وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت "هیچ جێگایەک بۆ هێزە کوردییەکان لە داهاتووی سوریادا نابێت و داوای هەڵوەشاندنەوەی یەپەگە دەکات"

وەزیری دەرەوەی تورکیا دوای سەردانەکەی بۆ دیمەشق و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەحمەد ئەلشەرع فەرماندەی گشتی دەستەی تەحری شام لە دیمەشق ڕایگەیاند" هیچ جێگایەک بۆ هێزە کوردییەکان لە داهاتووی سوریادا نابێت و داوای هەڵوەشاندنەوەی یەپەگە دەکات".

فیدان شانبەشانی ئەحمەد شەرع، ڕۆژی یەکشەممە گوتی، "لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی نوێی سوریا باسیان لە بوونی یەپەگە کردووە و پێی وایە دیمەشق هەنگاو دەنێت بۆ دەستەبەرکردنی یەکپارچەیی خاکی سوریا و سەروەری سوریا."

فیدان گوتی:" لە قۆناغی داهاتوودا دەبێت یەپەگە بگاتە ئاستێک کە چیتر مەترسی نەبێت بۆ سەر یەکێتی نەتەوەیی سوریا، ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە یەپەگە هەڵبوەشێتەوە."

هێزەکانی سوریای دیموکراتیک کە یەپەگە سەرکردایەتییان دەکەن ڕۆڵێکی گەورەیان هەبوو لە شکستهێنان بە ڕێکخراوی داعشدا لە 2014-2017 بە پشتیوانی ئاسمانی ئەمەریکا، هێشتاش پاسەوانی ئەو زیندانانە دەکەن کە هەزاران چەکداری داعشییان تێدا زیندانی کراوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن هۆشداریداوە لەسەر ئەوەی کە ڕەنگە داعش هەوڵی دووبارە دروستکردنەوەی تواناکانی بدات لەم قۆناغەدا.

فیدان گوتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی "چاوپۆشی دەکات" بەرامبەر بە "نایاسایی" کردەوەکانی SDF و YPG لە سوریا، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد کە پێی وایە دانۆڵد ترامپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا ڕێگەیەکی جیاواز دەگرێتەبەر.


ئەمەریکا لە شەڕی دژ بە داعشدا پشتیوانی لە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک کردووە، ئەنکەرە داوای لە واشنتن کردووە یارمەتییەکانی بۆ ئەو هێزانە ڕابگرێت.

ئەمەریکا هەفتەی ڕابردوو دانی بەوەدانا کە 2000 سەربازی لە سوریادا هەیە، ئەوەش دوو هێندەی ئەو ژمارەیەیە کە پێشتر ئاماژەی پێدابوو.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز