فەرماندەی هەسەدە داوای یەکگرتوویی و یەکڕیزی لە کورد دەکات

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە)، لە پەیامێکدا لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس داوای لە هێزە کوردییەکان کرد بەرژەوەندیی نەتەوەیی کورد بپارێزن و خۆیان لە ناکۆکییەکان لەم دۆخە هەستیارەدا بەدوور بگرن.

دەشڵێت" یەکێتی نەتەوەیی کورد لە سوریا ئەمڕۆ پێویستییەکی مێژووییە و وەڵامێکە بۆ هەڕەشەکانی ئەم قۆناغە. ئێمە چاوەڕوانی ئەوە دەکەین هەموو لایەنە کوردییەکان لە بەرژەوەندیی پارتەکەکانیان دوور بکەونەوە و لە داواکارییە جەماوەرییەکان و یەکڕیزی لە سوریا نزیک ببنەوە."

لە لایەکی دیکەوە، فەرهاد شامی، بەرپرسی ناوەندی پەیوەندییەکانی هێزەکانی سوریای دیموکراتی هەسەدە ئەمڕۆ شەممە لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X هەواڵێکی کەناڵی ئەلجەزیرەی سەبارەت بە ڕۆیشتنی ماهیر ئەسەد لە سنورەکەیانەوە ڕەتکردەوە.

شامی دەڵێت"کەناڵی ئەلجەزیرە هەواڵێکی ناڕاستی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند ماهیر ئەسەد لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریاوە بەرەو عێراق هەڵهاتووە و بانگەشەی ئەوە دەکات کە هێزەکانمان کارئاسانیان بۆ کردووە. هەواڵەکە بەتەواوی ناڕاستە و دەشڵێت." هێزەکانمان و خەڵکەکەمان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەم هەوالە ناڕاستانە تووڕە دەکەن."

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەواڵی ڕۆیشتنی ماهیر ئەسەد بۆ عێراق لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگی دایەوە.

بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکان هەتا ئێستا هەواڵی هەڵاتنی ماهیر ئەسەدیان بۆ عێراق و شاری سلێمانی ڕەتکردووەتەوە.