ژنێکی کریستیان: لە کەسوکارەکەم دابڕام و شارەکەشم پێ جێهێڵرا

ماریا میخائیل دوا هاووڵاتی کریستیانی نیشتەجێی قەزای خانەقین ی پارێزگای دیالە بوو، سێ ساڵ لەمەوبەر ئەو قەزایەی بەجێهێشت و ڕووی لە ناوچەی سەرسەنگ کرد، بەمەش خانەقین هیچ کریستیانێکی تێدا نەماو تەنها کڵێسای بەشارە وەکو یادگاری کریستیانەکان بۆ دانیشتوانەکەی بەجێهێڵرا.

ماریا میخائیل، ئەو ژنە بەساڵاچووە کریستیانەی خانەقینە کە وەکو دوا کریستیان قەزاکەی بەجێهێشت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"کەسێکی ڕوومەت هەڵپێچراو هاتە سەر ماڵەکەم و داوایلێکردم خانەقین بەجێ بهێڵم، منیش بە ناچاری خانەقینم بەجێهێشت و ئێستا لە سەرسەنگ دەژیم."

لە دوای ساڵی 1927 و کاتێک وەبەرهێنان لە نەوتی سنوری خانەقین ئەنجامدرا، ژمارەیەکی زۆر خێزانی کریستیان ڕوویان لەو شارە کردو نیشتەجێ بوون، زۆربەیان لە کۆمپانیاو بواری نەوت و ناوچە جیاجیاکانی سنورەکە کاری جۆراوجۆریان دەکرد.

بەپێی ئامارە نا فەرمییەکان، تا پێش ساڵی 1980 و هەڵگیرسانی شەڕی نێوان عێراق و ئێران، ژمارەی ئەو خێزانە کریستیانانەی لە خانەقین ژیاون 2000 خێزان بووە، بەڵام دوای ساڵی 1980 کریستیانەکان کۆچی بە کۆمەڵیان ئەنجامداو خانەقینیان بەجێهێشت.

ماریا میخائیل دەڵێت،"ئەوکات لەگەڵ کەس و کارەکەمدا خانەقینم بە جێ نەهێشت، چونکە لەگەڵ پیاوێکی خانەقینیدا هاوسەرگیریم کردبوو. کەس وکارەکەم لە ئەمەریکاو ئەوروپان و پەیوەندیم لەگەڵیان پچڕاوە."

بەهۆی بارودۆخی ناسەقامگیری عێراق و هەڵگیرسانی شەڕی تایەفی و مەزهەبی لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003، کریستیانەکان یەکێک لەو پێکهاتانە بوون کە دووچاری زۆرترین مەترسی بووبوونەوە.

خەلیل ئیبراهیم، کەسایەتی کریستیانی شاری کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"وەکو کریستیان پشتمان بە کڵێسا بەستووەو کڵێسا گرفتەکانمان بۆ چارەسەر دەکات، دوای کڵێسا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانمان هانا بۆ یاسا دەبەین و حەزمان لە حوکمی عەشایەری و سەربازی نییە."

شاری کەرکوک یەکێکە لەو شارانەی پێشتر ژمارەیەکی زۆر خێزانی کریستیانی تێدا ژیاوە، سەرباری کەمبوونەوەی ژمارەی کریستیانەکان لەو شارە، بەڵام نۆ کڵێسای شارەکە لە کۆی دە کڵێسا هێشتا بە کراوەیی ماونەتەوە.

خەلیل ئیبراهیم دەڵێت،"لە کەرکوک ڕووینەداوە خەڵکی کریستیان ئازار بدرێت، هەرچەندە جاران ژمارەی کریستیانەکان لە کەرکوک زۆر بوون و ئێستا ژمارەمان زۆر کەمبووەتەوە."

لە شاری بەغدای پایتەختی عێراق لە کۆی نزیکەی 75 کڵێسا، نزیکەی 25 کڵێسایان بە کراوەیی ماونەتەوەو ئەوانیتر داخراون، ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەکی زۆر لە کریستیانەکان ئەو شارەیان بەجێهێشتووەو کۆچیان کردووە.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کڵێسای ماریوسف بەشداری لە ڕێوڕەسمی جەژنی کریسمس دا کردو ڕایگەیاند،"وەکو حکومەتی عێراق پابەندین بە پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە عێراق."

بەپێی ئەو ئامارانەی چالاکوانانی کریستیان ئاماژەی بۆ دەکەن، پێشتر کریستیان 12%ی کۆی دانیشتوانی عێراقی پێکهێناوە، بەڵام لە ئێستادا ژمارەی کریستیان بۆ کەمتر لە 1% ی کۆی دانیشتوانی عێراق کەمبووەتەوە.

خەلیل ئیبراهیم دەڵێت،"قۆناغی یەکەمی کۆچی کریستیانەکان و بە جێهێشتنی عێراق لە ساڵی 1980 بوو کاتێک شەڕی نێوان عێراق و ئێران هەڵگیرسا. دوای ڕووخانی بەعسیش لە ساڵی 2003 ژمارەیەکی تر خێزانی کریستیان کۆچیان بۆ دەرەوەی عێراق کرد."

جەختیشکردەوە،"لە کاتی شەڕی داعش دا زۆرترین خێزانی کریستیان کۆچیان کرد و وڵاتیان بە جێهێشت، چونکە پێیانوابوو عێراق ژیانی تێدا نەماوە."

بەشێکی زۆر لەو خێزانە کریستیانانەی لە کاتی شەڕی داعش دا بەغداو نەینەواو ناوچەکانی تری عێراقیان بە جێهێشت، ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردو لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێم گیرسانەوەو نیشتەجێ بوون.

رۆمیۆ هەکاری، کەسایەتی کریستیان و ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هەرێمی کوردستان لە ڕووی ئەمنی و هەموو ڕووەکانەوە لە ناوچەکانی تری عێراق سەقامگیرترە بۆ ئەوەی کریستیانەکان تێیدا بژین."

هەرچەندە کریستیانەکان لە چوارچێوەی عێراق و هەرێمی کوردستان دا وەکو پێکهاتە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و کورسی کۆتایان لە ئەنجومەنی نوێنەران و پەرلەمانی کوردستان بۆ دانراوە، بەڵام بەو کورسییانە دڵخۆش نین و پێیانوایە نوێنەرایەتی ئەوان ناکەن .

بەشێکی زۆر لە کریستیانەکان پێیانوایە، لایەنە عێراقی و کوردییەکان دەستوەردان لە کاروباری کریستیانەکان دەکەن و بە دەنگی لایەنگرانیان، ئەو کەسانە وەکو نوێنەری کریستیان هەڵدەبژێرن کە لە خۆیانەوە نزیکن.

لە کۆی 329 کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 5 کورسی کۆتا بۆ کریستیان دانراوە، هەروەها لە پەرلەمانی کوردستانیش سێ کورسی لە کۆی 100 کورسی بۆ کریستیان دانراوە، کورسییەک لە پارێزگای سلێمانی و دوو کورسییەکەی تر لە پارێزگاکانی هەولێرو دهۆک.

خەلیل ئیبراهیم دەڵێت،"کریستیان مافی نییە، ئێمە ناتوانین نوێنەری خۆمان بۆ پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان هەڵبژێرین، چونکە هەموو کەسێک مافی دەنگدانی بە کاندیدی کریستیان هەیە."

ئەو وتیشی،" تا ئێمە یەک دەنگ دەدەین، حیزبەکان چوار کۆستەری گەورە دەنگدەر دەهێنن و دەنگ دەدەن بەو کەسەی کە خۆیان کاندیدیان کردووە."

گەر کریستیانی ناوچەکانی تر بە دەست پێشێلکردنی مافەکانیان و ڕێگریکردن لە نوێنەرایەتی کردنی خۆیان بناڵێنن، ئەوا دۆخەکە بۆ ماریا میخائیل قورستترە و ئەو بە ناچاری وەکخۆی دەڵێت شارەکەی پێ جێهێڵراوە.

ماریا میخائیل، تا ئەوکاتەی خانەقینی بەجێهێشت لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەوڵدابوو بۆ نۆژەنکردنەوەی کڵێسای بەشارەوە ڕێگرتن لە داڕووخانی، بەڵام پێناچێت چیتر کڵێساکە خەمخۆرێکی ئەوتۆی مابێت، گەر ئیدارەی شارەکە وەکو شوێنێکی شوێنەواری ئاوڕی لێ نەدەنەوە.

ماریا ، کە هێشتا بە شێوەزاری خانەقینی قسە دەکات و پێناچێت جارێکی تر زێدی خۆی ببنێتەوە، دەڵێت،"ساڵانێکی زۆر لە خانەقین ژیام و بە ناچاری بەجێمهێشت، ئەگینا ئێستاش بیرم لای خانەقینە."