ساڵح موتڵەگ: وڵات بە ئاراستەیەکی هەڵەدا دەبرێت و دۆخی  سیاسی لە بەردەم گۆڕانکاریدایە

جێگری پێشووی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، تایەفەگەری لە نێو کۆمەڵگای عێراقی کاڵ بووەتەوە، بەڵام هێشتا هەندێک لە سیاسییەکان پەیڕەوی دەکەن، بۆیە دەبێت سیاسییەکان گۆڕانکاری لە خۆیاندا بکەن و گفتووگۆی نیشتمانی بە بەشداری هەموو پێکهاتەکان ئەنجام بدرێت.

ساڵح موتڵەگ، جێگری پێشووی سەرۆک وەزیرانی عێراق و یەکێکە لە سەرکردە دیارەکانی سوننەی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"وڵات بە ئاراستەیەکی هەڵەدا دەبرێت و دوای چارەکە سەدەیەک لە ڕووخانی بەعس، گەندەڵی بە ڕێژەیەکی گەورە بڵاوەو پشک پشکێنەی حزبی کۆتایی بە تواناو لێهاتوویی هێناوە، هیچ داهاتوویەکی ڕوون بۆ نەوەی ئێستا بەدی ناکرێت."

لە دوای ڕووخانی رژێمی ئەسەد و کۆنترۆڵکردنی دیمەشق لەلایەن دەستەی هەیئەت تەحریر ئەلشام، بەشێک لە سەرکردە سوننەکانی عێراق بەیاننامەیەکی هاوبەشیان سەبارەت بە پێشهاتەکانی ناوچەکەو دۆخی سوریا بڵاوکردەوە.

هەریەک لە مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئوسامە نجێفی و سەلیم جبوری سەرۆکانی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران، ساڵح موتڵەگ جێگری پێشووی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕایانگەیاند،"عێراق بەشێکە لە ڕووداوەکانی ناوچەکەو ئاڵەنگاری و فشاری زۆری لەسەرە، هەرچەندە تیرۆر لە عێراق دا پشتیوانی لە دەستداوە، بەڵام دەبێت سەرچاوەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر بنەبڕ بکرێن."

ساڵح موتڵەگ دەڵێت،"لە بەیاننامەکەماندا، ئامۆژگاری دەسەڵاتدارانی ئێستامان کردووە بەوەی دۆخەکە بەمجۆرە بەردەوامی نابێت و دەبێت گۆڕانکاری لە خۆیاندا بکەن، پێش ئەوەی ڕووداوی گەورە ڕووبدات و خۆشیان لێی زەرەرمەند بن."

هاتنە دەنگی سەرکردەکانی عەرەبی سوننەو بڵاوکردنەوەی بەیاننامە هاوبەشەکەیان لە کاتێکدایە دۆخی عێراق ئاڵۆزە، ناوخۆی پێکهاتەی شیعەو بە دیاریکراوی پەیوەندی نێوان حکومەتی عێراق و گروپە میلیشیاکان باش نییە، ناوخۆی کورد و عەرەبی سوننەش پەرت بووە.

ساڵح موتڵەگ وتی،"ئێمە داوای گفتووگۆی نیشتمانی گشتگیر دەکەین بە بەشداری سەرجەم پێکهاتەو تایەفە جیاوازەکان، تا ئەو گرفتانە دیاری بکەین وڵات پێیانەوە دەناڵێنێت و ڕێگرن لە بەردەم پێشکەوتنی وڵات، بۆ ئەوەی هەوڵبدەین چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە."

هاتنە دەنگی سەرکردەکانی عەرەبی سوننەو ڕەخنەگرتنیان لە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی عێراق لەکاتێکدایە، لایەنە شیعەکان ترسیان لە پەڕینەوەی ئاڵۆزییەکانی سوریا بۆ عێراق و خرۆشانی شەقامی سوننە هەیە لە دژیان، بۆیە هێزێکی زۆری حەشدی شەعبی و سوپایان لە سنورەکانی سوریا جێگیر کردووە.

ڕووبەری سنوری عێراق لەگەڵ سوریا زیاتر لە 600 کیلۆمەترە، هێزە عێراقییەکان بەشێکی زۆر لەو ڕووبەرە سنورییەیان بە دیواری کۆنکرێتی و تەلبەندکردن وخەندەقی پان و قوڵ و کامیرای گەرمی بینین کۆنترۆڵکردووە، بەڵام هێشتا لایەنە شیعەکان ترسیان لە دۆخی عێراق هەیە.

عەبدولرەحمان جەزائیری، سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی، ڕایگەیاند،"ترسێکی سیاسی ڕاستەقینە هەیە لە ڕوودانی کودەتا لە عێراق، چوارچێوەی هەماهەنگی و حکومەتیش هەستیان بەو مەترسیانە کردووە."

ترسی لایەنە شیعەکان لە دۆخی سیاسی عێراق و ڕوودانی گۆڕانکاری لەکاتێکدایە، بەشێک لە سەرکردەکانی عەرەبی سوننە نایشاردنەوە خۆشحاڵن بەو گۆڕانکارییانەی لە سوریا ڕوویانداوە، لەکاتێکدا گۆڕانکارییەکانی سوریا شیعەکانی عێراقی نیگەران کردووە.

سەبارەت بە ئەگەری پەڕینەوەی ئاڵۆزییەکانی سوریا بۆ عێراق، ساڵەح موتڵەگ دەڵێت،"ڕوودانی پشێوی لە عێراق بەدوور دەزانم، بەڵام دۆخی ئێستای سیاسی عێراق لە بەردەم گۆڕانکاریدایەو ئەمڕۆش ڕوونەدات، گۆڕانکاری دوای ماوەیەکی تر هەر ڕوودەدات."

جەختیشیکردەوە،"وڵات بەمجۆرە بەردەوام نابێت، ئینتیما بوون بۆ وڵاتی تر کاریگەری نەرێنی دەبێت."

هەرچەندە بەشێک لە هێزە شیعەکانی عێراق هاوڕای ئێران بوون بۆ پاڵپشتی کردنی ڕژێمی سوریا، بەڵام بەشێکی تری هێز و کەسایەتییە شیعەکانی عێراق دژی دەستوەردان بوون لە دۆخی سوریاو پاڵپشتی بێ لایەن بوونی عێراقیان دەکرد لەو شەڕەدا.

Your browser doesn’t support HTML5

دڵشاد ئەنوەر- بۆچوونی عەرەبی سوننە لە عێڕاق