ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند هیوادارە چەکدارە یاخیبووەکان لە سووریا بەردەوام بن لە پێشڕەوییەکانیان دژی هێزەکانی بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری سووریا.
ئەردۆغان دوای نوێژی هەینی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پێشڕەوی هێزە چەکداران دەکات کە بە وتەی خۆی بەرەو پایتەختی سوریا دەڕوەن.
سەرۆک کۆماری تورکیا، کە بە ڕێکخستنی ئۆپەراسیۆنی یاخیبووان لە سوریا تۆمەتبارە، گوتیشی "ئیدلب، حەلەب، حەما، حومس و ئامانجەکەش بێگومان دیمەشقە و پێشڕەوییەکانی ئۆپۆزسیۆن بەردەوامە و هیوادارین ئەم بزووتنەوەیە لە سوریا بە سەلامەتی بەردەوام بێت."
ئاماژەی بەوەشکرد و گوتی "داوامان لە بەشار ئەسەد کردووە کە پێکەوە ئایندەی سوریا یەکلایی بکەینەوە؛ بەداخەوە وەڵامێکی ئەرێنیمان وەرنەگرت."
ئەنکەرە ساڵانێکە پاڵپشتی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەکات کە دەیانەوێت ئەسەد کە لەلایەن ئێران و ڕووسیاوە پاڵپشتی دەکرێت، لە کارەکەی دووربخەنەوە.
یاخیبووانی سوریا ڕۆژی پێنجشەممە شاری حەمایان گرت و ئەمەش سەرکەوتنێکی گەورە بوو لە پێشڕەوییەکانی ئەو چەکدارانە کە ماوەی هەفتەیەکە لە سەرانسەری باکوری سوریادا دەستیپێکردووە.
تورکیا ڕایگەیاندووە هیچ دەستێوەردانێکی لەو ئۆپەراسیۆنەدا نەبووە و هیچ پاڵپشتییەکی بۆ یاخیبووان نەکردووە. چەندین جار باسی لەوە کردووە کە ئەسەد پێویستی بە گفتوگۆ هەیە لەگەڵ گەلی سوریا بۆ چارەسەری سیاسی و ئەنکەرەش نایەوێت شەپۆلێکی نوێی کۆچبەران ببینێت کە لە توندوتیژییەکان هەڵدێن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆرێک کە چاودێران پێیان وایە تورکیا چ بە چەک و چ بە ڕاهێنانی سەربازی، یارمەتیدەری هێزە چەکدارەکانی نەیاری ئەسەد بووە بۆ ئەوەی لەکاتی پێویستدا دژی حکومەتی سوریا و کوردەکان بەکاریان بهێنێت.
سەرچاوە/بەشێک لەم هەواڵە لە ڕۆیتەرز وەرگیراوە