ئەحمەد ئەشەڕع ڕێبەری نوێی سوریا ئەمڕۆ دووشەممە لەگەڵ دیپلۆماتکارە باڵاکانی عەرەبی کۆبووەوە کە پشتیوانیان بۆ گەلی سوریا دەربڕی و لە کۆبوونەوەکاندا تاوتوێی هاوکاری داهاتوویان کرد.
ئەلشەرع کە سەرکردەی گروپی ئیسلامی هیئەت تەحریر ئەلشامە و گرووپەکە سەرکردایەتی ئەو هێرشەی کرد کە لە هەشتی مانگی 12 ئەسەدی ڕووخاند، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پێشوازی لە شاندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی تر کردووە لەوانە هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕۆژی یەکشەممە.
ئەیمەن سەفادی، وەزیری دەرەوەی ئوردنی، لە دیدارەکەی ڕۆژی دووشەمەیدا لەگەڵ ئەلشەرع، پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ ئاوەدانکردنەوەی سوریا دەربڕی، ئەمەش یەکەم گەشتی بەرپرسێکی باڵای ئوردن بوو بۆ سوریا لە دوای ڕووخانی ئەسەد.
وێنەکانی کە لەلایەن وزارەتی دەرەوەی ئوردنەوە بڵاو کراوەتەوە نیشان دەدەن هەردووکیان تەوقە پێکەوە دەکەن. کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئەلمەملەکەی فەرمی ئوردن ڕایگەیاندووە سەفادی باسی لە ڕێگاکانی هاوکاری لە بوارەکانی بازرگانی و ئاسایشی سنوورەکان کردووە.
هەروەها دەشڵێت سەفادی پشتیوانی خۆی بۆ " حکومەتێک دەربڕیوە کە نوێنەرایەتی هەموو لایەنەکانی سوریا بکات" و هەروها پشتگیری لە " داڕشتنی دەستورێکی نوێش" کردووە.
کەناڵەکە لە زاری سەفادییەوە بڵاوی کردووەتەوە "ئێمە قائیل بوین بە پشتیوانی کردنی گەلی سوریا" ئاماژەی بەوەشکرد، "وڵاتانی عەرەبی لەم قۆناغەدا بەبێ هیچ دەستوەردانێکی دەرەکی ڕازین پشتگیری لە سوریا بکەن".
هەر لە ڕۆژی دووشەممە وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕایگەیاند لە دیمەش محەمەد خولەیفی وەزیری دەوڵەتی قەتەر، سەرکردایەتی "یەکەم شاندی باڵای قەتەر"ی کرد بۆ دیمەشق "دوای 13 ساڵ لە دابڕانی دیپلۆماسی."
لە بەیاننامەکەی وەزارەتەکەدا دەڵێت ئەم سەردانە پەیوەندییە برایەتییە بەهێزەکانی قەتەر و سوریا دووپات دەکاتەوە، هەروەها جەختی لەسەر "پابەندبوونی نەگۆڕی دۆحە کردووەتەوە بۆ پشتیوانیکردن و هاوکاریکردنی گەلی سوریا لە هەوڵەکانیان بۆ پێشکەوتن، لە هەمان کاتدا پاراستنی سەروەری سوریا".
ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی سوریا سانا وێنەی دیداری ئەلشەرع و شاندی قەتەری بڵاوکردەوە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە حکومەتی عەرەبستانی سعودیەش ڕۆژی دووشەممە بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند کە شاندێکی شانشینی عەرەبستانی سعودیە ڕۆژێک پێشتر لەگەڵ شەرع لە دیمەشق کۆبووەتەوە بۆ تاوتوێکردنی "دۆخی سوریا و کاپتاگۆن"، کە مادەیەکی هۆشبەری نایاسایی هاوشێوەی ئەمفیتامینە.
لە لایەکی دیکەوە ئێران ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، لە دوای ڕووخانی ئەسەدی هاوپەیمانی دێرینی تاران، "هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ"یان لەگەڵ فەرمانڕەوا نوێیەکانی سوریادا نەبووە.
ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پشتیوانی خۆی بۆ سەروەری سوریا دەربڕی و ڕایگەیاند، نابێت ئەو وڵاتە ببێتە "پەناگەیەک بۆ تیرۆر".