ئەمڕۆ شەممە کاروانێکی هێزەکانی ئەمەریکا کە لە چەند زرێپۆشێک پێکهاتبوون، گەیشتنە شاری کۆبانی.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتوون، گەیشتنی هێزەکانی ئەمەریکا بۆ ئەم ناوچەیە کاتییە و ئامانج لێی نێوەندگیری و چاودێریکردنی جێبەجێکردنی هەندێک ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و تورکیایە.
یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی ئەم ڕێککەوتنە، گواستنەوەی گۆڕی سلێمان شایە لە گوندی ئاشمێی سەر بە کۆبانێ لەسەر سنوور، بۆ شوێنی پێشووی خۆی لە نزیک پردی قەرەقۆزاک، هەروەها ڕێگە بەو دانیشتووانەی مەنبەج بدرێت کە دەیانەوێت شارەکە بەجێبهێڵن. بەڵام هەتا ئێستا هیچ خاڵێکی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە بێ ئەوەی هۆکارەکان ئاشکرا بکرێن.
پێش ئەوەی هێزەکانی ئەمەریکا بێنە ناو شاری کۆبانێ، چوونە سەر پردی قەرەقۆزاک، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شەڕ و پێکدادانی قورس لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا ڕوویدا و لە ئێستادا لە ژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدایە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، ئەگەری هەیە لە هەر ساتێکدا شەڕ هەڵگیرسێتەوە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیاش لە ئاسمانی ناوچەکە دەسوڕێنەوە.
شاندی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا و هێزەکانی سوریای دیموکرات، ئەمڕۆ بە مەبەستی تاوتوێکردنی دۆخی مەنبەج و بەنداوی تشرین وتووێژیان ئەنجامدا. دوای دانوستان لە نزیک پردی قەرەقۆزاک، کاروانی هێزەکانی ئەمەریکا چوونە ناو شاری کۆبانێ.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتوون، گفتوگۆکان سەرکەوتوو نەبوون و نەگەیشتوونەتە هیچ چارەسەرێک.