دانیشتوانی شاری کۆبانێ ترسیان هەیە جارێکی تر ئاوارە ببنەوە

لە کاتێکدا دانیشتوانی کۆبانێ و گوندەکانی دەوروبەری هیوادارن ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد ببێتە مایەی ئارامی و سەقامگیری لە سوریا، بەڵام، بەڵام هەڕەشەکانی گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا بۆ سەر ناوچەکە نیگەرانیان دەکات و ترسیان هەیە لەوەی جارێکی تر دەربەدەر ببنەوە وەک ئەو کاتەی کە داعش هێرشی کردە سەریان.

سارا حەسۆ ژنێکی خەڵکی گوندی عەلەمی سەر بە کۆبانێیە کە گوندەکەیان تەنها چەند کیلۆمەترێک لە سنوری تورکاوە دوورە، ئەو دەڵێت بەهۆی مەترسی دروستبوونی شەڕ و هێرشی گروپە هەمیشە نیگەرانییەکی زۆری هەیە.

لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا خاتوون سارا ڕایگەیاند " زۆر مەینەتیمان بینی، زۆر سەختیمان کێشا، ئێمە زوڵمی داعشمان زۆر بینی، دەربەدەریمان چەشت، ئاوارەیمان بینی لەبەرداعش هیوادارم جارێکی تر ئاوارەیی نەبینینەوە."

هیواشی خواست " ئێمەش ئیتر وەکو خەڵکی لە ماڵەکەی خۆماندا بە ئارامی بژین چیتر ترس و خۆفمان لەسەر نەمێنێ."

ئاماژەی بەوەش کرد بەهۆی دەنگی فڕۆکە و بۆمبەوە منداڵەکانیشیان ژیانیان نییە ئەو گوتی دوو منداڵ ناتوانن پێکەوە لە حەوشە یاری بکەن لە ترسی فڕۆکە.

پاش ئەوەی گروپە چەکدارەکان بە سەرۆکایەتی هەیئەت تەحریر ئەلشام، دیمەشقی پایتەختی سوریایان گرت، لە 8 ی مانگی 12 پاش نزیکەی 13 ساڵی شەڕی ناوخۆ لە سوریا، ڕژێمی ئەسەد ڕووخا.

کورد لە قامشلۆ خۆشحاڵی دەردەبڕێت بەهۆی ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد، 8ی مانگی 12ی 2024

خەڵکی هیواداربوون ئەم ڕەوشە نوێیە ڕێگەیەکی نوێ بۆ ئاشتی بکاتەوە، بەڵام پاش ئەوەی مەنبج لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیاوە کۆنترۆڵ کراوە، ئەوان هەڕەشەی هێرش کردە سەر کۆبانێ دەکەن.

حیکمەت عیسمەت دانیشتوویەکی کۆبانێ دەڵێت هێشتا مەترسییەکانی داعش تەواو نەبووە لەگەڵ ئەوەشدا " ئێمە لە ژێر هەڕەشەیەکی تری گەورەداین. نامانەوێت ماڵوحاڵی خۆمان جێبهێڵین، دەمانەوێت منداڵەکانمان وەکو منداڵی خەڵکی بڕۆنە خوێندنگا و بخوێنن و لە ڕەوشێکی ئارامدا بژین."

عیسمەت داواشی کرد لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە بپارێزرێن.

Your browser doesn’t support HTML5

کۆبانی داوای ئاشتی و سەقامگیری دەکات

دە ساڵ بەسەر هێرشەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ دەربازبووە، بەڵام خەڵکی کۆبانێ هێشتا کاریگەرییەکانی ئەو شەڕەیان لەسەر ماوە و ئێستاش ترسی هێرشی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا بەرۆکی گرتوون.

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان چەند جارێک ئاماژەی بەوە کردووە کە " تیرۆرستان" لە سوریا جێگەیان نابێتەوە.

تورکیا هێزەکانی سوریای دیموکراتیک کە بەشێکن لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شکستپێهێنانی داعش بە "تیرۆرست" ناودەبات و پێی وایە بەشێکن لە پەکەکە.

ڕۆژی چوارشەممە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک ڕایانگەیاند، سەرەڕای هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، هێرشەکانی سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی، لە کۆبانی، بەنداوی تشرین و عەین عیسا بەردەوامە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، گروپە چەکدارەکان، بە پشتیوانی ئاسمانی و هێزی زەمینی سوپای تورکیا، هێرشێکی بەرفراوانیان بۆ سەر ناوچەی بەنداوی تشرین، نزیک شاری کۆبانێ دەستپێکردووە.

لە حەڤدەی ئەم مانگە فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک چەند پێشنیازێکی بۆ ڕەوشی کۆبانێ خستە ڕوو و گوتی "ئامادەیی خۆمان ڕادەگەیەنین بۆ پێشکەشکردنی پێشنیارێک بۆ دامەزراندنی ناوچەیەکی 'داماڵراو لە چەک' لە شاری کۆبانێ."

عەبدی ڕایشیگەیاند" پابەندبوونمان بە گەیشتن بە ئاگربەستێکی گشتگیر لە سەرانسەری سوریا دووپات دەکەینەوە و ئامادەیی خۆمان ڕادەگەیەنین بۆ پێشکەشکردنی پێشنیارێک بۆ دامەزراندنی ناوچەیەکی داماڵراو لە چەک لە شاری کۆبانێ، دووبارە دابەش کردنەوەی هێزە ئاسایشییەکان لەژێر چاودێری و بە ئامادەبوونی هێزەکانی ئەمەریکا."