دیاردەیەک چەندین جار لە نێو پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەدیکراوە، ئەویش سزادان یان سەرکۆنەکردنی پەرلەمانتارێک لەلایەن حزبەکەیەوە تەنیا لەبەر ئەوەی هەڵوێستێکی جیاوازی هەبووە لەوەی سەرکردایەتی حزبەکەی هەیەتی. ئەم دیاردەیە لە ناو هەر پەرلەمانێکدا هەبێت، گیانی دیموکراسی و ئازادی ڕادەربڕین و وتووێژ لە نێویدا دەکوژێت. لەگەڵ ئەوانەشدا دەبێتە مایەی لاوازبوونی ئەو پەرلەمانە لە جێبەجێکردنی ڕۆڵی سەرەکی خۆی، ئەویش چاودێریکردنی دامودەزگاکانی حکومەت و لێپرسینەوە لە کاربەدەستانی باڵای حکومەت. سەرئەنجام متمانەی خەڵکی بەو پەرلەمانە لاوازدەبێت و پێگەی بەهێزی خۆی لەدەست دەدات.
دەپرسین:
ئەم دیاردەیە هەتا ئێستا چ کاریگەرییەکی بەسەر ئەرکەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان هەبووە؟
هۆکار چییە سەرکردایەتی حزبەکان بەو شێوەیە کاردانەوەی توندیان دەبێت بەرامبەر ئەو نوێنەرانەیان کە لە بابەتێکدا لەگەڵیان هاوڕا نین؟
ئایە دەکرێت پەرلەمان بۆخۆی بتوانێت یاسایەک دەربکات کە ببێتە ڕێگر لە بەردەم ئەم دیاردەیە؟
زانا ڕۆستایی، پەرلەمانتاری پێشووی کۆمەڵی دادگەری،یاساناس
٢-نیعمەت عەبدوڵا،سەرۆکی یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان
٣-سەربەست ئامێدی، سەرۆکی تۆڕی چاو بۆ چاودێری دیموکراسی و مافی مرۆڤ، هەروەها سەرۆکی پێشووی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق.
Your browser doesn’t support HTML5
زانا ڕۆستایی
بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، حزبەکان دەسەڵاتیان هەیە بەسەر ئەندامەکانیان چ وەک کاندید چ وەک پەرلەمانتار، بۆ ئەو بەرنامە هەڵبژاردنەی هەیانە پێویستە پابەند بن، ئەگەرنا زۆر جار حزبەکانیان لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکەن، ئەمە بە تەنها لە کوردستان و عێراق بەوجۆرە نیە، بەڵکو لە زۆربەی وڵاتان بەوجۆرەیە، ئەو بڕیارەی کۆمەڵی دادگەریش یەکەمجارە حزبێک ڕێوشوێنی لەوجۆرە دەگرێتەبەر سەبارەت بە کاندیدێک،وە یەکەمجارە حزبێک دوای بەدەستهێنانی کورسی بڕیار دەدات نەچێتە پەرلەمان، دەرکردنی ئەو کاندیدەی کۆمەڵ لەسەر بنەمای ئەو بەڵێننامەیەیە کە لەکاتی کاندیدکردنی هەرکەسێک پڕدەکرێتەوە، کە پێویستە پابەندی هێڵە گشتییەکان و بڕیارەکانی حزب بێت و بەرنامەی هەڵبژاردنی حزبەکەی جێبەجێ بکات، جگە لەوەی لەڕووی ئابورییەوە دەبێت ئەو پەرلەمانتارە بەشێک لە موچەی پەرلەمانتاری بگەڕێنێتەوە بۆ حزب، من کە پەرلەمانتار بووم هەرگیز ڕۆژێک لە ڕۆژان هەستم بەوە نەکردووە کە حزبەکەم فشارم لێدەکات،وە خۆشم ویژدانم ڕێگەی پێنەداوم لەچوارچێوەی گشتی بەرنامەی حزبەکەم لابدەم، بەپێچەوانەوەی حزبەکانی ترەوە کۆمەڵی دادگەری ئازادی داوەتە پەرلەمانتارەکانی چونکە دەڵێ ئەوان لەناو واقعەکەن، لەگەڵ ئەوەش ئێمە هەستمان دەکرد پەرلەمانتاری تر لە فراکسیۆنەکانی تر لەژێر فشاری حزبەکانیاندان،زۆرجار بەشێوەیەک لەژێر فشار دەنگیان بەباتەک داوە کە ڕەنگە خۆی بڕوای پێ نەبوبێ.
بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان دەستوەردانی حزبی بەسەر هەموو دامودەزگاکان هەیە، لەنێویشیاندا پەرلەمان، ئەمەش وایکردووە کە پەرلەمان نەتوانێت بە ئەرکی ڕاستەقینەی خۆی هەستێت.
لە هەرێمی کوردستان حزبەکان بە بەرنامە کار بۆ لاوازکردنی پەرلەمان دەکەن، دەبوو پەرلەمان وەک خولی یەکەم و دووەمی بەرپرسە باڵاکانی خۆی بنێرێتە پەرلەمان نەک بەوجۆرەی ئێستا دەچن کادیرەکانی خوارەوەی حزب دەنێرنە پەرلەمان، کادیرەکانی سەرەوەش بۆ حکومەت ئەمەش وادەکات سبەی ئەو پەرلەمانتارە نەتوانێت کادیرە باڵاکەی حزبەکەی کە وەزیرە یا بەرپرسی حکومەتە بانگ بکاتە پەرلەمان بۆ لێپرسینەوە، حزبەکان هەندێک خەڵک بەهۆی ئەوە کاندید دەکەن مناڵی شەهیدە یا کوڕی سەرۆک عەشیرەتە، یا بەهۆی پێگەی کۆمەڵایەتی، بێ ئەوەی توانا و شارەزایی ئەو کاندیدە لەبەرچاو بگرن، حزبەکان هەندێک کەس کاندید دەکەن و دەبنە پەرلەمانتار دەچنە پەرلەمان هیچ شارەزاییەکیان نیە نازانرێت لە چ لیژنەیەک دابنرێت وەک بەردی خڕ وان بۆ هیچ شوێنێک دەستنادات.
حزبەکان منەتی ئەوە دەکەن بەسەر پەرلەمانتارەکانیان کە ئەگەر حزب نەبووایە ئەوکەسە دەرنەدەچوو نەدەبووە پەرلەمانتار، بەداخەوە ئەو واقیعە حزبیەی لە کوردستان هەیە، کەسێک چەندە بەتوانا و پسپۆڕ بێت ئەگەر حزبێک لە پشتی نەبێ ناتوانێت دەنگی پێویست بەدەستبهێنێت لەبەرامبەردا کادیرێکی خوارەوەی حزب دەتوانێت بەپشتیوانی حزبەکەی دەبێتە پەرلەمانتار، ئەو ئیجرائاتەی حزبەکانیش لە دەرکردنی ئەندام و کادیرانیان دەیکەن بەدەرکردنیانەوە ئەوە بەپێی یاسای حزبەکان ڕێگەدراوە کەهەر حزبێک مافی خۆیەتی پەیڕەوی ناوخۆی هەبێت لەناو ئەو پەیڕەوەشدا کە کۆمسیۆن پەسەندی کردووە بابەتی سزا و پاداشتی ئەندامانی حزب هەیە، حزبەکە نەغەرامە نەزیندانی کردنی نیە بۆیە تەنها دەرکردنە کە وەک سزا حزبەکان دەیگرنەبەر بەرامبەر کادیرەکانیان ئەگەر پابەند نەبن بەبڕیار و بەرنامەی حزبەکانیان،ئەو کادیرەش دەتوانێت لە دادگای ئیداری تانە لە بڕیارەکە بدات ئەگەر پێی وابوو پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی حزبەکەیەتی، یاخود ئەگەر وشەیەک بەرامبەر کادیرە دەرکراوەکە بەکارهاتبوو دژی یاسای سزادانی عێراقی، ئەوا سکاڵا تۆمار بکات.
سەربەست ئامێدی
لە کوردستان و عێراق سیستمی هەڵبژاردن ڕێژەییە، واتە حزبەکان ناوی کاندیدەکانیان بە لیست پێشکەش دەکەن، بەڵام لەو ڕۆژەوەی کاندیدەکان دەردەچن ئیتر ئەو کورسیە دەبێتە کورسی ئەو کاندیدەی کەناوی لە هەڵبژاردنەکان دەرچووە، واتە حزبەکەی بە هیچ جۆرێک ناتوانێت کورسی لە کاندیدە دەرچووەکە بسەنێتەوە، دەربارەی ئەوەی کۆمەڵی دادگەریش، کۆمەڵی دادگەری لەوە دەرچووە بڵێ من بایکۆتی پەرلەمان دەکەم، چونکە ئەگەر ئەو دوو کاندیدە دەرچووەی تر نەچنە پەرلەمان، ئەوا داوا لە کۆمسیۆن دەکرێت کە دوو کاندیدی کۆمەڵی دادگەری کە دوای ئەو سێ کاندیدە دەنگی زۆریان هێناوە، کێ دەڵێ ئەو کاندیدانەی تری کۆمەڵی دادگەری ناچنە پەرلەمان کاتێک کۆمسیۆن داوایان لێبکات؟! هەتا کاندید لە لیستی کۆمەڵی دادگەری بمێنێت کۆمسیۆن داوا لە حزبەکانی تر ناکات بۆ پڕکردنەوەی کورسیەکانی کۆمەڵ، خۆ ئەگەر هیچ کاندیدێکی کۆمەڵی دادگەری نەچوونە پەرلەمان ئەوکات کۆمسیۆن داوا لەو حزبە دەکات کە (باقی ئەقوای)هەیە، بەو شێوەیە
.
دەربارەی دەرکردنی کاندیدەکەی کۆمەڵی دادگەری،لەلایەن حزبەکەیەوە شتێکی ئاساییە، چونکە کۆمەڵ بڕیاری داوە نەچێتە پەرلەمان بەڵام ئەو کاندیدە چوو،بۆیە حزبەکەی تەنها توانی لەحزب دەریبکات نەک کورسیەکەی لێبسەنێتەوە، لەبەر سیستمی هەڵبژاردنیش کە حزبەکان خەڵکی خۆیان دەنێرن و دەنگی بۆ کۆدەکەنەوە،کاندید بەسەربەخۆ ناتوانێت دەربچێت، بۆیە حزب بەمافی خۆی دەزانێت کەئەندامەکانی پابەند بێت بەبڕیاری حزبەکەیان، وە ئەو حزبە ئەندامانی خۆی دەنێرێتە پەرلەمان بۆجێبەجێکردنی ئەجێندای خۆی.
دەستوەردانی حزب لە کاروباری پەرلەمان پەیوەندی بەخودی پەرلەمانتارەکەوە هەیە، بەداخەوە خولی ڕابردو وەئەم خولەش زۆرینەی پەرلەمانتار کەسانی پسپۆڕ نین بتوانن لە بوارێکدا یاسا دابنێن، ئەگەر وەک وڵاتانی پەشکەوتوو بووایە حزب خەڵکانی شارەزای بناردایە، ئەو خەڵکانە خۆیان دەچونە لیژنەی تایبەتمەند و بەهۆی پسپۆڕییەکەیانەوە دەیانتوانی خاوەن بڕیار بن،نەک وەک عەراق و کوردستان کەسەرۆکی کوتلە کەحزب دایدەنێ تەوجیهات بداتە پەرلەمانتار لەسەر هەموو بابەتەکان،خاڵێکی تریش ئەوەیە کە لەکوردستان حکومەت حکومەتی زۆرینە نیە، بەڵکو حکومەتی بنکەفراوان لەنێوان لایەنەکان پێکدێت،واتە وەزیرەکانی حکومەت کاندیدی لایەنەکانە، پەرلەمانتارانیش بەهەمان شێوە کاندیدی خودی ئەو لایەنانەن بۆیە ئەگەر حکومەت و وەزارەتێک کەموکورتی هەبێت پەرلەمانتارەکان بەهۆی پشکی حزبەکانیان لە حکومەت ناتوانن ببنە چاودێر بەسەر وەزارەتەکان، واتە ناتوانن ئەرکی چاودێری جێبەجێ بکەن وەک خۆی.
نیعمەت عەبدوڵا
بەداخەوە لە کوردستان، حزبەکان کاریگەر و دەستوەردانیان لەسەر دامەزراوەی پەرلەمان هەیە، کاریگەری ئەو دەستوەردانەش بەئاشکرا دەبینین، کە هەندێکجار پەرلەمانی پەکخستووە، یاخود خودی پەرلەمانتان لەناو هۆڵی پەرلەمان کێشەیان نیە، بەڵام کاتێک ناکۆکی دروست دەبێت لەنێوان حزبەکانیان پەرلەمانتار دەڵێی لە مەقەڕی حزب دانیشتووە نەک لەناو پەرلەمان، خولی یەکەم و دووەم، پەرلەمانی کوردستا زۆرباش بوو، خولی سێیەمیش تاڕادەیەک، بەڵام ئەم خولانەی دواتر بەداخەوە بەهۆی ململانێ حزبیەکانەوە دۆخی پەرلەمان دەبینین، هەر ئەم خولە نوێیەی پەرلەمان دەبینین هەتائێستا یەک دانیشتنی کردووە کە دانشتنەکەشی تەواو نەکرد نەیتوانی دەستەی سەرۆکایەتی بۆخۆی هەڵبژێرێت، ئەگەر دەستوەردانی حزبی نەبووایە دەبوو لەو دۆخەی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان،بەپەلە پەرلەمانی هەرێمی کۆببوایەوە ،مەعقول نیە ئەمەریکا چەند قاڕە لە سوریا دوورە کۆبونەوەی بۆ دەکات کەچی بکات؟کەچی ئێمە لەپاڵ دەستی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان نە پەرلەمان نەسەرۆکایەتی هەرێم و حزبەکان کۆنەبنەوە و پشتیوانی دیموکراسی و هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگای ئاشتیانە نەدەین بۆ ئەوان و بۆ خۆشمان!
بەداخەوە دەستی حزب نەبووایە لەسەر پەرلەمان،پەرلەمانی کوردستان ئێستا زۆر زۆر باشتر دەبوو، لەو ٣٠ ساڵەی پەرلەمان هەیە ٣٠ هەنگاو زیاتر دەچوینە پێش، بەڵام بەهۆی دەستوەردانی حزبەکان دەبینین دۆخی پەرلەمان چۆنە لەو ٣٠ ساڵە یەک هەنگاو بەرەوپێش نەچوین هەر لە شوێنی خۆمان جوڵە دەکەین.
پەرلەمان لە کوردستان وەک میلەتێک نەهامەتی زۆری بەسەردا هاتووە، بێ دەسەڵات و بێ تاوانە کەچی دواتر هەموو تاوانەکە دەخەنەوە سەر ملی پەرلەمان،پەرلەمانی کوردستان پەرلەمانێکی زۆر لێکراوەوە واتە لەژێر هەڕەشەو و دەستوەردانی حزبەکانە هەرلەیەکەم ڕۆژییەوە ئەوەتا لێناگەڕەن کۆببێتەوە و کارەکانی خۆی بکات،هەر بۆیە ساڵ بەساڵ دەچێتە دواوە لەبری پێشکەوتن.