دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد لە سوریا کۆتایی دیت و ئۆپۆزسیۆن دیمەشق دەگرێت

دوابەدوای پێشکەوتنی خێرا و ئاسانی گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد، دوای گرتنەوەی شارەکانی حەلەب، حومس و دەرعا، ئەم گروپانە ڕۆژی یەکشەممە بەکاتی سوریا بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی بەرنگارییەکی قورس هێزەکانی حکومەت ببنەوە، چوونە ناو دیمەشقی پایتەختی سوریاوە.

بە چوونی ئۆپۆزسیۆن بۆ ناو دیمەشق و هەڵاتنی بەشار ئەسەد لە سوریا، دەسەڵاتی پەنجا و سێ ساڵەی بنەماڵەی "عەلەوی" ئەسعەد لەو وڵاتەشدا کۆتایی هات.

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری سوریا پێش ئەوەی ئۆپۆزسیۆن بچێتە ناو پایتەختەوە، وڵاتەکەی بەرەو شوێنێکی نادیار بەجێهێشتووە.

بەشار ئەسەد، کوڕی حافز ئەسەد کە لە ساڵی 2000 دوای گیانلەدەستدانی باوکی پۆستی سەرۆکایەتی سوریای گرتە ئەستۆ، بە 19هەمین سەرۆکی ئەو وڵاتە دادەنرێت کە هاوکات فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی سوریا و سکرتێری گشتی پارتی بەعسی سوریاش بوو.

بەشار کە لە تەمەنی 34 ساڵیدا بوو بە سەرۆک کۆمار، سەرەتا وەک چاکسازیخوازێک سەیر دەکرا کە دەتوانێت کۆتایی بە ساڵانێک لە سەرکوتکردنی سەردەمی حافز ئەسەدی باوکی بهێنێت، بەڵام ئەم وێنە ئومێدبەخشە هەر زوو نەما و حکومەتەکەی بەردەوام چالاکانی سیاسی و ڕۆشنبیران و ئەندامانی بزووتنەوەی "بەهاری دیمەشق"ی دەسبەسەر و زیندانی دەکرد.

هەروەها لە ماوەی شەڕی ناوخۆی 14 ساڵەی سوریادا بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و سەرکوتی خوێناوی گەلی سوریا تۆمەتبار کرا. شەڕێک کە تێیدا زیاتر لە 500 هەزار هاووڵاتی سووری کوژران و نیوەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە ئاوارە بوون. سەرەڕای ئەوەش ئەسەد توانی بە پشتیوانی سەربازی ئێران و ڕووسیا گەرەنتی مانەوەی سیاسی خۆی بکات.

بەشار ئەسەد، دوای ئەوەی لە ساڵی 2011 ڕووبەڕووی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی بەهاری عەرەبی بووەوە، کە داوای لەکارلابردنی دەکرد، یاخیبوونی ئۆپۆزسیۆنی سەرکوت کرد و بە هاوکاری ڕووسیا و کۆماری ئیسلامی ئێران، توانی بەشێکی زۆری سووریا کۆنترۆڵ بکاتەوە کە خۆی لە شەڕی ناوخۆدا دۆڕابوو

بەشار ئەسەد هەمیشە بێ ڕکابەر بوو و زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنا لەو هەڵبژاردنە زۆرانەی کە لە ساڵانی شەڕدا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتدا ئەنجام دەدرا، هەڵبژاردنێک کە وڵاتانی ڕۆژئاوا بە نائازاد و نادادپەروەرانە وەسفیان کرد و ئەنجامەکانیان دەخستە ژێر پرسیارەوە.

لە 27ی مانگی یازدەی 2024 و تەنها چەند ڕۆژێک دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا لە شەڕی لوبنان، هێرشێکی بەرفراوانی یاخیبووان لە دژی حکومەتی سوریا شارەکانی وەک حەلەب و حەمای لە ژێر دەسەڵاتی ئەسەد دەرهێنا.

نەیارانی سەرۆک کۆماری سوریا بە سەرۆکایەتی هەیئەتی تەحریری شام و بە فەرماندەیی ئەحمەد ئەلشەرع ناسراو بە جۆلانی توانیان 80% خاکی سوریا لەوانە شارە گرنگەکانی حومس، حەما، حەلەب و دەرعا لە کەمتر لە دە ڕۆژدا بگرن و دواجار بە کەمترین ڕێژەی بەرگری و توندوتیژی و خوێنڕشتن دیمەشقیش بگرن.

پەیوەندییەکانی بنەماڵەی ئەسەد لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران یەکێک لە گرنگترین و ستراتژیکترین هاوپەیمانییە ناوچەییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بووە کە ڕەگ و ڕیشەی بۆ سەرۆکایەتیی حافز ئەسەد دەگەڕێتەوە. لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقدا، سوریا بە سەرکردایەتی حافز ئەسەد یەکێک بوو لەو وڵاتە عەرەبییە کەمانەی کە پشتیوانی ئێرانی کرد و هەڵوێستی دژ بە سەدام حوسێنی گرتەبەر. ئەم ڕێککەوتنە بناغەکانی پەیوەندییەکی قووڵ و درێژخایەنی نێوان هەردوو وڵاتی دامەزراند کە لە سەردەمی بەشار ئەسەددا بەردەوام بوو.

دوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سوریا لە ساڵی 2011، کۆماری ئیسلامی بوو بە یەکێک لە لایەنگرانی سەرەکی ڕژێمی بەشار ئەسەد و یارمەتی سەقامگیرکردنی دەسەڵاتی ئەسەدی دا بە ناردنی ڕاوێژکاری سەربازی و پشتیوانی دارایی و چەک و ڕێکخستنی هێزی میلیشیای وەک حزبوڵای لوبنان و لیوای فاتمیون .

ئەم پاڵپشتییانە بەشێک بوون لە ستراتیژی بەرفراوانتری ئێران بۆ پاراستنی نفوزی ناوچەیی و بەهێزکردنی "میحوەری موقاوەمە" دژی ئیسرائیل و ئەمەریکا.

یەکێک لە ڕەهەندە سەرەکییەکانی ئەم پەیوەندییە ڕۆڵی سوریا بوو وەک پردێک بۆ گواستنەوەی چەکی ئێرانی بۆ حزبوڵای لوبنان. ئێران پێشتر لەڕێگەی خاکی سوریاوە چەک و کەرەستەی سەربازیی بۆ حزبوڵا دەگواستەوە، ئەمەش وایکرد ئیسرائیل چەندین جار ئەو بنکە و بنکانەی پەیوەندیدار بەو گواستنەوەیانە لە سوریا بکاتە ئامانج. پاراستنی ڕژێمی ئەسەد بۆ ئێران بە واتای پاراستنی ئەم ڕێڕەوی ژیانی و بەردەوامی نفوزی لە لوبنان بوو.

بەڵام پەیوەندییەکانی نێوان بەشار ئەسەد و تاران هەمیشە دوور لە گرژی نەبووە. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەسەد هەندێک جار ناڕەزایی خۆی دەربڕیوە لە زۆر پشتبەستن بە ئێران و هەوڵی داوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا و زلهێزەکانی دیکە هاوسەنگ بکات. سەرەڕای ئەمەش، پشتیوانی بێ چەواشەکاری ئێران، بە تایبەت لە ساڵانی لوتکەی شەڕی ناوخۆدا، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی مانەوەی ڕژێمی ئەسەد بوو.

ئێستا لەگەڵ ئەگەری ڕووخانی ڕژیمی ئەسەد، کۆماری ئیسلامی ئێران لە سیاسەتە ناوچەییەکانیدا بەرەوڕووی تەحەدای جیددی بووەتەوە. لەدەستدانی یەکێک لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی لە ناوچەکەدا، دەتوانێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی نفوزی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لاوازبوونی دەستڕاگەیشتن بە لوبنان و حیزبوڵا. ئەم گۆڕانکارییانە دەتوانن ئێران ناچار بکەن پێداچوونەوە بە ستراتیژییە ناوچەییەکانی خۆیدا بکات و هەوڵی بنیاتنانەوەی نفوزی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بدات.