ڕێکخراوەکانی چاودێری مافی مرۆڤ دۆخی زیندانەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بە "کارەساتبار" ناودەبەن و بەڕێوەبەری گشتی چاکسازیەکانی هەرێمی کوردستانیش داوای یەکلایی کردنەوەی چارەنوسی 479 سزادراوی لەسێدارە دەکات و دەڵێت، "زۆری ژمارەی سزادراوانی لەسێدارە بارگرانی بۆ دروستکردووین."
ئیحسان بابان، بەڕێوەبەری گشتی چاکسازیەکانی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەو سزادراوانەی کە سزای لەسێدارەدانیان هەیە لە ناو چاکسازیەکان هەمان بەرنامە و خزمەتگوزاریان وەک سزادراوانی دیکە پێشکەشدەکرێت. خۆی لە ڕاستیدا نەدەبوو وابێت، وە ئێمە داوامان لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کردووە هەتا چارەنوسیان یەکلایی بکاتەوە."
وتیشی، "داواکاریەکەی ئێمە ئەوەیە یان سزاکەیان لەسێدارەوە بۆ بکرێت بە هەتاهەتایی یاخود سزاکانیان بەسەردا جێبەجێبکرێت یان لە ئێمە جیابکرێنەوە، چونکە بەڕاستی بوونەتە مایەی بارگرانی بۆمان."
لەهەرێمی کوردستان شەش زیندانی چاکسازی گەوران و ژنان و منداڵان هەن، کە دوانیان دەکەونە سنوری پارێزگای سلێمانی و دوانیان لە هەولێر و دوانی تریان لە دهۆک. کۆی گشتی سزادراوانی نێو چاکسازیەکان بریتییە لە 5 هەزار و 752 کەس. لە نێو سزادراوەکان هەزار و 527 کەس سزادراوی مادەی هۆشبەرن و 479 کەسیش سزای لە سێدارەدانیان هەیە.
لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان هەتا ئێستا سزای لە سێدارەدان هەیە، بەڵام جێبەجێکردنی سزاکە کە پێویستی بە واژۆی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەیە ماوەی 16 ساڵە ڕاگیراوە. بەرپرسان دەڵێن ڕاگرتنەکە بۆ پابەندوونە بە بنەماکانی مافی مرۆڤ.
دەنگی ئەمەریکا بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە کرد، بەڵام هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە پەیوەندیەکە بەردەست نەبوو.
بەڕێوەبەری گشتی چاکسازیەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "چاکسازی سزادراوی لەسێدارەش دەگرێتەوە، بەڵام دەبوایە نەیانگرێتەوە، لەبەر ئەوەی مادەکان هەم لە ڕووی ڕێکاری هونەری هەم لە ڕووی ئیداریەوە جیاوازن، بۆیە دەبێت شوێنی تایبەت بە ئەوان هەبێت."
وتیشی، "لەبەر ئەوەی ئەو سزادراوانە بەو مادانە سزادراون هەلی گەڕانەوەیان بۆ نێو کۆمەڵگا نییە هەتا بڵێیت چاکسازی لەو کەسانەدا دەکەم، بەڵام ئێمە ئەو بەرنامەیەمان هەر بەردەوام بووە و هاوکاریان بووینە بۆ ئەوەی بەڵکو لە پاشەڕۆژدا چارەنوسیان یەکلایی بکرێتەوە."
بەگوێرەی ئاماری ڕێکخراوی تۆڕی دادپەروەری و یاساناسانی عێراق، لە سەرانسەری بەندینخانەکانی عێراقدا نزیکەی 8 هەزار سزادراو بە لەسێدارەدان هەن. سەرەڕای نیگەرانییەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، حکومەتی عێراق تەنها لەماوەی ئەمساڵدا 30 سزای لەسێدارەدانی جێبەجێکردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ی دوانزەی 2024، ڕێکخراوی تۆڕی دادپەروەری بۆ بەندییەکان لە عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە هەولێر، بارودۆخی مافی مرۆڤی لە بەندینخانەکانی عێراق بە "کارەسات" ناوبرد.
شوان سابیر گەردی، سەرۆکی تۆڕی دادپەروەری بۆ بەندییەکان لە عێراق بە میدیاکانی ڕایگەیاند، "لە 70%ی چاکسازیەکانی عێراق زۆر قەرەباڵغن و لە هەندێک شوێن گەشتووەتە هەشت هێندەی توانای ئێستایان، بەمانای ئەوەی ئەو شوێنە جێگای هەزار کەسی تێدا بێتەوە بەڵام هەشت هەزار کەستی تێدایە، ئەوەش کاریگەری هەیە لەڕووی تەندروستی و لەڕووی ئەمنیەوە."
وتیشی، "بەڕاستی کارەساتە بەو شێوەیە و پێویستە کار بۆ فراوانکردنی چاکسازیەکان بکرێت و ئەو هەموو ژمارە زۆرەی سزادراو لە چاکسازیەکان کەمبکرێنەوە."
سەرەڕای هەبوونی کەموکورتییەکان و زۆری ڕێژەی زیندانیان، بەڕێوەبەری گشتی چاکسازیەکانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی دا بە هەندێک بڕیاری پەیوەست بە مافی سزادراوان، کە بە وتەی خۆی بوونەتە هۆی بەدیهێنانی ئەنجامی سەرکەوتوو.
ئیحسان بابان بەڕێوەبەری گشتی چاکسازیەکانی هەرێم بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێمە لە چاکسازیەکان مۆڵەتی چوونەوە بۆ ماڵەوەمان هەیە کە لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەو مۆڵەتە نیە. لە پێدانی ئەو مۆڵەتەش ئێمە سەرکەوتوو بووینە. مۆڵەتەکە تاوانەکانی وەکو کوشتن و تیرۆر و ڕفاندن ناگرێتەوە، ئەویش لەبەر حاڵەتی ژیانی خۆیانە. سزادراوانی هەموو مادەکانی تر سێ مانگ جارێک دەتوانن هەفتەیەک بچنەوە نێو ماڵ و منداڵی خۆیان. ئەمە هەر بۆ ئەوەیە کە چاکسازی لەکەسەکاندا بکەین، هەتا کاتێک ئازاد بوون و چوونەوە نێو ماڵ و منداڵیان لەگەڵ کۆمەڵگادا بگونجێن."
بەڕێوەبەری گشتی چاکسازیەکانی هەرێم ڕایگەیاند، لە نێو چاکسازیەکانی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی ڕێگریکردن لە حاڵەتەکانی جیابوونەوە، ڕێگا بە سزادراو دەدرێت هەفتانە ماوەی دوو کاتژمێر لە ژووری تایبەتی چاکسازییەکان لەگەڵ هاوسەرەکەی پێکەوە بمێننەوە.
وتیشی، "لەم پلانەش سەرکەوتوو بووینە و وایکردووە ڕێژەی جیابوونەوەی نێوان سزادراواندا لە سەدا سەدەوە بگۆڕین بۆ لە سەدا سفر، چونکە کارئاسانی زۆرمان کردووە بۆ بینیینی ژن و پیاوەکان لەنێو چاکسازیەکاندا."
Your browser doesn’t support HTML5