میدیاکانی ئێران: ڕووسیا بانگهێشتی سەرۆکی ئێران دەکات بۆ مۆسکۆ

ئاژانسەکانی هەواڵی ئێران بڵاویانکردەوە، ڕۆژی دووشەممه شاندێکی ڕووسیا له تاران لەگەڵ مەسعود پزیشکیان سەرۆکی ئێران کۆبووەوە، له کاتێکدا هەردوو وڵات خۆیان ئامادە دەکەن بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی هاوکاری هەمەلایەنە.

میدیاکان باس لەوە دەکەن شاندەکەی ڕووسیا بانگهێشتی پزیشکیانیان کردووە لە سەرەتای ساڵی 2025دا سەردانی ڕووسیا بکات. ئیسماعیل باقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێشتر ڕایگەیاندبوو کە بڕیارە لە سەردانێکی دوو قۆڵی لە مانگی یەکدا ڕێککەوتنەکە واژۆ بکرێت.

ڕووسیا لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا پەیوەندییەکی نزیکتری لەگەڵ ئێران و وڵاتانی دیکەی نەیاری ئەمەریکا دروستکردووە، لەوانە کۆریای باکور.

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە مانگی مانگی دە ڕایگەیاندبوو، مۆسکۆ و تاران بە نیازن ڕێککەوتنێک واژۆ بکەن کە هاوکاریی بەرگریی نزیکتر لەخۆبگرێت.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ئینتەرفاکسی ڕووسیا، شاندی ڕووسیا بۆ ئێران بە سەرۆکایەتی ئەلێکسی ئۆڤەرچوک و ڤیتالی ساڤێلێڤ جێگرانی سەرۆک وەزیرانن.

ئینتەرفاکس ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند "چاوەڕوان دەکرێت هەردوولا تاوتوێی کاری هاوبەشی نێوان ئێران و وڵاتانی یەکێتی ئابووری ئۆراسیا بکەن لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی تەواو لەسەر ناوچەی بازرگانی ئازاد".

ئەمەریکا لە مانگی نۆ تارانی تۆمەتبار کرد بەوەی کە مووشەکی بالیستیکی گەیاندووەتە ڕووسیا بۆئەوەی لە دژی ئۆکرانیا بەکاری بهێنێت، هەروەها سزای بەسەر ئەو کەشتی و کۆمپانیایانەدا سەپاند کە بە وتەی خۆی بەشدارن لە گەیاندنی چەکی ئێرانی بۆ ئەو وڵاتە. تاران ڕەتیدەکاتەوە ئەو مووشەکانەی بۆ مۆسکۆ دابینکردبێت.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز