ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق: 10 مانگە داوای چاكردنی تێبینیەكانی بەغدا لەسەر موچەی موچەخۆرانی هەرێم كراوە بەڵام چاک نەكراون

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەكانی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵی 25ی مانگی 12ی 2024، خەرجیاتی كۆتایی ساڵە و سەرجەم خەرجیەكان دادەخرێن، ئەمە لەكاتێكدایە موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان چاوەڕێی موچەی مانگەكانی 11 و 12 ی ساڵی 2024ن و ڕوونیش نیە، هەتا ئەو بەروارە تێبینیەكان سەبارەت بە لیستەكانی موچەی موچە خۆرانی هەرێم چارەسەر دەكرێن یان نا.

غەریب ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدولنێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند " عێراق 613 ملیار دیناری بۆ مانگی 11 ناردووە، ئەگەر وەزارەتی دارایی ئەو 430 ملیار دینار كە (مناقلە) یە لە خشتەكانی بودجە بۆ سەر موچەی هەرێم بگوازێتەوە و لەگەڵ ناردنی 670 ملیاردینار بۆ مانگی 12 ئەوا ئەوكات موچەی هەردوو مانگەكە دەدرێت، بەڵام گرفتەكە لەوەدایە تازە لیستی موچەی مانگی 12 لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمەوە بۆ بەغدا نێراوە."

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق وتیشی،" كێشەكانی موچە و داواكاریەكانی بەغدا بەم جۆرەن، بۆ موچە خۆران كە پێویستە، بایۆمیتری و (UPN)واتا ژمارەی كەسی بێ هاوتا و لەگەڵ ژمارەی وەزیفی و كارتی نیشتیمانی و⁠بەرواری دامەزراندن، دەبێ لە لیستەكاندا هەبێت كە لە پرۆسەی تەرازووی پێداچوونەوە (میزان مراجعە) بە وەفدەكانی حكومەتی هەرێم دراوە، ئەو زانیاریانە لەگەڵ لیستەكانی موچە نەبێت، ئەوا موچەی ساڵی 2025یش هەر بەم شپرزەییە دێت."

لەدواین كۆبوونەوەی نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ و هەرێم داوای تەرازووی پێداچوونەوە بۆ مانگەكانی 1 بۆ 11 ی ساڵی 2024 لە وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان داوا كراوە، سێ تەكنیكاری وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ پرۆسەكە هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و ئەمڕۆ یەك شەمە22ی 12 ی 2024 كۆتایی بە كارەكانیان هاتووە.

تەرازووی پێداچوونەوە، ڕاپۆرتێكی ژمێریاری شیكاریە بۆ كۆی ئەو داهاتانەی كە هاتوونەسەر هەژمارێكی گشتی (وەرگر) و ئەو پارانەش كە بەخشیوونی، كە دەبێت هاوسەنگ و یەكسانبن.

سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، " 10مانگ بەر لە ئێستا، تەیف سامی داوای چاکردنی هەڵەکانی میزان مراجەعەی کردووە لە داهات و خەرجی هەرێم، تاکو ئێستە چاکیان نەکردووە چونکە هەموو مانگێک ویستویانە داهات و خەرجی حەقیقی بشارنەوە،"

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق وتیشی،" خاڵی دووەمی بڕیاری دادگای فیدراڵی ناردنی میزان مراجەعەی مانگانەی هەرێمە بۆ بەغدا بەڵام بەداخەوە ئەوە حاڵی میزان مراجعەی هەرێمە. بە پێی دوو نوسراو لە 19 و 29ی مانگی 2ی ساڵی 2024 وەزارەتی دارایی عێراق هەرێمی کوردستانی لەهەڵەو کەموکوڕیەکانی میزان مراجعەی هەرێم ئاگادارکردۆتەوە تاکو چاکی بکەن بەڵام چاکیان نەکردووە، چەند ڕۆژێکە تیمێک لەبەغداوە هاتووە بۆ ئەو مەبەستە."

بە پێی زانیاریەكان لە وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان هۆكاری دابەش نەكردنی موچەی مانگی 11ی ساڵی 2024 بۆ ئەوە گەڕاندوەتەوە كە وەزارەتی دارایی عێراق پارەی مووچەی مانگەکانی 10 و 11ی بە ناتەواوی ناردووە و نزیکەی 600 ملیار دینار کورتهێنان هەیە، بۆیە گرفت بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی 11 دروست بووە و ئایندەی موچەی مانگی 12ش ناڕوونە.

ئەندامێكی دیكەی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، پێكنەهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان و نەبوونی حكومەتێكی یاسایی لە ئێستادا گرفتێكی دیكەی چارەسەر نەكردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدایە .

ئاریان تاوەگۆزی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند" لە ئێستادا لە ڕووی یاساییەوە، حكومەتێك نیە بەناوی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەوەی هەیە، یەكێتی و پارتین لەسەر وەزارەتەكان پێكنایەن، نەك خەمی موچەیان بێت، چارەسەری كۆتایی ڕێكەوتنە لەگەڵ بەغدا لەسەر نەوت و داهاتی ناوخۆ و خاڵی سنوری و ئەو كێشانەی كە بە بەردەوامی لە نێوانیاندا باس دەكرێن."

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق وتیشی، " تا ئێستا هەمواری یاسای بودجەی ساڵی 2025 نەهاتووەتە پەرلەمانەوە تا دەنگی لەسەر بدرێت، تا ئێستا ڕێكەوتنی لەسەر نەكراوە، ئەمە چارەسەر نەكرێت دۆخەكە وەك ئێستا دەبێت ."

بە پێی ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە لە 5 خاڵ پێكهاتووە و لە خاڵی 3 دا هاتووە ، " وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی داراییی حکومەتی فیدراڵ ڕێک كەوتوون تا کۆتاییی ئەمساڵ سەرجەم کێشە تەکنیکییەکانی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکەن، هەموو هەوڵێکی وەزارەتیشمان بە ئاراستەی دوورخستنەوەی بابەتی مووچەیە لە هەموو کێشە و ململانێیەکی سیاسی."

بە پێی خشتەى بودجەى ساڵی 2024ـی عێراق، كۆی پشکى بودجەی هەرێمى کوردستان بە هەردوو بودجەى بەکاربردن و وەبەرهێنان، 20 تریلیۆن و 920 ملیار دینارە، بڕى ئەو پارەیەى بۆ مووچەى هەرێمى کوردستان تەرخانکراوە 9 تریلیۆن و 556 ملیار و 348 ملیۆن دینارە.