جموجۆڵی لەشکری ڕووسیا هێشتا لە بنکەیەکی سەربازی نزیک قامشلۆ بەردەوامە

ڕووسیا جگە لە قامشلۆ سەرجەم بنکەکانی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر چۆڵکردووە. هەتا ئام دەکردنی ئەم هەواڵەش بنکەی ڕووسیا لە نزیک فڕۆکەخانەی قامشلۆ چۆڵ نەکراوە، لە کاتێکدا هەندێک ڕاپۆرت باس لەوە دەکەن کە ڕووسیا ئامادەکاری دەکات بۆ چۆڵکردنی.

پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا زاناعومەر لە قامشلۆوە ڕایدەگەیەنێت، جموجۆڵەکانی لەشکری ڕووسیا لە بنکەکەی نزیک فڕۆکەخانەی قامشلۆ ئاساییە.

بەڵام دەشڵێت نازانرێت ئەو جموجۆڵە بۆ چۆڵکردنە یان جموجۆڵێکی ئاسایی لەشکری ڕووسیایە لە ناوچەکە.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕووسیا لە ناوچەکانی هەسەدە بنکەکانی چۆڵ دەکات

ڕووسیا لە ساڵی 2015وە پێگەی خۆی لە سوریا بەهێز کرد. بەگوێرەی نێوەندی جسور، لە ساڵی 2023دا 105 بنکە و خاڵی سەربازیی ڕووسیا لە سوریا هەبووە.

بنکە سەربازییەکانی حمێمیم و لازقییە لە کەنارئاوەکانی سوریا سەرەکیترین بوون کە لەوێیوە سەرکردایەتی لەشکری خۆی دەکرد لە وڵاتەکەدا.

لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە زیاتر لە 20 خاڵی سەربازی لە مەنبەج، کۆبانی، عەین عیسا، ڕەقە، تلتەمر، عامودە و قامشلۆ هەبوون.

لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا، هێزەکانی ڕووسیا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە کشانەوە و ئێستا تەنها لەو بنەکەی نزیک فڕۆکەخانەی قامشلۆ ماون.

جێی باسە ڕۆژی دووشەممە فڕۆکەکانی ئیسرائیل دوو عەمباری چەک و تەقەمەنی سوریای لەقامشلۆ بۆردومان کرد و ئەم بنکەیەش دەکەوێتە نزیک ئەو شوێنانە.