سەرکردەی یاخیبووانی سوریا دەڵێت ئامانجمان ڕووخاندنی ئەسەدە

پێشڕەوی چەکدارانی نەیاری ئەسەد لەسەر ڕێگای حەما بەرەو شاری حومس بەردەوامە. سەرۆکی هەیئەت تەحریر ئەلشام دەڵێت دوا ئامانجمان ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەدە. هەندێک له ڕاپۆرتەکانیش باس لەپاشەکشەی هێزەکانی حکومەتی سوریا له شاری دێرەزور دەکه ن.

هاوکات بڕیارە ئەمڕۆ هەینی،6ی مانگی دوازدە وەزیرانی دەرەوەی ئێران، سوریا و عێراق کۆبوونەوەیەکی هاوبەش بۆ پێداچوونەوە بە دۆخەکەدا ئەنجام بدەن.

لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەرسێ لایەن چەندین پەیوەندی تەلەفۆنییان لەگەڵ یەکتردا هەبووە، هەروەها عەباس عەراقچی ڕۆژی یەکشەممە لە دیمەشق لەگەڵ هاوتا سورییەکەی و هەروەها لەگەڵ بەشار ئەسەد دیدار و قسەی کردووە.

ڕاوێژکارییە دیپلۆماسییەکان لە کاتێکدایە کە گرووپی ناسراو بە تەحریر ئەلشام و هاوپەیمانەکانی ڕۆژی پێنجشەممە لە درێژەی پێشڕەوییەکانیان لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا شاری حەمایان گرت.

دوای حەلەب، حەما دووەم گرنگترین شاری سوریایە کە یاخیبووان لە هێرشەکانی ئەم دواییەدا توانیویانە دەستی بەسەردا بگرن و دەستەیەکی چاودێری جەنگی سوریاش ڕایگەیاند کە یاخیبووان لە پێشڕەوی خۆیاندا لە ڕۆژی هەینیدا گەیشتوونەتە دووری پێنج کیلۆمەتر لە شاری حومس.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، ئەگەری کۆنترۆڵکردنی حومس ڕێگە بە یاخیبووان دەدات رێگای سەرەکی بەرەو کەناراوەکانی سوریا ببڕن کە قەڵای سەرەکی کەمینە عەلەوییەکانی لایەنگری بەشار ئەسەدە.

سەرچاوە/ڕادیۆ فەردا