ئەندامێکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان خەمسارد نییە بەرامبەر هەڕەشەکانی سەر کوردانی کوردستانی سوریا، بەڵکو بەرپرسانی هەرێم لە پشت پەردەوە لە سەرهێڵن لەگەڵ ئەمەریکا و ئەوروپا و تورکیا بۆ خاوکردنەوەی بارگرژییەکان.
سەردار عەبدوڵا، چاودێری سیاسی و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هەوڵی هەرێمی کوردستان بە ئاراستەی ڕێگرتنە لە ڕوودانی کارەسات بەسەر گەلی کورددا لە سوریا."
هەوڵی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بۆ خاوکردنەوەی بارگرژییەکانی سوریا وەکو پەرلەمانتارەکەی پێشووی عێراق ئاماژەی بۆ دەکات لەکاتێکدایە، تورکیا سلێمانی بە داڵدەدانی پەکەکە تۆمەتبار دەکات و ناوبەناو ناوچە جیاجیاکانی ئەو پارێزگایە بۆردومان دەکات.
سەردار عەبدوڵا دەڵێت،"گرنگە لایەنە کوردییەکان کۆ ببنەوەو پەلە بکەن لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێم، بۆ ئەوەی هاوهەڵوێست بن بەرامبەر ڕووداوەکانی سوریا و فشاری تورکیاش لە سەر سلێمانی نەهێڵن."
دوای ڕووخانی رژێمی ئەسەدو کۆنترۆڵکردنی دیمەشق لەلایەن دەستەی تەحریر شامەوە، لە ئێستادا تورکیا فشارەکانی بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات چڕکردووەتەوەو نایەوێت ئەو هێزە کوردییە لە سوریای داهاتوودا ڕۆڵی هەبێت.
تورکیا هەوڵی لاوازکردنی ڕۆڵی هێزە کوردییەکانی سوریا دەدات و کوردیش داواکارییەکانی تورکیا ڕەتدەکاتەوە، ئەمەش وایکردووە کێشمەکێش و شەڕی نێوان هێزە نزیکەکان لە تورکیاو هەسەدە لە هەندێک ناوچەی کوردستانی سوریا بەردەوامی هەبێت.
سەردار عەبدوڵا وتی،"ئەوهەل و مەرجەی هاتووەتە پێشەوە خوێندنەوەی وردی دەوێت، پێویستی بە کۆدەنگی و پێکەوە کارکردنی هێزە کوردییەکانە، دەمێکە داوای دروستکردنی بەرەیەک لە هێزە کوردییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان دەکەین بۆخۆ ئامادەکردن بۆگۆڕانکارییەکانی ناوچەکە."
ئەو وتیشی،"گەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، کوردستانی سوریاو عێراق لەیەک بدەن و لە دانیشتنی تایبەتیشدا ئەمەمان پێوتوون، دەتوانرێت غازی کوردستان ڕەوانەی ئەوروپا بکرێت، بە تێچوویەکی کەم و دوور لە فشاری روسیاو تورکیا."
لەکاتێکدا فشارەکانی تورکیا بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات تا دێت چڕتر دەبێتەوە، بەڵام هێزە کوردییەکانی سوریا یەکدەنگ نین و هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگێڕدرێتەوە ئەو هێزانە لە ژێر کاریگەری لایەنە کوردییەکانی عێراق و پەکەکەدان.
هێزەکانی سوریای دیموکرات بە نزیکایەتی پەکەکەو ئەنجومەنی نیشتمانی سوریاش بە نزیکایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان دادەنرێت، لەکاتێکدا پارتی و پەکەکە وەکو دوو هێزی رکابەرو نەیار هەژمارد دەکرێن.
دکتۆر مەحمود عوسمان، سیاسەتمەدارو ئەندامی پێشووتری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"کوردی سوریا وابەستەیی لەگەڵ کوردی عێراق و تورکیا هەیە، ئەنەکەسە گوێڕایەڵی پارتی دەکات و ئەوانیتریش لە ژێر کاریگەری پەکەکەدان."
هەروەها وتیشی،"گەر کوردی سوریا یەکگرتوو بن، دەتوانن لە سوریا ڕۆڵی خۆیان بگێڕن، چونکە خاوەن هێز و پێگەن و پێکهاتەیەکی گرنگن، هەرچەندە تورکیا دژیانە، بەڵام گەر هەسەدەو ئەنەکەسە ناکۆک بن زۆر شت لەدەست دەدەن."
فشارەکانی تورکیا لەسەر هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەو مەترسییەی لای کوردەکان دروستکردووە، ئەو فشارانە بەشێک بن لە پلانی دوور مەودای تورکیا بۆشکستهێنان بە پرۆژەی کوردی و دواتر ئەو وڵاتە فشارەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستانیش بەچڕی بگوێزێتەوە.
سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژە بەوەدەکات، ڕووداوەکانی سوریا و ناوچەکە بیری هێناونەتەوە کە تورکیا لەوەی هەیە گەورەترو بەهێزترە.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، لە میانەی وتارێکدا لە ئەکادیمیای زانستەکانی تورکیا ڕایگەیاند،"ئەوە ڕاستییە کە هەر ڕووداوێک لە ناوچەکەمان ڕوودەدات بە تایبەتی سوریا، ئەوە وەبیر ئێمە دەهێنێتەوە کە تورکیا لەوەی هەیە گەورەترو بەهێزترە."
بەشێک لە بەرپرسانی لایەنە شیعەکانی عێراق کە نیگەرانن لە ڕووداوەکانی سوریاو مامەڵەی تورکیا لەگەڵ ڕووداوەکاندا، پێیانوایە تورکیا خواستی زیندووکردنەوەی دەسەڵاتی عوسمانی و پەلهاویشتنی زیاتری بۆ ناوچەکە هەیە.
سەعد موتەڵبی، سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتی نوری مالیکی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"مانەوەی دەسەڵاتی کورد لە سوریاو هەرێمی کوردستانیش گرێدراوە بە پلانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە، ئەگینا تورکیا دەیەوێت نەخشەی سەردەمی عوسمانی زیندوو بکاتەوە، نەخشەکە هەرێم و کەرکوکیشی تێدایە."
ئەودەڵێت،"پەلهاویشتی تورکیاو جوڵەی ئەو وڵاتە ئاماژەیە بۆ پەلهاویشتنی زیاترو زیندوو کردنەوەی نەخشەی سەردەمی عوسمانی."
لە وتارێکدا کە بۆ ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی نوسیووە، دکتۆر بەرهەم ساڵەح سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق ڕایگەیاند،"پێویستە لە هەر چارەسەرێکی سیاسیدا لە سوریا مافەکانی گەلی کورد لەسەر بنەمای چەسپاندنی هاوبەشی لە نیشتمان زامنبکرێت."
Your browser doesn’t support HTML5