بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی پەنابەرانی کوردانی ڕۆژئاوا- سوریا لە هەرێمی کورستان ڕایدەگەیەنێت، لەبەر خراپی دۆخی ئاسایش لە ڕۆژئاوا، کوردانی پەنابەری ڕۆژئاوا لە هەرێمی کورستان داوا دەکەن نەنێردرێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان تا گەرەنتی ژیانیان نەکرێت، دەشڵێت،" پرۆژەیەکمان ئامادەکردووە و پێشکەشی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و یوئێنی دەکەین بۆ ئەوەی ڕێگر بن لە بە زۆرەملێ ناردنەوەی کۆچبەران."
هۆزان عەفرینی، بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی پەنابەرانی کوردانی ڕۆژئاوا- سوریا لە هەرێمی کورستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ڕژێمی پێشوو لەگەڵ حکومەتی عێراق هەندێک گفتووگۆیان هەبوو بۆ گەڕانەوەی پەنابەرانی کورد و سوری، ئێمە جەخت دەکەینەوە کە بەشێوەی فشار ئێمە ڕازی نین بگەڕێنەوە، ئێستا ژمارەیەکی زۆر هەیە کە نایانەوێت بگەڕینەوە، چونکە ڕەوشی سوریا نادیارە و نازانن چارەنووسیان چی بەسەر دێت، ئەوەی لە سوریا هەیە جارێ وەک حکومەت نا دیارە چی دەبێت و لە زۆربەی ناوچەکانیش هێشتا شەڕە."
وتیشی،" ڕازین بە گەڕانەوە ئەگەر زەمانەتی ژیانمان بکرێت واتە گەرەنتی نێودەوڵەتی بکرێین ئاساییە بگەڕیینەوە، بەڵام وەک ناو بە بێ پاراستن و گەرەنتی ناگەڕێینەوە و رازی نین، بۆیە پرۆژەمان هەیە کە پێشکەشی کۆچ و کۆچبەران و یوئێنی دەکەین بۆئەوەی ڕێگربن لە گەڕانەوەی کۆچبەران بە زۆرەملێ."
بە پێی ئامارە فەرمیەکان نزیکەی 250 هەزار پەنابەری ڕۆژئاوا لە هەرێمی کوردستانن، لەو ژمارەیەش بەشێکیان کامپنشین و بەشەکەی تریشیان دانیشتووی شارەکانن.
هەرچەندە لە دوای شەڕی ناوخۆی سوریا لە ساڵی 2011 کورد خاوەن بەڕێوەبەری خۆیەتی لە سوریا بە ناوی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، بەڵام ئاڵۆزیەکان و هەڵگیرسانی شەڕی داعش بووە هۆی کۆچبەربوونی هەزاران کورد و سوری لەو وڵاتە، تا ئێستاش ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەر لە هەرێمن و نەگەڕونەتەوە زێدی خۆیان.
هەرچەندە ڕژێمەکەی ئەسەد ڕووخا و کۆتایی پێهات، بەڵام بە قسەی هۆزان عەفرینی " تەنها 20 خێزان گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان لە ڕۆژئاوا."
پشتر ڕژێمی سوریا لە سەردەمی بەشار ئەسەد داوای گەڕانەوەی پەنابەرانی وڵاتەکەی کردبوو، بەڵام سەرهەڵدانەوەی ئاڵۆزیەکان لە سوریا و بە تایبەت دروستبوونی شەڕ لە ناوچە کوردنشینەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆسەر پێناچێت بەم نزیکانە بڕیاری گەڕانەوەی پەنابەران بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
سامر مەشکور، بەڕێوەبەری لقی سلێمانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" تا ئێستا هیچ بڕیارێکی تازە نییە بۆ گەڕانەوەی کۆچبەرانی ڕۆژئاوا، ئاگاداریش نین هیچ خێزانێک گەڕابێتنەوە، حکومەتی عێراقی تەنسیقی نەکردووە لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سوریا و سەفارەتی سوریاش داخراوە."
وتیشی،" بەڵام ئەگەر بگەڕێنەوە ڕێگریان ناکەین و حکومەتی عێراق حەز دەکات بگەڕێنەوە زێدی خۆیان."
لە سەردەمی ڕژێمی ئەسەدا ژمارەیەکی زۆر لە کوردەکان بێبەری کراون لە پێدانی ناسنامە بۆیە ژمارەکەی زۆر لە کوردان لەو وڵاتە بێ ناسنامەن، ئەمەش یەکێکی ترە لە کێشەی بەشێک لە پەنابەرانی نیشتەجێی هەرێم کە جگە لە ناسنامە لە وەرگرتنی مافی پەنابەریش بێ بەش بوون، ئەوان کە نیشتەجێی هەرێمن تەنها خاوەن ڕیگەپێدانی یوئێنن، بەم هۆیەشەوە ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
هۆزان عەفرینی دەڵێت،" ئەو خێزانانەی کە خاوەنی ناسنامەی سوری نین ژمارەیان نزیکەی هەزار خێزان دە بێت و تا ئێستا تەنها بەهۆی ڕێگەپێدانی یوئێنەوە ماونەتەوە، ئەم پەنابەرانە جگە لەوەی بێ ناسنامە و بێ مافی پەنابەرین کێشەی هاوسەرگیری و خستنە بەرخوێندنی مندالەکانیشیان هەیە، کە چەند جارێک بوونەتە قوربانی."
وتیشی،" بۆ ئەوا نە داوای گواستنەوەیان بۆ وڵاتی سێیەم دەکەین بە مەبەستی پێدانی ناسنامەی ئەو وڵاتە، بۆوەی کە هەست بە بوون و ئەمانی خۆیان بکەن."
Your browser doesn’t support HTML5