چاودێران دەڵێن گۆڕانکاریەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خێران و گرنگە لایەنەکانی هەرێم بەخێرایی کۆببنەوە

وێنەیە سنووری نێوان عێراق و سوریا

شەڕوئاڵۆزی نێوخۆیی سوریا، وڵاتانی دراوسێی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە و هەموویان بەمەبەستی دوورخستنەوەی شەڕەکە لەوڵاتەکانیان هێزیان ڕەوانەی سەر سنورەکانیان کردووە، گەرچی تائێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایی خۆیی لەسەر ئاڵۆزیەکان دەرنەبڕیوە، بەڵام سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕاگەندراوێکدا دەڵێت،" بە بایەخێکی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ گۆڕانکاریەکانی ئەم دووایەی سووریا دەکەین."

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند،" بە بایەخێکی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە دەکەین کە لە سووریا ڕوودەدەن، چونکە ئەو پێشهات و ڕووداوانە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر چارەنووسی سیاسی و ئاسایش و سەقامگیریی سووریا و تێکڕای ناوچەکەمان هەیە."

سەرۆکی پارتی دیموکر اتی کوردستان دەشڵێت، هیوادارین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی سووریا لە ئەنجامدا ببنە هۆی ئەوەی گفتوگۆ و لێکتیگەیشتن و ببێتە بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکان و ڕەفتارێکی وا ئەنجام نەدرێت کە ناکۆکی و گرفتی نەتەوەیی و تایفی لە نێو پێکهاتەکانی سووریا قووڵ بکاتەوە.

لە دواین پەیامەکەشیدا ڕاشگەیاند،" ئومێدی ئەوە دەخوازین لایەنەکان بەشێوەیەکی ئاشتیانە بگەنە ڕێککەوتنێک کە لەبەرژەوەندیی سەرجەم پێکهاتەکانی سووریا و پێکەوە ژیان و ئاشتی و سەقامگیرییدا بێت."

ڕۆژی 29ی مانگی یانزەی 2024، گرووپە چەکدارەکانی هەیئەت تەحریر ئەلشام و هاوپەیمانەکانی کە بە گرووپی سوونەی تونڕەوی نزیک لە تورکیا دادەنرێن هێرشیان کردە سەر شاری حەلەب لە سوریا و بەو هۆیەشەوە بەشێکی زۆری ئەو شارەیان کۆنتڕۆڵکرد، دوای تێپەڕبوونی هەشت ڕۆژ و بەردەوامی ئاڵۆزیەکانی ناوچەکە، مەترسی جدی لەسەر عێراق دروستکردووە.

وڵاتی سووریا لە 14 پارێزگا پێکهاتووە و ڕووبەرەکەی 185 هەزار و 180 کیلۆمەتر دوجایە، ڕووبەری خاکی سووریا لە ئێستادا بەسەر دەسەڵات و هێز و گروپەکاندا بەم شێوەیە دابەشبووە.

هێزەکانی سووریای دیموکرات هەسەدە کە ناوچەی دەسەڵاتدراێتی کوردە، زیاتر لە 40%ی خاکی سووریای لەژێر دەستدایە و پارێزگاکانی حەسەکە و ڕەقە و دێرەزورە و ئەو پارێزگایانەش زۆرترین ڕووبەریان هەیە.

گروپە چەکدارییەکانی سوریا بەتایبەتیش دەسەڵاتی تەحری شام کە بەردەوام لە پێشڕەویدان بۆ هێرشکردن پارێزگاکانی حەلب و ئیدلیب و حەما یان لەژێر دەستدایە و کۆی گشتی 20%خاکی سورییان لەژێر دەستدایە و حکومەتی سوریاش لە 40% خاکی لە ژێر دەستداماوە و ڕۆژەبەڕۆژیش زیاتر لەدەستی دەدات.

چاودێرانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بە پێویستی دەزانن لایەنە سیاسیەکان و حکومەتی هەرێم بەزووی دەست بەگفتوگۆ بکەن لەبەرامبەر ئەو پێشهاتە خێرایانەی کە سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێیدا تێدەپەڕێت.

بێکەس قادر، چاودێری سیاسی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بەگشتی ئەو ڕەوشە کە لە سوریا دەگوزەرێت ڕەوشێکی ئاڵۆز و مەترسیدارە نەک هەر بۆ نیو خۆیی سوریا و بۆ دەسەڵاتی سوریا و پیکهاتەکانی ناوخۆیی سوریا، بەڵکو مەترسیدارە بۆ سەر ئەمن و ئاسایشی وڵاتانی دەوروبەری سوریاش."

وتیشی،" بەو پێیەی کە هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بەلایەنی ڕۆژئاوای کوردستان و هەر کاتێکردنێک کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستانیش هەیە، بۆیە هەرێم بەدەر نیە لە چوارچێوەکەدا، بە تێگەیشتنی ئێمە پێویستە حکومەتی هەرێم و لایەنە سیاسیەکان تێگەیشتنێکی بابەتیانە و وردیان هەبێت بۆ ئەمەی کە لە سوریا ڕوودەدات."

ئەو چاودێری سیاسیە ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات کە مەترسیەکە بچووک نیە و مەترسیەکی گەورەیە لەسەر ناوچەکە و دەشڵێت، ئەو هێزانەی کە پێشڕەوی دەکەن هێزی ئاسایی نین و هێزی توندڕەون و کارتێکردنیان لەسەر هێزە توندڕەوکانی هەرێمی کوردستان و عێراقیش هەیە.

بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی لە سوریاوە بڵاوبوونەتەوە، گروپە چەکدارەکانی نەیاری حکومەتی ناوەندی بە سەرۆکایەتی هەیئەتی تەحریری شام ئێستا تەنها 20 کیلۆمەتر لە باشووری دیمەشقەوە دوورن. حەسەن عەبدولغەنی، یەکێک لە فەرماندە سەربازییەکانی تەحریری شام لە تێلێگرامدا نووسیویەتی "هێزەکانمان دوا قۆناغی گەمارۆدانی دیمەشقیان دەستپێکردووە". پێش نزیکبوونەوەی خێرای یاخیبووانی سوریا لە دیمەشق، چەکداران دەرعاش لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی بەشار ئەسەد دەردەهێنن.

بەگوێرەی زانیارییەکان گروپە خۆجێییەکان هێرشیان کردووەتە سەر فەرمانگەی هەواڵگری سەربازی لە شاری دەرعا و ڕێگەیان بە هێزەکانی سوپای سوریا داوە لە شارەکە دەربچن. شاری دەرعا بەهایەکی ڕەمزی و ستراتیجی بۆ یاخیبووانی سووریا هەیە، چونکە ناڕەزایەتییەکانی لایەنگری دیموکراسی هاووڵاتیانی سووریا لە ساڵی 2011 لەو شارەوە دەستی پێکرد.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی کە دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتوون، دوای بەرفراوانبوونی هێرشەکان زیاتر لە هەزار سەربازی حکومەتی سوریا لە داخڵی سنوری عێراق بوونە و لەلایەن حکومەتی عێراقەوە پێشوازیان لێکراوە و پێداویستیەکانیان بۆ دابینکراوە، ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت کە شەوی ڕابردوو 6ی مانگی دوانزەی 2024، نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند،" محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لە بەسام سەباغ، وەزیری دەرەوەی سووریا کرد و کۆبوونەوە لەسەر دواین پێشهاتەکانی گۆڕەپانی سووریا و تەواوی ناوچەکە."

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، سودانیی جەختی لەسەر گرنگی پاراستنی سەروەری سووریا و یەکپارچەیی خاکی سووریا کردەوە، هەروەها ڕاشیگەیاند،" هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییە بەردەوامەکانی عێراق بەردەوام دەبێت بۆ پارستنی ئاسایش لە سووریا کە کاریگەریی ڕاستتەوخۆی لەسەر ئاسایشی وڵاتانی دیکەی ناوچەکە هەیە."

ئەم وتانەی سوودانی دوای ئەوە دێت کە لەگەڵ دەستپێکی ئاڵۆزیەکانی ناوخۆیی سووریا، فەرمانیکرد بە ناردنی هێزێکی زۆری سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بۆ سەر سنورەکانی نێوان عێراق و سوریا.

فەرهاد شامی وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەسەر پێگەی ئێکس (تویتەر) ڕاگەیاندراوێکی بۆ ڕای گشتی بڵاو کردووەتەوە و تیایدا دەڵێت "ئەو پێشهاتانەی لە زێدی خۆمان، سوریا ڕوودەدەن، مەترسی لەسەر ئاسایشی گەلەکەمان و ناوچەکەمان لە دێرەزۆر دروست دەکەن. بەتایبەت لە کاتێکدا گروپە بەکرێگیراوەکانی سەر بە تورکیای داگیرکەر و بەکرێگیراوانی داعش جارێکی دیکە لە بیابانی دێرەزۆر چالاکن."

شامی باسی لە هەنگاوەکانی هەسەدەش کردووە بۆ پاراستنی ناوچەکە و هاووڵاتیان و دەڵێت " لە پێناو پاراستنی گەلەکەمان، شەڕڤانانمان لە ئەنجوومەنی سەربازی دێرەزور لە شارەکە و و ڕۆژئاوای فورات جێگیر بوون. ئامانجمان لەم پێشکەوتنەدا پاراستنی ئاسایشی گەلەکەمانە. بۆیە ئەم ئەرکە مێژووییە بە تەواوی ئەنجام دەدەین."