکمان بەڵکو وەک نەتەوە لێی بڕوانرێت و دەشڵێت، نەتەوەی تورکمان زۆر لە کۆتا گەورەترە و گرنگە بەشداری کارای پێبکرێت لەنێو حکومەتدا.

ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئێمە وەکو نەتەوەی تورکمان، تورکمانەکان لە بابەتی کۆتا زۆر زۆر گرنگتر و گەورەترە و نابێت ئەو دوو کۆتایەی کە تورکمان هەیەتی، بکرێت بە پێوەر بۆ بەشداریکردن لە حکومەت، پێویستە بوونی نەتەوەی تورکمان وەکو مافی نەتەوەی و قەومی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و هیچ پەیوەندیەکی بە کۆتاوە نەبێت."

وتیشی،" ئێمە وەک تورکمان بەشداردەبین لە کابینەی دەیەم نەک وەک کۆتا، چونکە بوونی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان کاریگەری زۆر بەهێزی هەبووە لەسەر پێکەوە ژیان و لە ئێستادا کوردستان و عێراق یەکێک لە شتە باشەکانی ئەوەیە کە وەک خۆیی ئەو پێکەوە ژیانی نەتەوەیە ماوەتەوە و بەو هیوایەین پارێزگاری لێ بکرێت.

رۆژی21 ی مانگی دووی 2024 دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەسەر دوو سکاڵای یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەبارەت بە نادەستوریبوونی کورسی کۆتاکان، بڕیاریدا کە کورسی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان نەمێنێت و ژمارەی کورسیەکانی بۆ 100 کورسی کەمکردەوە، بەڵام دواتر لە کۆی 100 کورسی پەرلەمانی 5 کورسی بۆ کۆتاکان دیاریکرا و 2 بۆ بازنەی هەولێر و 2 بۆ سلێمانی و 1 کورسی بۆ دهۆک. دوای ئەوەی سەرۆکی هەرێم فەرمانی هەرێمی دەرکرد بۆ بەڕێوەچوونی یەکەمین دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان، لایەنە بەشداربووەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم دەستیان بە کۆبوونەوە و گفتوگۆ و دانوستانکردووە بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و دواتر هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم و ڕاسپاردنی کەسێک بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم.

مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان لە ڕۆژانی ڕابردوو ئەوەی بە دەنگی ئەمەریکا ڕاگەیاند کە پێکهاتەی تورکمان و پارتی چاکسازی تورکمان کە بەشداری هەڵبژاردنیان کردووە و خاوەنی یەک کورسین لە بازنەی هەولێر، بە پێویستی دەزانن بەشداری کارایان هەبێت لەناو دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و ڕەچاوی بەشداریکردنی پیێکهاتەکان بکرێت بۆ نزیکبوون لە بڕیارەکانی سیاسی و یاسایی.

جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان وتیشی،" ئەمجارە دەمانەویت بەشداریەکی کارامان هەبێت، وەزارەتێک لە وەزارەتەکانی سیادی یان خزمەتگوزاریمان هەبێت تا بتوانین خزمەت بە خەڵکی کوردستان و پێکهاتەکانی پێبکەین، واتا مەرجی ئێمە ئەوەیە دەمانەوێ حکومەتێکی بنکە فراوان پێکبێت و نوێنەرایەتی سەرجەم خەڵکی کوردستان بکات."

لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا موشتومڕی زۆر لەسەر کورسی کۆتای پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان هەبوو و هەریەک لە یەکێتی و چەند لایەنێکی دیکە داوای نەهێشتنی کورسیەکانیان دەکرد، یاخود کورسیەکان دابەشبکرێت بەسەر بازنەکاندا، ئەوەبوو دادگای باڵای فیدراڵی دوا بڕیاری لەبارەی کورسی کۆتاوەدا.

ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە هەمانکاتدا ئەندامی مەکتەب سیاسی بەرەی تورکمانیە ڕاشیگەیاند،" نەتەوەی تورکمان خاوەن پێگە و مێژووی خۆیەتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، نابێت بەشێک لەلایەنە سیاسیەکان لە پێگەکەی بدەن هەوڵ بۆ کەمکردنەوەی قەبارەی سیاسیان بدرێت."

وتیشی،" پێویستە وەک چۆن لە ڕابردوودا بەشداریەکی کارایان بووە لە حکومەت، لەم کابینەیەش بەهەمان شێوە بەشداریان پێبکرێت وەک نەتەوە، نەک وەکو کۆتا."