ئیسرائیل هاوکاتی پێشڕەوی نەیارانی ئەسەد لە سوریا، هێزەکانی لە بەرزاییەکانی جۆلان بەهێزتر دەکات

هاوکاتی پێشهاتەکانی سوریا و بەردەوامبوونی پێشڕەوی خێرای نەیارانی ئەسەد، سوپای ئیسرائیل ڕۆژی هەینی،6ی مانگی دوازدە ڕایگەیاند هێزەکانی لە بەرزاییەکانی جۆلان بەهێزتر دەکات و خۆی بۆ هەرجۆرە سیناریۆیەک ئامادە دەکات.

ئەم بڕیارەی سوپای ئیسرائیل دوابەدوای ئامادەبوونی هەرزی هاڵوی، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئیسرائیل لە فەرماندەیی باکوور و هەروەها دوای هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ناوچەکە دراوە.

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە هێزی ئاسمانی و زەمینی لە بەرزاییەکانی جۆلان بەهێزتر کردووە و تواناکانیشیان بە پێی سیناریۆ جۆراوجۆرەکان بەرزتر کردووەتەوە.

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند ڕێگە نادات هێچ هەڕەشەیەک لە نزیک سنووری ئیسرائیل سەرهەڵبدات و هەموو هەنگاوێکی پێویست بۆ پووچەڵکردنەوەی هەر جۆرە هەڕەشەیەک لە دژی هاووڵاتیانی ئیسرائیل دەگرێتەبەر.

هەروەها باراک ڕەڤید، شرۆڤەکار و ڕۆژنامەنووسی ئیسرائیلی لە گۆڤاری ئەکسیۆس ڕۆژی هەینی بە پشت بەستن بە بەرپرسێکی ئیسرائیلی ڕایگەیاند کابینەی ئەمنی ئیسرائیل بڕیارە دوو کۆبوونەوە لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە ئەنجام بدات بۆ پێداچوونەوە بە پێشهاتەکانی سوریا.

بەپێی زانیارییەکان، سوپای ئیسرائیل خۆی بۆ ئەگەری ڕووخانی سوپای سوریا بەرامبەر بە نەیارانی ئەسەد ئامادە دەکات. بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لە نزیکەوە چاودێری پێشهاتەکانی ئێستای سوریا دەکات و ئامادەیە بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی بکات.

ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرئیل هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە بە پشتبەستن بە بەرپرسێکی ئەو وڵاتە بڵاوی کردەوە کە گوتویەتی لایەنێکی ململانێی بەردەوام لە سوریا جیهادییە سەلەفیەکانە و لایەنەکەی تریش حزبوڵا و کۆماری ئیسلامی ئێرانە و هەر بەم هۆیەشەوە ئارەزووی بەردەوامبوونی شەڕەکە دەکات بۆ ئەوەی لایەنی شەڕەکان یەکتری لاواز بکەن.

بە وتەی ئەو بەرپرسە، ئیسرائیل پشتیوانی لە هیچ لایەنێک ناکات و ئامادەیە بۆ هەر سیناریۆیەکی ئەگەری.

سەرچاوە/دەنگی ئەمەریکا