پیاوێکی ئەمەریکایی دوای چەند مانگێک لە بێسەروشوێن بوونی، لە سوریا دۆزرایەوە

پیاوێکی ئەمەریکایی کە بێسەروشوێن ببوو، دوای ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی سوریا لەو وڵاتەدا دۆزرایەوە.

تراڤیس تیمەرمەن ڕۆژی پێنجشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعەرەبیە ڕایگەیاند کە بۆ ماوەی 7 مانگ لە سوریا دەستبەسەربووە و ئاماژەی بەوەشکرد دوای مانەوەی یەک مانگ لە شاری زەحلە لە لوبنان، بە ڕێگەی وشکانی بۆ گەشتێکی ئایینی چووەتە سوریا و بەهۆی چوونە ژوورەوەی "نایاسایی" دەستگیرکراوە.

گوتیشی گوێی لە دەنگی ئەشکەنجەدانی گەنجانی دیکە بووە لە دەستبەسەرگەی بەناوبانگی "سەیدنایە"، بەڵام خۆی لەلایەن کارمەندانی بەشار ئەسەدەوە خراپ مامەڵەی لەگەڵ نەکراوە و هەراسان نەکراوە، بەڵام سنووردارکردنی هەبووە وەک ڕێگریکردن لەخۆشتنی.

چەکدارانی سوریا کە دەستیان بەسەر وڵاتەکەدا گرتووە، ڕایانگەیاندووە کە بە باشی ئاگایان لە تراڤیس هەیە و بە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی تراڤیس ڕایانگەیاندووە کە ئێستا لە شوێنێکی پارێزراودایە.لە ڤیدیوکەدا تراڤیس لەخەودایە، بەڵام لە خەو هەڵدستێت و دواتر قسەی لەگەڵ پەیامنێری ئەلعەرەبی لە دیمەشقە کردووە.

سەرەتا وادەزانرا ئەو ئەمەریکاییە کە دۆزراوەتەوە ئۆستین تایس ڕۆژنامەنووسێکی ئەمەریکاییە کە لە 12 ساڵ لەمەوبەرەوە لە سوریا دیارنەماوە، بەڵام هەردوو ڕۆژنامەنووسانی ئاشنای ئۆستین تایس ئەم ئەگەرەیان ڕەتکردەوە و دواتر تراڤیس تیمەرمەن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعەرەبیە ناسنامەی خۆی پشتڕاستکردەوە و چیرۆکی گیرانەکەی لە "سەیدنایەدا ڕوونکردەوە.

جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا هیوای خۆی دەربڕی کە ئۆستین تایس هێشتا لە ژیاندا مابێت و گوتی واشنتن پابەندە بە گەڕانەوەی بۆ وڵاتەکەی. سوریا ڕەتیکردبووەوە کە تایسی دەستگیرکردبێت. هێزە مەدەنییەکانی سوریا لە دوای ڕووخانی حکوومەتەکەی بەشار ئەسەد، لە هەوڵی دۆزینەوەی ئەو ڕۆژنامەنووسەدان.