ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە: گوێڕایەڵی هاوپەیمانان نەکرێت بۆ ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە بەجێمان دەهێڵن

ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هاوپەیمانان ئیرادەی خۆیان بەسەر یەکێتی و پارتیدا فەرز ناکەن بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، بەڵام گەر گوێڕایەڵییان نەکرێت تا قەیامەت لە هەرێم نامێننەوەو وەکو ئەڤغانستان بەجێمان دەهێڵن.

فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هاوپەیمانان هانمان دەدەن بۆ یەکخستنەوەی پێشمەرگەو کردنی پێشمەرگە بە هێزێکی پرۆفیشناڵ."

دەشڵێت،"هاوپەیمانان دەیانەوێت پێشمەرگە بەدەر بێت لە ململانێی حزبی، گەر ئەمەمان کرد دەستخۆشیمان لێدەکەن، گەر گوێڕایەڵیشیان نەکەین وەکو ئەڤغانستان بەجێمان دەهڵێن، خۆ تا قیامەت لەگەڵ ئێمە نامێننەوە."

جەختیشیکردەوە،"لە ساڵی 2003 ەوە تا ئێستا هاوپەیمانان لەگەڵمانن، گەر لە ساڵی 2014 ەوە حسابیشی بکەین دەکاتە دە ساڵ، سەرباری ئەو هەموو هاوکاری و پێدانی پارەو چەک و تەقەمەنی و مەشقکردنە بە پێشمەرگە، گەرچیتر گوێڕایەڵی هاوپەیمانان نەکەین، لێمان بێزار دەبن و وازمان لێدەهێنن."

بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاردراوە بە دەست بەکاربوونی ناوچەی سەربازی یەک و دوو کە بەشێکی زۆری هێزەکانی پێشمەرگەو فەرماندەیی هێزەکانی 70 و 80 ی پێشمەرگەی تێدا ڕێکدەخرێتەوە.

هێزەکانی 70 سەر بە یەکێتی و هێزەکانی 80 سەر بە پارتییە و یەکێک لە داواکارییەکانی هاوپەیمانان ڕێکخستنەوەی ئەو هێزانەیە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا، بەڵام چاودێران پێیانوایە گۆڕینی ناوی ئەو دوو هێزە بۆ ناوچەی سەربازی یەک و دوو تەنها گۆڕینی ناوەکانیانە.

سەرچاوەیەکی باڵای سەربازی هەرێمی کوردستان کە ئێستا لە پۆستێکی باڵاو فەرمیدایە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"گۆڕینی ناوی 70 و 80 بۆ ناوچەی سەربازی یەک و دوو تەنها گۆڕینی ناوە نەک یەکخستنەوەی پێشمەرگە، ئەم کارەش وەکو وەڵام دانەوەی خواستی هاوپەیمانان ئەنجامدراوە کە نابێت تا ساڵی 2026 هێز لەدەرەوەی وەزارەت بمێنێت."

دەشڵێت،"هێزی پێشمەرگە کاتی زۆری دەوێت تا لە ژێر هەژموونی حزب دەردەهێنرێت، دەبێت وردە وردە لێهاتوویی و چوارچێوەی سەربازی ببێتە هۆی یەکخستنی پێشمەرگە."

فەرماندەیی لەشکری کوردستان هێزێکی سەر بە پارتی بوو، فەرماندەیی گشتی هێزی پێشمەرگەش سەر بە یەکێتی بوو، بەڵام لە ساڵی 2009 و لە ژێر ناوی یەکخستنەوەی پێشمەرگەدا ناوەکانیان بۆ 70 و 80 گۆڕدرا، لە ئێستاشدا ناوی 70 و 80 ش گۆڕدرا بۆناوچەی سەربازی یەک و دوو.

ناوچەی سەربازی یەک و دوو کە درێژکراوەی هێزەکانی 70 و 80 ی پارتی و یەکێتین، گوایە لەمەودوا فەرماندەیی فیرقەو لیواکان دەکەن لەڕووی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن و مەسەلەی دارایی و پێداویستییەکانیانەوە.

فەریق جەبار یاوەر دەڵێت،"ئایا گۆڕینی ناوی 70 و 80 بۆ ناوچەی سەربازی یەک و دوو دەبێتە هۆکاری نەمانی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی بەسەر هێزی پێشمەرگە، ئەمە دەمێنێتەوە لەسەر ئەوەی حزب فەرمان بە فەرماندەکانیان نەکات و فەرماندەکانیش نەگەڕێنەوە بۆ بڕیاری حزب."

هەروەها وتیشی،"دەبێت یەکێتی و پارتی بە قەناعەتەوە دەستبەرداری هێزە چەکدارەکان و لە نێویان دا پێشمەرگە ببن، خۆ جگە لە هێزی پێشمەرگە دەیان جۆر هێزی تری چەکدار هەن کە سەربە پارتی و یەکێتین."

لە ماوەی مانگی 12 ی ساڵی 2024دا، چەندین وەفدی باڵای سەربازی وڵاتانی ئەوروپا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردو لەگەڵ سەرۆکی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگەدا دیدارو کۆبوونەوەیان ئەنجامدا.

وەزیری بەرگری هۆڵەندا، وەزیری بەرگری ئیتالیا، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا، سوپاسالاری بەریتانیاو چەندین وەفدی تری سەربازی لە نێو ئەو وەفدانەدا بوون، کە لەم مانگەدا بە جیا سەردانی هەرێمیان کردووە.

سەرچاوە باڵا سەربازییەکەی هەرێم کە ئاگاداری دیدارو کۆبوونەوەکان بووە، دەڵێت،"ئەو وڵاتانە دۆستی کوردن و پشتیوانی کورد دەکەن، حەز دەکەن کورد یەکگرتوو بێت. پێمان دەڵێن نەیارتان زۆرەو مەترسیتان لەسەرە، ڕێنماییمان دەکەن، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە لایەنی کوردی لەکۆبوونەوەکاندا قسەی جوان دەکات و دواتر هەنگاوی کرداری بۆ یەکڕیزی نانرێت."

جەختیشیکردەوە،"هۆکارێکی تری سەردانی بەرپرسانی ئەوروپاو وڵاتانی تر بۆ هەرێمی کوردستان بۆئاگاداربوونە لە دۆخی ناوچەکە."

زیرەک کەمال، ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەردانی وەفدی باڵای ئەوروپاو وڵاتانی تر بۆ هەرێمی کوردستان بە حاڵەتێکی ئاسایی ناودەبات، پێیوایە درێژکراوەی ئەو سەردانانەیە لە ڕابردوودا هەبوون.

زیرەک کەمال، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"سەرۆکایەتی هەرێم دامەزراوەیەکی یاسایی و شەرعییە، بۆیە لەسەر ئاستی دەرەوە سەردانی دەکرێت و پێشوازیشی لێدەکرێت."

لەکاتێکدا بێ متمانەیی نێوان یەکێتی و پارتی بەهۆکاری سەرەکی یەکنەخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دادەنرێت، بەڵام بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە پێیانوایە لە نێو هێزی پێشمەرگەدا ئیرادەی یەکخستنەوەو ڕێکخستنەوە دوور لە دەستی حزب زاڵترە.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر