ڕۆڵی تورکیا لە قەیرانی نوێی سوریادا هەنگاوێکی بە پلانە یان مەترسیدارە؟

لەم قەیرانە نوێیەی وڵاتی سوریا کە دوای هێرشی چەکدارەکانی سەر بە تورکیا سەریهەڵداوە، زۆرێک لە چاودێران لەوان بەشێک لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش پەنجەی تاوانبارکردن بەرەو تورکیا دەگرن.

تەنانەت هەندێک بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەنکەرە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیسرائیل لە ڕێگەی گڕوتین بەخشین بە ئاگری ململانێکان، هەوڵی لاوازکردنی تۆڕی بەناو "میحوەری مقاوەمە" دەدات لە نێویاندا کۆماری ئیسلامی ئێران و حیزبوڵای لوبنان و حکومەتی سوریا. عەلی ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاندووە "ئێمە پێمان وا نەبوو تورکیا بەو مێژووە دوور و درێژەی لە ئیسلامدا، بکەوێتە ئەم چاڵەی کە ئەمەریکا و زایۆنیستەکان دروستیان کردووە."

هاوکات لە 12ی ئەم مانگەدا کاتێک عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ هاوتا تورکەکەی لە تورکیا کۆبوونەوە بۆ وتووێژ، گرووپێک لە تاران لەبەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا کۆبوونەوە و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیایان بە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل شوبهاند.

هەرچەندە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاڵای تورکیا لەنێو بەشێک لە نەیارانی ئەسەددا بینراوە، بەڵام ئەنکەرە هێشتا ڕەتیدەکاتەوە هیچ تێوەگلانێکی لەو ململانێیانەدا هەبێت.

لە ساڵی 2018 ئەمەریکا بە فەرمی تەحریری شامی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناساند. هەروەها یەکێتی ئەورووپا، بەریتانیا، تورکیا و ژمارەیەک وڵاتی دیکەش ئەم گرووپەیان خستۆتە نێو لیستی تیرۆریستی خۆیانەوە.

تورکیا و تۆمەتبارکردنی بە تێوەگلان لە قەیرانی سوریا

لە قۆناغی یەکەمی شەڕی ناوخۆی سوریا، پارێزگای ئیدلب کە هاوسنوورە لەگەڵ تورکیا، یەکێک بوو لە خاڵە سەرەکییەکانی ململانێکانی لەناو سوریا. ئیدلب ئێستا بووەتە جێی سەرنجی خولێکی نوێی ململانێکان لەووڵاتەدا. ئەم ناوچەیە کە ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە سێ ملیۆن کەسە، قەڵای سەرەکی گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکان بووە، لەوانەش بنکەی سەرەکی هەیئەی تەحریری شام کە لە بەرەی نوسرە کە سەر بە قاعیدەیە، لقیان کردۆتەوە.

هەرچەندە تورکیا لە هاوینی ساڵی 2018 تەحریری شامی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی پۆلێن کرد، بەڵام پەیوەندی ئەنکەرە لەگەڵ ئەم گرووپە هەرگیز نەپچڕاوە. ڕەخنەگرانی حکومەتەکەی ئەردۆغان دەڵێن، تورکیا تەنانەت لە ساڵی 2018، مێوانداری محەمەد جۆلانی فەرماندەی ئەم گرووپە و هاوەڵەکانیشی بووە بۆ وەرگرتنی چارەسەری.

تورکیا بۆ ماوەی چەند ساڵێک لەگەڵ حکومەتەکانی ئێران، سوریا و ڕووسیا کاری کرد بۆ ئەوەی پارێزگای ئیدلب وەک شوێنێکی پارێزراو و دوور لە گرژی بهێڵێتەوە و تەنانەت تورکیا ویستویەتی ئەم بابەتە بەسەر ئەکتەرە ناوچەییەکاندا لە ڕێککەوتنەکانی ساڵی 2017ی ئاستانە و ڕێککەوتنی سوچی لە 2018دا بسەپێنێت، هەر بۆیەش ئێستا دەستپێکردنی ململانێکان لەم پارێزگایەوە پەنجەی تۆمەتی بەرەو تورکیا ڕاکێشاوە.

جگە لەم ڕێککەوتنانە لەسەر بەشێک لە پارێزگای ئیدلب، خاڵێکی دیکەی جێی سەرنج لە سەرەتای خولی نوێی ململانێکاندا ئەوەیە کە "موجاهیدین" یان نەیارانی ئەسەد، هێرشەکانیان بۆ سەر سوریا لەو شوێنەوە دەستپێکردووە کە پێشتر سوپای تورکیا لەو شوێنەوە لە ساڵی 2016ەوە ئۆپەراسیۆنەکانی 'قەڵغانی فورات'، "لقی زەیتون" و "کانی ئاشتی" وەک خۆی بانگەشەی دەکات بۆ "ڕێگریکردن لە هەڕەشەکانی سوریا" ئەنجامداوە. لەم ئۆپەراسیۆنانەدا، هێزە چەکدارەکانی تورکیا لە شارەکانی باکوری سوریا وەک ئیدلب، جەرابلوس، ئەلباب، ئەعەزاز و تەل ئەبیز[گرێ سپی] جێگیرکران، یان کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانەیان ڕادەستی ئەو هێزانە کرد کە سەر بەخۆیان بوون.

جگە لە پشتیوانی تورکیا بۆ هەندێک گروپی دژبەری ئەسەد و دەستپێکردنی جموجۆڵەکان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەم وڵاتە، تۆمەتی دەستوەردانی تورکیا لە دۆخی ناوخۆی سوریا بە هۆکاری دیکەش خراوەتەڕوو. وەک دابینکردنی کەرەستەی سەربازی نوێ بۆ گروپە چەکدارەکان. بە تایبەتی زیادکردنی یەکەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی "شاهین" بۆ ئەم گروپانە کە زۆرێک لە چاودێران بە دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی پشتیوانی تورکیای دەزانن.

هەروەها زیادبوونی ژمارەی چەکداران و بەتایبەتی بوونی "موجاهیدنی تورک زمان" ئاماژەیەکی دیکەن بۆ تێوەگلانی تورکیا. ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە کۆی ژمارەی ئەو چەکدارانە دەگاتە 100 هەزار کەس کە نزیکەی سێ هێندە زیاترە لە پێشتر.

ئەردۆغان و ئەسەد: لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازییەوە تا دەگاتە هیواکان بۆ ڕێککەوتنێکی سیاسی

لە قۆناغی یەکەمی شەڕی ناوخۆی سوریادا ئامانجی سەرەکی تورکیا ڕووخانی حکومەتی بەشار ئەسەد بوو. دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتەش چەندین جار جەختیان لەسەر پێویستی دەستلەکارکێشانەوەی ئەسەد کردوەتەوە. بەڵام لە بارودۆخی ئێستادا پێدەچێت ئامانجەکانی تورکیا لە ململانێکانی ئەم دواییە ئاڵۆزتر و هەمەچەشنتر بن.

ئەم ئامانجانە بریتین لە دروستکردنی هاوسەنگی لە دژی ڕژێمی ئەسەد، گەیشتن بە ڕێککەوتنی نوێ لەگەڵ ئەکتەرە کاریگەرەکان، سنووردارکردنی کاریگەریی کوردەکان و ڕێگریکردن لە شەپۆلی نوێی پەنابەران بەرەو سنوورەکانی تورکیا. بەڵام هێشتا ڕۆیشتنی ئەسەد لە لیستی خواستەکانی ئەنکەرەدایە. ئەردۆغان لە وتارەکەیدا لە 2ی مانگی دوازدە جەختی لە گرنگی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریا کردەوە و داوای کرد کۆتایی بە ململانێکان بهێنن لەسەر بنەمای "داواکارییە ڕەواکانی گەلی سوریا". لە ڕوانگەی تورکیاوە گرنگترین داواکاری گەلی سوریا لابردنی دەسەڵاتی ئەسەد و گواستنەوەیەکی سیاسییە کە بتوانێت کۆتایی بە قەیرانەکانی ئەو وڵاتە بهێنێت.

لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، تەنانەت لە سەروبەندی دوایین هێرشی چەکداراندا، تورکیا چەندین هەوڵی داوە بۆ نزیکبوونەوەی لە دیمەشق. بەڵام بەشار ئەسەد هیچ کام لەو هەوڵانەی قبوڵ نەکرد و کشانەوەی هێزەکانی تورکیای لە سوریا وەک پێشمەرجێک بۆ هەر هاوکارییەک ڕاگەیاند.

هاوکات مانگی ڕابردوو ئەردۆغان هیوای دەربڕی کە هێشتا ئەگەری ڕێککەوتن لەگەڵ ئەسەد لە ئارادایە. لە هەمان کاتدا تورکیا چەندین جار بە لێدوانی هەڕەشەئامێز، وەک دەستەواژە بەناوبانگەکەی ئەردۆغان کە دەڵێت "شەوێک لەناکاو دێین" کاردانەوەی بەرامبەر بەو مەترسییە ئەمنییانەی کە دەڵێت لە سوریاوە سەرچاوە دەگرن، دەربڕیوە.

پێدەچێت لە ڕوانگەی تورکیاوە هێرشەکەی ئەم دواییە بۆ سەر سوریا هەم هەڕەشەیەکی جددی بێت و هەم ئامرازێک بێت بۆ موزایەدەی دیپلۆماسی. ئەگەر چەکداران بتوانن کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر ناوچە ستراتیژییەکانی وەک حەلەبدا بچەسپێنن، ئەمە دەتوانێت فشارەکانی تورکیا بۆ سەر حکومەتی ئەسەد زۆر زیاد بکات. ئەم ستراتیژە دووانەیە کە تێکەڵەیەک لە فشاری سەربازی و بەشداری دیپلۆماسییە، ڕەنگدانەوەی ڕێبازی فرە لایەنی ئەنکەرەیە بۆ بەدیهێنانی ئامانجە ناوچەییەکانی.

مامەڵەکردنی تورکیا لە بەڕێوەبردنی قەیرانی پەنابەرانەوە تا دەگاتە مامەڵەکردنی لەگەڵ هەڕەشە سنوورییەکان

تورکیا دوو هۆکاری سەرەکی هەیە بۆ هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێ لە باکووری سوریا. یەکەم بوونی زیاتر لە سێ ملیۆن پەنابەری سووریایی لە تورکیا کە بارگرانی دارایی و سیاسییان بووەتە کێشەیەکی سەرەکی بۆ حکوومەتەکەی ئەردۆغان. فشارە ئابوورییەکان و بەرزبوونەوەی هەستی دژە پەنابەری لە ناوخۆی تورکیادا داواکارییەکانی بۆ چارەسەری گەڕانەوەی پەنابەران چڕتر کردووەتەوە. لەم ڕۆژانەدا ڕاپۆرت و چاوپێکەوتنەکانی نێو شەقامەکان لە تورکیا، ڕەزامەندی ڕێژەیی بەشێک لە کۆمەڵگا بە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سوریا نیشان دەدەات، چونکە پێیان وایە ئەو پێشهاتانە دەتوانن بنەمایەک بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان دابین بکەن.

یەکێک لە میحوەرە سەرەکییەکانی ستراتیژی ئەردۆغان دروستکردنی "ناوچەی پارێزراو" بووە لە باکووری سوریا بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان. بەڵام ناسەقامگیری بەردەوام لە سوریا ڕووبەڕووی ئاستەنگی جیددی بۆتەوە لەبەردەم ئەم پلانەدا. هۆکاری دووەمی گرنگی باکوری سوریا بۆ تورکیا، بوونی هێزە کوردەکانە لەو ناوچانە. ئەم هێزانە کە لە شەڕی ناوخۆی سوریادا ڕۆڵێکی گرنگیان لە شەڕی داعشدا هەبووە، لە ڕوانگەی تورکیاوە بە هەڕەشەیەکی ئەمنی دادەنرێن. ئەنکەرە بانگەشەی ئەوە دەکات کە هێرشە تیرۆریستییەکان دژی تورکیا لەو ناوچانەوە ڕێکدەخرێن.

تورکیا چەندین جار داوای لە حکومەتەکانی سوریا، ئێران، ڕوسیا و ئەمەریکا کردووە یان پرسی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد چارەسەر بکەن، یان ڕێگە بە تورکیا بدەن ڕێوشوێنە خوازراوەکانی جێبەجێ بکات. ئامانجی تورکیا دروستکردنی ڕووبەرێکە کە لانیکەم 30 کیلۆمەتر دوور بێت لە بوونی گروپە کوردییەکان کە ئەو دەڵێت نزیکن لە پەکەکە لەسەر سنوورەکانی. لەگەڵ زیادبوونی ململانێکان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دەسەڵاتدارانی تورکیا جارێکی دیکە جەختیان لەوە کردووەتەوە کە "قبوڵی هیچ ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ئەودیوی سنوورەکان ناکەن" و بەردەوام دەبن لە هەوڵدان بۆ "ڕزگاربوون لە هەڕەشە تیرۆریستییەکان".

پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەش بە قازانجی ئامانجەکانی تورکیا بەرەوپێش دەچن. هێزەکانی جیهادی بەتایبەت سوپای سوریای ئازاد کە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی تورکیای هەیە، توانیویانە ناوچەی ستراتیژی تەل ڕەفعەت بگرن و مەنبەجیشیان وەک ئامانجی داهاتوویان ڕاگەیاندووە.

گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و ستراتیژی تورکیا

هێرشی هەیئەی تەحریری شام، هەنگاوێکی حیساببۆکراوە. چالاکییە سەربازییەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل لە غەززە و لوبنان بووەتە هۆی لاوازبوونی تاڕادەیەک پێگەی ئێران و حیزبوڵای لوبنان کە هاوپەیمانی سەرەکییەتی و ئەمەش دەرفەتی بۆ گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکان لە سووریا ڕەخساندووە.

تورکیا بە زانینی ئەو گۆڕانکارییانە گڵۆپی سەوزی بۆ ئەو گروپانە هەڵکردووە تاکو ململانێی سوریا وەک ئامرازێک بۆ ڕێکخستنەوەی ستراتیژی ناوچەیی خۆی بەکاربهێنێت. هاوکاتبوونی ئەم هێرشە لەگەڵ کەمکردنەوەی توانای ئێران و هاوپەیمانەکانی، هەوڵی ئەنکەرە نیشان دەدات بۆ زیادکردنی کاریگەرییەکانی خۆی لە سوریا و هەروەها بۆ کەڵک وەرگرتن لە گۆڕانکارییەکانی هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەشداری ئەو هێزانە لە شەڕێکی نوێدا کە تورکیا سەرەڕای ئاگاداری لە سودەکانی خۆی لەو شەڕەدا، بەڵام تێوەگلانی تێدا ڕەتدەکاتەوە، بێ مەترسیش نییە. دەستێوەردان لە سوریا دەتوانێ گرژییەکان لەگەڵ ئێران زیاتر بکات کە ئەم کارەی ئەنکەرە بە هەڕەشەیەک بۆ سەر نفوزی خۆی لە سوریا دەزانێت. جگە لەوەش پێدەچێت هاوکاری تورکیا لەگەڵ گروپەکانی وەک تەحریری شام کە بە فەرمی وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی دەستنیشانکراون، ڕەخنەی هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی ئەنکەرە بەدوای خۆیدا بهێنیت و پێگەی تورکیا لە هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکان تێکبدات.

هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەم دواییە، لەوانەش پەیوەندییەکانی وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ ئەمەریکا، ئێران و عێراق، ڕێبازی حیسابکراوی ئەنکەرە نیشان دەدات کە هەوڵدەدات گۆڕانکارییەکان وەک ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنی سیاسی لە دانوستانەکاندا بەکاربهێنێت. ئەم شێوازە بۆ ئەردۆغان نامۆ نییە؛ لە ماوەی ژیانی سیاسیدا چەندین جار چووەتە قومارە گەورەکانەوە.

ئەم ستراتیژە مەترسییەکی بەرچاوی لەگەڵدایە. ڕۆڵی دووانەی تورکیا وەک ناوبژیوان و هاندەر دەتوانێت لە بەرەکانی شەڕدا فشاری زیاتر بخاتە سەر ئەنکەرە. هەرچەندە ئێران و ڕوسیا بەهۆی لاوازی ڕێکخستن و کەمبوونەوەی شەرعییەتیان لای گەلی سوریا، هێشتا نەیانتوانیوە وەڵامێکی یەکلاکەرەوە دەستەبەر بکەن، بەڵام ڕەنگە ئەم دۆخە بەردەوام نەبێت.

وەک دارین خەلیفە لە "گرووپی قەیرانەکان" هۆشداری داوە، "تورکیا یاری بە ئاگر دەکات، بەڵام ئاگرێک کە پێی وایە دەتوانێت کۆنتڕۆڵی بکات". بەڵام دەرئەنجامە درێژخایەنەکانی ئەم قومارە بۆ سوریا و تورکیا و ناوچەکە بە گشتی هێشتا ڕوون نییە؛ بەڵام بۆ ئێستا تورکیا دەستی باڵای هەیە.

سەرچاوە:ماڵپەڕی ڕادیۆ فەردا/ لەنووسینی عەتا محەممەد تەبرێز، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان