دانۆڵد ترامپ کێری ڵەیک وەک سەرۆکی داهاتووی دەنگی ئەمەریکا هەڵدەبژێرێت

دانۆڵد ترامپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا، کێری ڵەیک، سیاسەتمەدار و ڕۆژنامەنووسی پێشووی ویلایەتی ئەریزۆنا وەک هەڵبژاردەی خۆی بۆ سەرۆکایەتیکردنی دەنگی ئەمەریکا ڕادەگەیەنێت.

ترامپ لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیای خۆی (تروث سۆشال) ڕایگەیاند "بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنم کە کێری ڵەیک وەک بەڕێوەبەری داهاتووی دەنگی ئەمەریکا خزمەت دەکات."

خاتوو ڵەیک هاوپەیمانێکی سیاسی نزیکی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکایە و پێشتر پێشکەشکاری کەناڵێکی تەلەفزیۆنی فۆکس نیوز بووە لە شاری فۆنیکس لە ویلایەتی ئەریزۆنا.

ناوبراو پێش ئەوەی لە ساڵی 2021 پیشەکەی جێبهێڵێت و خۆی بۆ پۆستی پارێزگاری ویلایەتی ئەریزۆنا کاندید بکات بۆ ماوەی 27 ساڵ لە بواری ڕۆژنامەگەریدا کاری کردووە.

ترامپ هەروەها نووسیویەتی بەم زووانە هەڵبژاردنی خۆی بۆ سەرۆکایەتی ئاژانسی ئەمەریکایی بۆ میدیای جیهانی کە بە USAGM ناسراوە ڕادەگەیەنێت. ئاژانسی ئەمەریکایی بۆ میدیای جیهانی سەرپەرشتی دەنگی ئەمەریکا و میدیاکانی دیکە دەکات کە لەلایەن ئەمریکاوە پارەیان بۆ دابین دەکرێت. ئەو پۆستە لەلایەن سەرۆکایەتییەوە کاندید دەکرێت و پێویستی بە ڕەزامەندی ئەنجومەنی سینات هەیە.

ترامپ هەروها وتی لەگەڵ سەرۆکی ئاژانسی ئەمەریکایی بۆ میدیای جیهانی کاردەکات بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ورد و دادپەروەرانە بەها ئەمەریکاییەکان لەوانەش "ئازادی" لە سەرانسەری جیهاندا بڵاو بکاتەوە، نەک "درۆکان بڵاو بکاتەوە کە لەلایەن میدیای ساختەوە بڵاودەکرێنەوە".

خاتوو ڵەیک لە کاردانەوە بە هەڵبژاردنی لەلایەن دانۆڵد ترامپەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی "شانازی دەکەم کە سەرۆک ترامپ داوای لێکردم سەرکردایەتی دەنگی ئەمەریکا بکەم."

ڵەیک دەڵێت "بە بینەری جیهانی 326 ملیۆن کەس، دەنگی ئەمەریکا هەواڵەکان بە 48 زمان دەگەیەنێت". بە گوتەی کێری ڵەیک، دەنگی ئەمەریکا لەژێر سەرکردایەتی ئەودا دەگاتە لوتکەی خۆی.

مایک ئەبرامۆڤیتز، سەرۆکی ئێستای دەنگی ئەمەریکا لە وەڵامی ئەو ڕاگەیاندنەدا وتی "من پێشوازی لە گواستنەوەی بێ کێشەی دەسەڵات لە سەرۆکایەتی ڕێکخراوی میدیایی جیهانی ئەمەریکا و دەنگی ئەمەریکا دەکەم."

ئاماژەی بەوەشکرد "بەنیازم لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی نوێ کاربکەم و ئەو پرۆسەیە پەیڕەوبکەم کە کۆنگرێس لە شوێنی خۆیدا بۆ دەستنیشانکردنی بەڕێوەبەرێکی دەنگی ئەمەریکا دەیگرێتە بەر."