لەگەڵ ئەوەشدا کە لە ساڵی 2011دا شۆڕشی گەلی سوریا، شۆڕشێکی سیڤیلیانە و ئاشتیانەی خەڵک بوو، بەڵام بە تێپەڕ بوونی کات ئەم شۆڕشە بووە جموجۆڵی ئاینی و لایەنە توندڕەوەکان وەک ئەلقاعیدە و داعش و ئێستاش هەیئەتی تەحریری شام خۆیان وەک خاوەنی ڕاپەڕینی گەلی سوریا دەناسێنن و هەروەهاش وەک دەبینرێت گوتاری ئەو جۆرە ڕێکخراوانە زاڵترە بەسەر گوتارە سیڤیلییەکاندا.
دکتۆر ئەحمەدی مەلا، هۆکاری باڵا دەستی ئەو هێزە ئیسلامیانە دەگێڕێتەوە بۆ ئەو کۆمارانەی کە لە ڕاستیدا ڕەگوڕیشەی لەشکریانەیان هەبووە و دەڵێت "لایەنە ئیسلامییە سیاسییەکان توانییان دەست بگرن بەسەر ئەو سەرهەڵدانە سیڤیلیانەدا، چونکە جموجۆڵیان زیاتر بووە لەو ناوچانەدا بە بەراورد لەگەڵ هێزە دیموکراتی و سیڤیلیەکان. لەگەڵ ئەو گورزانەی کورد و هاوپەیمانانی نێونەتەوەییش لەو ڕێکخراوە توندڕەوانەیان داون و توانرا بۆ نمونە تا ڕادەیەکی زۆر شکست بە داعش بهێنرێت، بەڵام نەبوونە مایەی لەناوچوونی دید و بۆچوونەکانی ئەو ئایدیۆلۆژیەتە و هەروەهاش دیدگای ئیسلامی سیاسی."
لە ئێستادا لە سوریا چی ڕوودەدات؟ دکتۆر ئەحمەدی مەلا دەڵێت "بێ لەو هۆکارانەی باس کران، بێگومان دەستی دەرەکیش هەن و بە تایبەتی تورکیا و ماوەیەکی زۆریشە کار لەسەر هەیئەتی تەحریری شام دەکات، هەرچەندە ئەبو موحەمەد ئەلجۆلانی لە دواتری لێدوانیدا دەیەوێت بەرگێکی سیڤیلیانە بکاتە بەر ڕووداوەکانی سوریا، بە دوریشی نازانم ئەمەش پێشنیازێکی تورکیا بووبێت بۆی."
دکتۆر سەنگەر سەید قادر، دەڵێت "لە سوریادا بە درێژایی دەیان ساڵی ڕابردوو توندوتیژی و فشارێکی توند و قورسیش لەسەر ڕەوتی ئیسلامی سیاسی هەبووە و ئەمەش وەهای کرد کە ئیسلامییەکان لە کۆمەڵگەی سوریاییدا سەرکوتکراوبن و کاتێکیش بەهاری عەرەبی سەریهەڵدا، وەک دەرفەتێک لێیان دەڕوانی و هەروەها ڕێکخراوی توندڕەوی ئاینیش پێکهێنران و بوونە بەشێک لە ڕێکخراوە جیهادییەکان؛ لە هەمان کاتیشدا زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە، بەتایبەتی قەتەر و تورکیا هەوڵیان دەدا ئەو ڕێکخراوە توندڕەوانە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بقۆزنەوە و کێشەکانیان لەگەڵ بەشار ئەسەددا لەڕێی ئەوانەوە یەکلایی بکەنەوە."
دکتۆر سەنگەر، ئاماژەش دەکات بەوەی ئامانجێکی تریش هەیە لەو دەستێوەردانانە و دەڵێت " لاوازکردنی ئامانجی ئێران یەکێکە لە هۆکارەکان و ڕێگەگرتن لەوەی تاران بتوانێت مانگی یەک شەوەی شیعە دروست بکات و هەربۆیەشە تورکیا هاوکاریی ئەو هێزانە دەکات و دەخوازێت ئەو ڕێگەیە لەناو سوریادا تێکبدات کە لە ئەلبو کەمالەوە دەستپێدەکات تا دەگاتە سنوری لوبنان."
دکتۆر سەنگەر سەید قادر، دەڵێت "بوونی ئەو هێزە توندڕەوە ئیسلامیانە، بەتایبەتیش کە بڕیارە لە ناوەڕاستی سوریادا دەسەڵاتیان هەبێت مایەی مەترسی گەورەن لەو سۆنگەیەوەی جیهادیین، ئەو مەترسییەش هەر بۆ سوریا نییە بەڵکو بۆ داهاتووی ناوچەکە و بێ لەوەش مەترسی ئەوەیشی دەبێت ببێتە تۆڕێکی نوێی ئەلقاعیدە لە سوریادا."
هۆکاری دەستبەسەرداگرتنی شارەکانی وەک حەڵەب و حەما و شوێنەکانی تریش وەک ئاماژەی پێدەکرێت هەر تەنها هێز و تواناییە چەکدارییەکەی ڕێکخراوێکی وەک هەیئەتی تەحریری شام و ڕێکخراوە چەکدارەکانی تر نەبووە، بەڵکو ئاماژەش بە پشتیوانی خەڵکیش دەکرێت و وەک دەشگوترێت مەرج نییە ئەو پشتیوانییە بۆ ئەو ڕێکخراوانە بن کە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بە ڕێکخراوی تێرۆریست ناودێریان دەکات.
دکتۆر ئەحمەدی مەلا، لەوبڕوایەدایە دەشێت ئەو ناونانە تێرۆریستییە لە هەیئەی تەحریری شام بکرێتەوە ئەگەر بێتوو ببێتە بەشێک لە ڕووداوەکانی ناو سوریا نەک کاراکتەری سەرەکی و ئایدیۆلۆژیاکەی میانڕەوانە بێت و نەشبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل، ئەوا لە دواجاردا لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێونەتەوەییش قەبوڵ دەکرێت "هەرچەندە ئەمە کاتی دەوێت، پێشتریش ڕێکخراوی ئازادکردنی فەلەستین کە یاسر عەرەفات سەرۆکایەتی دەکرد، بە ڕێکخراوێکی تێرۆریست ناسێنرا، بەڵام دواتر ڕێککەوتنەکانی ئۆسلۆ و مەدرید و دانیشتنی ئیسرائیلییەکان لەگەڵ عەرەفاتدا شتەکانیان گۆڕی."
لەوەتای بەهاری عەرەبیی دەستیپێکرد لە ساڵی 2011وە، بە ئاشکرایی گوتاری ئاینیانەی ئیسلامی زاڵ بوو بەسەر ڕاپەڕین سەرهەڵدانی گەلانی ئەو وڵاتانەی بەهاری عەرەبی گرتبوونیەوە، وەک میسر، لیبیا، یەمەن، سوریا، تونس.
وەک شیکەرەوە ئاماژەی پێدەکەن، لە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئاستی بێهیوایی و بێ متمانەیی خەڵک بەو ڕژێمانەی وڵاتەکانیان وەهایان کردووە بژاردەکانی بەردەمیان ئێجگار سنوردار بن.
دکتۆر سەنگەر، وەک ئاماژەی پێدەکات ڕەوش و هەلومەرجەکانی لە سەروەختی ئیمپراتۆریەتی عوسمانلییەوە تا دوای دووهەم شەڕی جیهانیش و هاتنە ئارای ڕژێمە نوێیەکانیشەوە بە وڵاتانی کۆمۆنیستیشەوە "نەیانتوانی دیموکراتی بن و سیاسەتی سەرکوتکردنیان بەکارهێناوە لەبەرامبەر ئیسلامی سیاسیدا و هەتا ئەمڕۆش بە مەترسی لێی دەڕوانن بۆسەر دەسەڵاتی خۆیان، جا ئەو جۆرە کپ کردن و سەرکوتکردنە وەهای کرد، جۆرێک لە ئامادەیی و شەقامسازی هەبێت بۆ ئەم ئیسلامە سیاسیانە و هەر دەرفەتێکی بکەوێتە بەردەست ئەو بۆمبە بە ڕووی دەسەڵاتدارانی ناوچەکەدا بتەقێتەوە؛ نەبوونی دیموکراتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەهای کردووە دەرفەت بکرێتەوە بە ڕووی ئەو ڕێکخراوە ئیسلامیانەدا هەتا خۆیان وەک نوێنەرانی خەڵک بناسێنن؛ ڕژێمەکان ڕێگەیان نەداوە تەنانەت ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی سیڤیل و ئۆپزسیۆنی سیڤیل و سیکیولار کارا بن، هەربۆیە زەمینە ڕەخسا بۆ چوونە پێشەوەی ڕەوتی ئیسلامی سیاسی بە جیهادییەکانیشییەوە."
دکتۆر ئەحمەد، دەڵێت "لە سیکیولاریزمەکانی هەردوو ڕژێمەکەی پارتی بەعس کە فەرمانڕەوا بوون لە عێراق و لە سوریادا، ڕاستە جێی ئەوە نەدەبووەوە کە تۆ کریستیانیت یان نا، عەلەویت یان نا، سوننەیت یان هەرچ شتێکی تریت، کاتێک حافز ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سوریا لە ساڵی 1982دا هێرشی کردە سەر ئیخوانەکان، لەبەر ئەوە نەبوو کە ئیسلامی بوون بەڵکو هۆکارەکە ئەوە بووە کە ئیخوانەکان چاویان بڕیبووە دەسەڵات، هەربۆیە قەیرانەکە، قەیرانی ئاین نییە بەڵکو قەیرانی مرۆڤە کە لێکدانەوەکانی بۆ دنیا بە شێوەیەکی چەواشەکاریانەیە؛ ئەوەی لە سوریا ڕوودەدات قەیرانی ئاینی نییە بەڵکو سیاسییە و کاردانەوەیەکە ڕەش و سپی و تەڕ و ووشک پێکەوە دەسوتێنێت."
دکتۆر ئەحمەدی مەلا، جەختیش دەکاتەوە لەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، نەبوونی ئاسۆیەکی دیموکراتیانە و نەبوونی بڕوا بە دەوڵەتی هاووڵاتیبوون و بە ئازادییەکان، کەڵەکە بوون و وەهایان کردووە وەک دەڵێت "شوناسی خۆی لە لەناوبردنی ئەوەی تردا ببینێتەوە."
لە وڵاتێکی وەک سوریادا نە ئاینی ئیسلام لە قەیرانێکی قوڵدایە هەتا پێویستی بە لایەنی ئیسلامی هەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە و نە گەلی سوریاش کێشەی ئاینیی هەیە هەتا پێویستیان بە لایەنی توندڕەوی ئاینی هەبێت.
دکتۆر ئەحمەد، باس لە ئەزموونەکانی ئێران و ئەفغانستان دەکات و دەڵێت " دوو دەسەڵاتی ئاینی و ئاینزایی نەیانتوانیوە بۆ هاووڵاتیانی خۆیان باش بن و ڕۆڵی گەورەیان هەبێت لە بوژاندنەوە و لە هەنگاونانیشدا لەگەڵ دنیادا؛ هەربۆیە پێویستە ئیسلامی سیاسی لە سوریادا بە زووترین کات بگاتە ئەو بەرەنجامەی تەنها دەوڵەتی هاووڵاتیبوون، ڕزگارکەرە بۆ ئەو قەیرانەی لە سوریادا هەیە."
دکتۆر سەنگەر، ئاگاهیدەدات و دەڵێت "دۆخی سوریا دۆخێکی زۆر هەستیارە و ئەگەر بە هوشیارییەوە سەروسەودای لەگەڵدا نەکرێت، ئەوا هاوشێوەی ساڵانی 1988 بۆ 1996، چۆن ئەو بۆشاییەی لە ئەفغانستان دروست بوو و قاعیدە توانی پێگە و مۆڵگاکانی خۆی بەهێز بکات؛ ئەگەر لە سوریادا بە هوشیارییەوە مامەڵە نەکرێت ئەوا لە ناوچەکانی ناوەڕاستی سوریادا تۆڕی هاوشێوەی قاعیدە و داعش دروست دەبن و ولاتانی ناوچەکە و ئەوروپا و ئەمەریکاش دەخەنە بەردەم مەترسییەوە، چونکە ئەو جۆرە ڕێکخراوانە مەترسیدارن."