وەزیری دەرەوەی نوێی سوریا هۆشداری دەدات بە ئێران ئاژاوە لە سوریا نەنێتەوە

ئەسعەد حەسەن شیبانی وەزیری دەرەوەی تازه ڕاسپێردراوی سوریا ڕۆژی سێشەممە هۆشداریدا بە ئێران، ئاژاوه له سوریا نەنێتەوە، بەڵکو ڕێز له خواستی گەلی سوریا و سەروەری وڵاتەکە بگرێت.

شیبانی لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی: "ئێران دەبێت ڕێز لە خواستی گەلی سوریا و سەروەری و ئاسایشی وڵات بگرێت، هەروەها ئاگاداریان دەکەینەوە لە نانەوەی پشێوی لە سوریا."

وتەکانی شیبانی پاش لێدوانێکی عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران بوو کە داوای لە گەنجانی سوریا کرد وڵاتەکەیان لە دەستی سەرهەڵداوان وەربگرنەوە کە دەسەڵاتی بەشار ئەسەدی هاوپەیمانی تارانیان ڕووخاند.

ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، ڕۆژی یەکشەممە لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا داوای لە گەنجانی سوریا کرد "بە توندی دژی ئەو کەسانە بوەستن کە ئەم نائاسایشییەکان خوڵقاندووە". خامنەیی گوتی: "پێشبینی دەکەین کە گرووپێکی بەهێز و شەرەفمەندیش لە سوریا سەرهەڵبدات."

ئێران لە کاتی شەڕدا ملیاران دۆلاری بۆ پشتیوانی ئەسەد خەرج کرد و سوپای پاسدارانی لە سوریا جێگیر کرد بۆ ئەوەی هاوپەیمانەکەی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.

ڕووخانی ئەسەد بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک گورزێکی گەورە لە هاوپەیمانی سیاسی و سەربازی "میحوەری بەرخۆدان" بە سەرۆکایەتی ئێران سەیر دەکرێت کە دژایەتی کاریگەری ئیسرائیل و ئەمەریکا دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز