ئەمەریکا "چاودێری پێشهاتەکانی سوریا دەکات و لە پەیوەندیدایە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ناوچەکە"دا

وتەبێژی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە حکومەتی ئەمەریکا لە نزیکەوە چاودێری ڕووداوەکانی سوریا دەکات.

دوای کاتژمێرێک لە گرتنی دیمەشق لەلایەن یاخیبووەکانەوە، شان ساڤێت لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی "سەرۆک بایدن و تیمەکەی لە نزیکەوە چاودێری ڕووداوە نائاساییەکانی سوریا دەکەن و بەردەوام لە پەیوەندیدان لەگەڵ هاوبەشە ناوچەییەکان".


ساڤێت هەروەها لە کۆنفرانسێکدا لە کالیفۆرنیا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە ئەمەریکا بەنیازی دەستوەردان لە سوریا نییە.

دانۆڵد ترامپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکاش جەختی لەوە کردەوە کە نابێت ئەمەریکا دەستوەردان لە ململانێی سوریادا بکات.

چەند کاتژمێرێک دوای وتەکانی ترامپ، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی جەختی لەوە کردەوە کە ئەمەریکا بەنیازی دەستوەردان لە شەڕی ناوخۆی سوریا نییە.

جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی ڕاگەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە ئەمەریکا بەنیازی دەستوەردان لە شەڕی ناوخۆی سوریادا نییە، بەڵکو ڕێوشوێنی ڕێگری لە ئەگەری گەڕانەوەی داعش دەگرێتەبەر.

ناوبراو لە کۆبوونەوەی "ئەنجوومەنی بەرگریی نیشتمانیی ڕیگان" گوتی "جگە لەوەی ڕێگری لە داعش دەکەین بۆ ڕێگریکردنی لە وەرگرتنەوەی دەسەڵات، پابەندبوونێکی قووڵیشمان هەیە بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی هاوپەیمانەکانمان لە ناوچەکە، لەوانە ئیسرائیل، ئوردن، عێراق و ئەوانی دیکە و جگە لەوەش گرنگییەکی تایبەت بە دۆخی مرۆیی سوریا دەدەین."