سودانی: دۆزینەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵی منداڵان و ژنانی کورد بەڵگەی زیاتر لەسەر تاوانە دڕندەكانی ڕژێمی 'بەعس' ئاشکرا دەکات

دوای دەستپێکردنی پڕۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕێکی دیکەی بە کۆمەڵی ئەنفالکراوان لە ناوچەی تەل شێخی سەماوە کە ئێسکوپروسکی نزیکەی 150 ژن و منداڵی کوردی تێدایە، سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیامێکی بە زمانی کوردی بڵاوکردەوە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی ڕۆژی دووشەممە لە پەیامێکدا لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بە زمانی کوردی ڕایگەیاند" دۆزینەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵی نوێ کە پاشماوەی بێگەردی تەرمی منداڵان و ژنانی گەلی کوردمان لەخۆدەگرێت، لە بیابانەکانی سەماوا، کاروانی خوێنڕشتن و خەبات و نەهامەتی و بێسەروشوێنبوون"مان بەبیر دەهێنێتەوە، کە تێیدا گەلەکەمان لە ژێر دڕندەیی ڕژێمی ڕەگەزپەرستدا ئازار و مەینەتی دەچێشت."

دەشڵێت، “دۆزینەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵی نوێ کە پاشماوەی بێگەردی تەرمی منداڵان و ژنانی گەلی کوردمان لەخۆدەگرێت، لە بیابانەکانی سەماوا، کاروانی خوێنڕشتن و خەبات و نەهامەتی و بێسەروشوێنبوونـمان بەبیر دەهێنێتەوە، کە تێیدا گەلەکەمان لە ژێر دڕندەیی رژێمی رەگەزپەرستدا ئازار و مەینەتی دەچێشت”.

ڕۆژی یەکشەممە پڕۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕێکی دیکەی بە کۆمەڵی ئەنفالکراوان لە ناوچەی تەل شێخی سەماوە دەستیپێکرد، کە ئێسکوپروسکی نزیکەی 150 ژن و منداڵی کوردی تێدایە.. گۆڕە بەکۆمەڵەکە، دەکەوێتە ناوچەی تەل شێخ، سەر بە قەزای سەلمان لە پارێزگای سەماوە، کە 130 کیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگای سەماوەوە دوورە.