دوابەدوای مۆڵەتی پزیشکی نێرگز محەمەدی، لیژنەی نۆبڵ داوای "ئازادی هەمیشەیی"ی بۆ ناوبراو دەکات

دوابەدوای ئەوەی نێرگز محەمەدی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە زیندانی ئێڤین بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا، لیژنەی نۆبڵ داوای ئازادکردنی هەمیشەیی بۆ ئەو چالاکوانەی مافی مرۆڤە لە زیندان دەکات.

یۆرگن ڤاتنە فریدنیس، سەرۆکی لیژنەی نۆبڵی نەرویج ڕۆژی چوارشەممە 4ی مانگی دوازدە بە ئاماژەدان بە نەخۆشبوونی نێرگز محەمەدی ڕایگەیاند "داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەکەین بە کۆتاییهێنان بە زیندانیکردنی خاتوون محەمەدی بۆ هەمیشه، دەستڕاگەیشتن بە چارەسەری پزیشکی گونجاو بۆ ئەو چالاکوانە مسۆگەر بکەن."

محەمەدی بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ کێشە پزیشکییەکانی دوای "نەشتەرگەری تومۆر و چاندنی ئێسک" بۆ ماوەی سێ هەفتە لە زیندان ئازادکراوە.

مستەفا نیلی، پارێزەری نێرگز محەمەدی لە 4ی مانگی دەوازدە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" ئەم هەواڵەی ڕاگەیاند و نووسی خاتوون محەمەدی لە زیندان ئازادکراوە "بەهۆی باری جەستەیی دوای نەشتەرگەری بۆ لابردنی تومۆر و چاندنی ئێسک کە 21 ڕۆژ لەمەوبەر ئەنجامدراوە."

هاوکات " لیژنەی بەڕێوەبەری هاوپەیمانی بۆ ڕزگاربوونی نێرگز" پێشوازی لە ئازادکردنی کاتی ئەم چالاکوانه زیندانییە کرد و لە بەیاننامەیەکدا داوای "ئازادییەکی تەواو و بێ مەرج"ی بۆ ناوبراو کرد.

بەگوێرەی ئەو بەیاننامەیە کە لە لاپەڕەی "دامەزراوەی نێرگز محەمەدی" بڵاوکراوەتەوە، نێرگز محەمەدی لەم دواییانەدا "نەشتەرگەرییەکی قورسی بۆ لابردنی ئێسکێک لەسەر قاچی کە گومانی شێرپەنجەی لێدەکرا" ئەنجامداوە و مۆڵەتی پزیشکی سێ هەفتەیەکەشی بۆ ئەم مەبەستە پێدراوە.

بە گوتەی مستەفا نیلی، "ئەو تومۆرە لابراوە و شێرپەنجە نەبووە"، بەڵام پێویستە نەرگێز محەمەدی "بەم هۆکارە سێ مانگ جارێک پشکنینی بۆ بکرێت".

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا چەندین جار داوای لە حکومەتی ئێران کردووە کە سەرکوتکردنەکان دژی بەرگریکارانی مافی مرۆڤ ڕابگرێت و هەموو ئەو زیندانیانەی بە ناڕەوا دەستبەسەر کراون ئازاد بکەن لە نێویاندا نەرگێز محەمەدی.

دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامی قەدەغە کردنی چارەسەری پزیشکی لە بەشێک لە زیندانیانی سیاسی وەک گوشارێک دژی ئەو زیندانیانە بەکاردەهێنێت.

نێرگز محەممەدی کە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا چەندین جار دەستبەسەر و زیندانی کراوە، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی سیستم" سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەکراوە و ئێستا لە زیندانی ئێڤینی تاراندایە.