کاربەدەستانی تورکیا دەڵێن ڕۆژی سێشەممە تەقینەوەیەک لە کارگەیەکی دروستکردنی تەقەمەنی لە ناوچەی کارەسی پارێزگای باڵکەسیری لە باکوری ڕۆژئاوای وڵاتەکەیان ڕوویداوە و بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی 12 کەس و برینداربوونی 5 کەسی دیکە.
ئیسماعیل ئوستا ئۆغڵو فەرمانڕەوای ناوچەکە وتی قوربانییەکان کارێکار و کارمەندی کارگەکە بوون.
ڕووداوەکە کاتژمێر 8:25 ی بەیانی بووە بە کاتی خۆجێی و تەقینەوەکە لایەکی کارگەکەی وێرانکردووە. شایەتحاڵەکان دەڵێن شوێنەکە وەکو گۆڕەپانێکی شەڕی لێهاتووە.
کاربەدەستانی ناوچەکە بۆ میدیاکانیان ڕاگەیاند، پێدەچێت کێشەی تەکنیکی هۆکاری تەقینەوەکە بووبێت و ئێستا لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەستیپێکردووە.
کاربەدەستانی ئاسایش چواردەوری کارگەکەیان گرتووە و ڕێگە نادەن خەڵکی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن نزیک کارگەکە ببنەوە. تەرمی قوربانییەکان بۆ پزیشکی دادوەری بران و بریندارەکانیش گەیەندرانە نەخۆشخانە.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا لە ڕێگەی پێگەکەی لەسەر ئێکس نووسیویەتی،" زۆر دڵتەنگ بووم بە گیان لەدەستدانی 12 برامان لە تەقینەوەیەکدا کە لە کارگەیەکی تەقەمەنی لە ناوچەی کارەسیی باڵکەسیر ڕوویدا. ئێمە زانیاریمان لەسەر تەقینەوەکە لە سەرجەم دامودەزگا پەیوەندیدارەکان و بەتایبەت پارێزگاری باڵکەسیروە پێگەیشتووە و ڕێنماییمان کردووە دەستبەجێ لێکۆڵینەوەی پێویست لە هەموو ڕوویەکەوە دەستپێبکرێت. لە خوای گەورە دەپاڕێمەوە ڕەحم بە برا کۆچکردووەکانم بکات و سەرەخۆشی لە خانەوادەکانیان دەکەم و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکانمان دەخوازم. پرسە و سەرەخۆشیم بۆ بالیکسیر و میللەتەکەمان."
تورکیا وڵاتێکە ناسراوە بەوەی چەک و تەقەمەنییەکی زۆر دروستدەکات، بۆیە کارگەیەکی زۆری بۆ ئەو مەبەستە هەیە. ساڵی 2023 یش تەقینەوەیەک لە کارگەیەکی تەقەمەنی لەشکری لە ڕۆژهەڵاتی ئەنکەرەی پایتەخت ڕوویدا و بووە هۆی گیان لەدەستدانی 5 کەس.
سەرچاوە/ فڕانس پرێس.