ئەردۆغان هەڕەشە لە هێزە کوردییەکانی سوریا دەکات، هەسەدەش دوا مۆڵەت بە گرووپە چەکدارەکان دەدات

ڕەجەن تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا ڕایگەیاند، هێزە کوردییەکان لە سوریا یان دەبێت چەکەکانیان دانێن یان بە چەکەکانیانەوە لە خاکی سوریا "دەنێژرێن"، ئەمەش لە کاتێکدایە لە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەدەوە لەم مانگەدا شەڕ لە نێوان شەڕڤانانی کورد و گرووپەکانی سەر بە تورکیا پەرەی سەندووە.

لە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی ئەسەد، ئەنکەرە چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەبێت هێزە کوردییەکانی یەپەگە هەڵبوەشێننەوە و جەختی لەوەش کردووەتەوە کە ئەو گروپە هیچ شوێنێکی لە داهاتووی سوریادا نییە. گۆڕانکاری لە سەرکردایەتی سوریا وایکردووە لایەنە کوردییە سەرەکییەکانی وڵاتەکە لە حاڵەتی بەرگریدا بن.

هیزەکانی سوریایی دیموکراتیک ( هەسەدە) لە بەرامبەردا ڕایگەیاند، ئامادەکاری دەکەن بۆ ئۆپەراسیۆنی تایبەت و هەتا سەری ساڵ مۆڵەت بە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا دەدەن ناوچەکانی سەرێ کانی و گرێ سپی بەجێبهێڵن.

هەسەدە دەشڵێت، "داوا لە دانیشتوان و چەکدارانی ناو گروپەکانی سەر بە تورکیا دەکەین، کە ملکەچی داگیرکاری بوون و ساڵانێک لە ژێر ئاڵای تورکیادا دژی گەلی سوریا شەڕیان کرد، ئەو هەلە بقۆزنەوە و بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لەو شارۆچکە و شارانەی کە لێیەوە هاتونەتە ناو سوریا".

ئەنکەرە کە ئەندامی ناتۆیە، چەندین جار داوای لە واشنتن کردە واز لە پشتیوانیکردنی یەپەگە بهێنێت.

وەزارەتی بەرگری تورکیا پێش لێدوانەکانی ئەردۆغان ڕایگەیاند" هێزەکانیان 21 چەکداری یەپەگە و پەکەکەیان لە سوریا و باکوری عێراق کوشتووە."

مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هەسەدە هەفتەی ڕابردوو بۆ یەکەمجار پشتڕاستی کردەوە کە چەکداری پەکەکە لە سوریا هەن.

عەبدی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان بۆ شەڕکردن لە دژی داعش لێرەن و ڕایگەیاند، ئەگەر ئاگربەستێکی تەواو لەگەڵ تورکیادا بێتە ئاراوە، ئەوا دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

هەسەدە چەندین جار ڕایگەیاندبوو کە هیچ پەیوەندییەکیان بە پەکەکەوە نیە.