سوریاییەکان بە زیندانێکدا دەگەڕان بە دوای کەسوکارییاندا لە شوێنێک کە نموونەی خراپترین کارە دڕندانەکانی دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەدی لە کارلابراو بوو، لە کاتێکدا کە خەڵکەکە لە دیمەشقی پایتەخت ڕژانە سەر شەقامی گۆڕەپانی شارەکە و ئاهەنگییان بۆ ئازادی وڵاتەکەیان گێڕا.
لە ناوەندی ئەو سیستمی فەرمانڕەوایەتییەدا کە بەشار لە حافیزی باوکییەوە بۆی مابووەوە زیندانە دڕندانەکان و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن بوو کە بەکارهێندراون بۆ لە ناوبردنی دەنگی ناڕازی، ئەوەش لە ڕێی زیندانیکردنی ئەو کەسانەوە کە هێڵی پارتی بەعسییان بەزاندووە.
ڕۆژی دووشەممە فریاگوزارانی ڕێکخراوی کڵاو سپییەکانی سوریا وتییان دەگەڕێن بە دوای دەرگا نهێنییەکان یاخود ژێرزەمینەکاندا لە زیندانی سەیدنایا، دەگەڕێن بە دوای ئەو زیندانییانەدا کە ڕەنگە گیرییان خواردبێت.
ڕێکخراوەکە وتی " بە هەموو وزەمانەوە کاردەکەین بۆ گەیشتن بە هیوایەکی نوێ، دەشبێت ئامادە بین بۆ خراپترین."
ئایدە تەهای تەمەن 65 ساڵ وەکو " ژنێکی شێت بە شەقامەکاندا گەڕاوە " بە دوای براکەیدا کە لە ساڵی 2012 دا دەستگیرکراوە.
وتی چووە بۆ زیندانی سەیدنایا کە باوەڕی وایە هەندێک لە زیندانییەکان هێشتا لە ژێر زەمینەکاندان.
وتی " زیندانەکە سێ یاخود چوار دەرگای ژێرزەمینی هەیە. دەڵێن دەرگاکان ناکرێنەوە چونکە کۆدەکانییان تەواو نین."
ڕۆژی دووشەممە لە ناوەڕاستی شاری دیمەشق، سەرەڕای هەموو نادیارییەکان سەبارەت بە داهاتوو، خەڵکەکە ئاهەنگییان دەگێڕا.
ڕیم ڕەمەدانی کارمەند لە وەزارەتی دارایی بە فرانس پرێسی وت " سەرسوڕهێنەرە، هەرگیز بیرمان لەوە نەکردبووەوە ئەم خەونە ناخۆشە کۆتایی دێت، ئێمە دووبارە لە دایک بووینەوە."
وتی " 55 ساڵە ئێمە دەترسین قسە بکەین، تەنانەت لە ماڵیشەوە، دەمانوت دیوارەکان گوێیان هەیە. ئێستا وا هەست دەکەین لە خەونێکدا دەژین."
سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی دەبێت ئەسەد " لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت "، لە کاتێکدا کە وتی ڕووخانی ئەسەد " دەرفەتێکی مێژووییە " بۆ گەلی سوریا.
بەڵام لە هەمان کاتیشدا هۆشداریدا لەسەر گروپە ئیسلامییە توندڕەوەکان لە نێو هاوپەیمانییە یاخیبووەکاندا و وتی " هەندێک لەو گروپە یاخیبووانەی کە ئەسەدییان خست تۆمارێکی ترسناکی تیرۆر و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤییان هەیە."
سەرچاوە/ فرانس پرێس