لە دوای ئەسەد کێ حوکمڕانی سوریا دەکات؟

دواجار بەشار ئەسەد دەستبەرداری دەسەڵات بوو و وڵاتەکەی جێهێشت، بەمەش کۆتایی بە حوکمڕانی دیکتاتۆریانەی بنەماڵەی ئەسەد هات کە بۆ ماوەی 54 ساڵ درێژەی کێشا. هەرچەندە لە ئێستادا هەیئەت تەحریر ئەلشام خۆی بە ڕێبەری شۆڕشەکە دەزانێت و کۆنترۆڵی پایتەختی کردووە، بەڵام دوا ڕۆژ لەم وڵاتە فرە نەتەوە و ئاین و ئاینزایە حوکمڕانییەکی جیاوازی دەوێت.

دەپرسین:

هەتا کەی گروپی هەیئەت تەحریر ئەلشام دەتوانێت حوکمڕانی سوریا لە دیمەشقەوە بکات؟

ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لەم قۆناغەدا چییە؟

چۆن نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵی نێودەوڵەتی دەتوانن سوریا بەرەو ئاشتی و ئارامی ببەن؟

چەند مەترسی هەیە شەڕێکی دیکەی ناوخۆ لە سوریا هەڵبگیرسێت بەهۆی بوونی ئەو هەموو گروپە چەکدارە؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری:

پرۆفیسۆر دکتۆر عوسمان عەلی، سەرۆکی سەنتەری تاسک بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی لە هەولێر.

پرۆفیسۆری یاریدەدەر سەردار موسا شەریف، پسپۆڕ لە بەشی پەیوەندی نێودەوڵەتی.

شوان حەمە، ڕۆژنامەوان و چاودێری سیاسی.

Your browser doesn’t support HTML5

لە دوای ئەسەد کێ حوکمڕانی سوریا دەکات؟

پرۆفیسۆر دکتۆر عوسمان عەلی:

ئەگەر بڕوانین لەوەی ئێستا(گروپی تەحریری شام)دەیکات، تاڕادەیەک ڕوویەکی جیاوازتر و ئەرێنیان پیشانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و جیهانیان داوە، توانیان بە کەمترین خوێن ڕشتن بگەنە پایتەخت، جگە لەوەی داوایان لە سەرۆک وەزیرانی سوریا کرد کە لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە تا کاروباری دەوڵەت بەڕێوەببات، هەروەها دڵنیایین بە پێکهاتە و نەتەوە و ئاینە جیاوازەکان دا کە پارێزراو دەبن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەک هەر وڵاتێکی تر سوریا ئێستا لەبەردەم کۆمەڵێک ئاڵنگاریدایە، لەوانە شەڕی ناوخۆ بەتایبەت کە گروپە جیاوازە چەکدارەکان بەعەلمانی و ئیسلامیەوە چەکی زۆرییان کەوتووەتە بەردەست، هەروەها دەستوەردانی وڵاتانی دەوروبەریش یەکێکی ترە لە ئاڵنگارییەکانی تر کە لەبەردەم سوریادایە.

گومانی تێدانیە ئەو دەسەڵاتەی لە تورکیا هەیە دژی ئەو خەتەی پەکەکەیە کە ئێستا لە سوریادا هەیە، دەبێت کورد و هەسەدە لە سوریادا زۆر وریایانە مامەڵە بکەن، خۆیان دوور بخەنەوە لە توندوتیژی، ئەزمونێک هەیە کە دەمەوێت ئێستا باسی بکەم کە هەسەدە دووبارەی نەکاتەوە، ئەوکاتەی کە شۆڕشی ئیسلامی ئێران ئەنجامدرا، بڕیاری نوسینەوەی دەستور بەشێوەی ئیسلامی درا، ئەوکات برایانی کورد قاسملۆ و هاوڕێکانی دژی وەستانەوە، ئەوەبوو ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە شوێنی کۆبونەوەی نەیارانی ڕژێم و دواتر کۆمەڵکوژی تێدا ئەنجامدرا، بۆیە دەبێت ئێستاش برایانی کورد لە سوریا داواکاری زیاتر لە قەبارە نەکەن، داواکارییان ئەوەبێت ئەو ناوچانەی زۆرینە کوردن دەسەڵاتی خۆجێی بدرێتە کورد، لەوە زیاتر بەتایبەت بابەتێک داوا نەکەن کە ڕای گشتی سوریا و گروپەکان بوروژێنێت.

ئەوەی من دەیبینم ئەوەیە کە ئەگەری هەیە دۆخی سوریا وەک لیبیای لێبێت، کە حکومەتێکی ناوەندی نەبێت، چونکە زۆربەی گروپەکان لەدوای قەزافی چەکیان هەبوو، لە سوریاش ئێستا هەر بەوجۆرەیە.

دۆخی کورد لە ڕۆژئاوا لەبەردەم مەترسی کۆمەڵکوژیدایە، تاکە فاکتەر ئەوەیە کە کاک مەسعود و کاک نێچیرڤان بەو پەیوەندییانەی کە هەیانە لەگەڵ ئەمەریکا و لەگەڵ تورکیا و لەگەڵ مەزڵوم عەبدیدا هەماهەنگی بکەن لەگەڵ تورکەکان و پێی بڵێن، کاکە ئەوە هەرێمی کوردستان لە باشور کە چەند ساڵە هەیە هیچ زیانێکی بۆ ئاسایشی نەتەوەیتان نەبووە، ئەم واقیعەی ئێستاش لە ڕۆژئاوا هەیە هیچ زیانی بۆ ئاسایشی نەتەوەیتان نابێت ئەو خەتەی ئێمەش کە هێزی ڕۆژە ئەوەتا لەوێن هیچ زیانیان بۆ ئاسایشی نەتەوەیتان نیە، من دەڵێم ئەم شێوە پراگماتییە کە ئەوانەشی لە دیمەشقن بچن هێرش بکەنە سەرییان،حەقە کاک مەزڵوم عەبدی داوا لە کاک مەسعود بارزانی و کاک نێچیرڤان بارزانی بکات، ئێمە پارتی بین یا نا کاک مەسعود ڕۆڵێک و پێگەیەکی نێودەوڵەتی هەیە، بۆیە جێی خۆیەتی کەئەو ئەرکە نیشتمانیە جێبەجێ بکات جا داوای لێبکرێت یاخود باشترە خۆی ئەو دەسپێشخەرییە بکات بۆ ئەوەی ئەو ڕۆڵە بگێڕێت، دووپاتیدەکەمەوە لەناوخۆش دەبێت هەسەدە پێذاچونەوە بە سیاسەت و مامەڵەی خۆی بکات بەتایبەت لەگەڵ هێزەکانی ڕۆژ و ئەنەکەسە و لایەنەکانی تری کوردی سوریا.

پرۆفیسۆری یاریدەدەر سەردار موسا شەریف:

ڕاستە فرمان بە سەرۆک وەزیرانی سوریا کراوە کە بەردەوام بێت لەسەر کارەکەی بۆ ئەوەی دامودەزگاکانی دەوڵەت پەکیان نەکەوێ، بەڵام وەک دەزانرێت گروپی (تەحریر الشام) لە چەند گروپێکی جیاواز کە هەریەکەیان سەر بەئەجێندای دەوڵەتێکن پێکهاتووە، بۆیە ئەگەر بوترێت محەمەد جۆلانی دەتوانێت بۆ داهاتوو دەسەڵاتی بەسەر ئەم هەموو گروپ و هێزە جیاوازە هەبێت ئەمە بۆچونێکی هەڵەیە،چونکە هەریەک لە (ئیمارات،قەتەر،میسر،سعودیە،هەروەها تورکیا)کە هاوکاری گروپە جیاوازەکانی ناو تەحریر شامیان کردووە ستراتیژ و بەرنامەی جیاوازی خۆیان هەیە، دەبێت ئەم گروپانە پێکەوە لەگەڵ سوپای سوریای تێکشکاو هەوڵبدەن دەستی وڵاتانی دەرەکی لەخۆیان دووربخەنەوە.

تورکیا بەدوای ڕۆڵێکی گەورەدا دەگەڕێت کە لە سوریادا بیبینێت لە ڕێگای سوپای سوریای ئازاد کە بەشی زۆری تورکمانە و لەماوەی ڕابردوو هاوکاری جدی ئەو هێزەی کردووە، هەروەها تورکیا دوو مەبەستی هەیە لەبینینی ئەم ڕۆڵەیدا، یەکەم، لاوازکردنی هەژموونی ئێرانە کە ئەوە بەدیهات، دووەم، لەناوبردن یان ڕێگەنەدان بەوەی کورد نەبێتە خاوەن جوگرافیایەکی کوردی بۆ خۆی لە سوریادا، ئەمە ئێستا لەئەرکە لەپێشینەکانی ئەردۆگان و تورکیایە لەسوریادا، بەڵام ئەوەی هەیە،محەمەد جۆلانیە کە ئیخوانیە ئایا دەتوانێت لەگەڵ ئەردۆگان کاربکات؟ڕاستە جۆلانی ڕابردوویەکی تیرۆریستی هەیە، بەڵام ئەمڕۆ وەک کەسێکی نیشتمانی نەتەوە پەرستی سوری دەردەکەوێت، بەبۆچونی من لەداهاتوودا جۆلانی تەحەدای دەسەڵاتی ئەردۆغان لە سوریادا دەکات، وەڕێگە نەدات کە ئیخوانییەکان و ئەردۆگان لە سوریادا ببنە خاوەنی دەسەڵات، ئەویش بە بەستنی هاوپەیمانی لەگەڵ هێزە جیاوازەکان، نەخشەی سیاسی سوریا لە دوو مانگی داهاتوو ڕوون دەبێتەوە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی پێگەی سوننەکان بەهێز بووە، پێگەی ئێران و شیعە لاواز بووە، کوردیش ئێستا چاوەڕوانە بزانێت داهاتووەکەی بەرەو کوێ دەڕوات.

ئەو هێزە چەکدارانەی ئێستا لەسوریادان هەریەک سەر بەدەوڵەت و ئەجێندایەکن، باسکردن لەوەی ئەو هێزانە دەتوانن لە داهاتوودا بە ئاشتی پێکەوە بژین و سوریا بەڕێوەببەن، نەخێر زۆر زەحمەتە، بەڵکو سوریا لەسەرەتای پڕۆسەیەکی نوێدایە کەهێزەکان دەیانەوێت کێبڕکێ و زۆرانبازی لەگەڵ یەکتر بکەن بۆ ئەوەی هەریەکە هێزی خۆی بەرامبەر ئەوی تر تاقیبکاتەوە،نەتەوە یەکگرتووەکانیش بە پاڵپشتی و داواکاری (ئەمەریکا و فەرەنسا و بەریتانیا)و ئەو دەوڵەتانەی کە واژۆیان لەسەر بڕیاری ٢٢٥٤ کردووە، لەگەڵ هێزە هەرێمییەکان، ئەگەر نەیەت کۆنفرانسێکی ئاشتەوایی نەبەستێت بۆ ئەوەی شەڕی ناوخۆ ڕوونەدات لەنێوان ئەو هێزە جیاوازانەی ئێستا لەسوریادان و هەریەکەیان سەر بەو دەوڵەت و ئەجێندایانەن ئەوا هەر کۆبوونەوە لەدوای کۆبوونەوە دەکات و کات دەکوژێت و هیچی پێناکرێت.

شوان حەمە:

ڕووخانی ڕژێمی بەعس بە تەنها کۆتایی بەعسی فاشیزم نەبوو، بەڵکو لەهەمانکاتدا شکستی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، کە لەساڵی ١٩٧٩ دروشمی هەناردەکردنی شۆڕسی ئیسلامی بۆ دەرەوەی ئێران بەرزکردووەتەوە و کاری بۆ کردووە لەو پێناوەشدا بە ملیۆنان دۆلاری خەرجکردووە لەپێناو جێبەجێکردنی ئەو ستراتیژەی، هەرخۆی هاتنەپێشەوەی (تەحری شام)، ئازادکردنی دیمەشق، خۆی بۆ خۆی وەلاخستنی گروپە ئیسلامیە سورییە چەکدارییەکانی سەر بە تورکیایە، کە خۆی دەوترێت (تەحریر الشام)زیاتر سەر بە بەریتانیا و وڵاتانی دەرەوەیە یا پشتیوانی دەکرێن.

داهاتووی سوریا زۆر زەحمەت دەبێت، قورس دەبێت بۆ هەر شرۆڤەکارێک کە پێشبینی ورد بکات بۆ داهاتووی سوریا، بەهۆی بوونی ئەجێندا و دەستوەردانی وڵاتانی دەرەکی لەئێستادا، لە داهاتووشدا ئەگەری هەیە سعودیە و ئیمارات و قەتەر بێنە ناو، جگەلەوەی ڕۆڵی ڕووسیاش نابێت لەبەرچاو نەگیرێ، هەروەها تورکیا، وە ئێرانیش بەجۆرێک لە جۆرەکان ڕۆڵی دەمێنێت.

شەڕی ناوخۆ لە سوریا ئەگەر و مەترسییەکە کە هەموو کاتێک ئەگەری هەیە ئەوەیە دروست ببێت نەک لەنێوان کورد و هێزەکانی تر بەڵکو لەنێوان شیعە و سوننەدا، تەنانەت لەناو گروپی تەحریری شام و گروپە ئیسلامییەکاندا خودی (محەمەد جۆلانی) تۆمەتبارە بە خیانەتکردن لە ئەبوبەکر بەغدادی و وتەبێژی داعش لە ڕابردوو، تەنانەت من ڕاپۆرتێکم بینی کە نزیکەی ٦٠ پێکهاتەی جیاواز لە ناو تەحریر شامدا هەیە، گرنگە کورد کار بۆ ئەوە بکات کە بەرژەوەندییەکانی کورد و ئەمەریکا لێک نەترازێت.