لاهور شێخ جەنگی: ئەگەر کورد لە ڕۆژئاوا یەکگرتوو نەبێت خاکێکی زۆر لەدەست دەدات

لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل و هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی داوایی یەکگرتوویی گەلی کورد لە سوریا دەکات و هۆشداری دەدات لەوەی "ئەگەر کورد بە وریایەوە مامەڵە نەکات و یەکگرتوو نەبن و پشتیوانی یەکتر نەکەن لەوانەیە خاکێکی زۆر لە دەست بدەن."

ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ی مانگی دوانزەی 2024، لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل، لە میانەی ئامادەبوونی لە یاری نێوان دوو تیپی تۆپی پێ عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە سلێمانی ڕایگەیاند، "هەندێک کارمان کردووە بۆ ئەوەی لە دۆخی ڕۆژئاوادا کورد تێدا زەرەرمەند نەبێتەوە و من لەسەرەتاشەوە هۆشداریم داوە کە بەڕاستی کورد ئەگەر بە وریاییەوە یەکگرتوو نەبێت و پشتیوانی یەکتر نەکەن لەوانەیە خاکێکی زۆر لە دەست بدەن."

وتیشی، "هیوادارین هەموو لایەنەکانی کوردستان ئاشتەوایی کورد ڕابگەیەنن و ڕۆژئاوا ئاشتبکەینەوە، بە ئەنەکەسە و ئەوانی دیکەش پێکەوە بچنە دیمەشق."

ڕۆژی 23ی دوانزەی 2024، بە نێوەندگیری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کۆبوونەوەی نێوان لایەنە ناکۆکەکانی ڕۆژئاوا ئەنجامدرا. دوای کۆبوونەوەکەش هەریەک لە هەسەدە و ئەنەکەسە دانیشتنەکەیان بە "ئەرێنی" ناوبرد و جەختیان لە گرنگی بەردەوامی کۆبوونەوەی هاوبەش کردەوە بە مەبەستی گەشتن بە ڕێککەوتن.

بە پێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، هەوڵێک هەیە لەلایەن چەند کەسایەتی سیاسی و سەربەخۆوە داوا لە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بکەن ئەنەکەسە ناچار بکات بە ڕێککەوتن لەگەڵ هەسەدە، بەو پێیەی ئەنەکەسە بە لایەنی نزیک لە پارتی هەژمار دەکرێت.

پشتیوانانی هەوڵەکە پێیان وایە ئەم قۆناغە پێویستی بە هەڵویستی سیاسی هاوبەش هەیە هەتا لایەنە کوردیەکان بە یەکگرتووی بچنە دیمەشق و کورد بە یەک پاکێج مامەڵە لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سیاسی سوریا بکات و خۆی لە هەڕەشەکانی تورکیا بپارێزێت.

تورکیا بە بیانووی پاراستنی سنورەکانی و دوور خستنەوەی تیرۆر لەسەر خاکەکەی، لەڕێگای چەند گروپێکی چەکداری سوریاوە لە شەڕدایە لەگەڵ هەسەدە و لە زۆرینەی ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا شەڕ بەردەوامە و بەو هۆیەوە بەهەزاران خێزانی کورد ئاوارەبوونە.

هەندێک لە چاودێرانی سیاسی دەڵێن دۆخی کورد لە ڕۆژئاوا خراپە و تورکیا لە دوایی نەمانی ڕژێمی ئەسەد زیاتر سودی لە ناکۆکی کورد بینوە و دەشڵێن گەر هەوڵی خێرا نەدرێت بۆ یەکڕیزی کورد ئەوا تورکیا ئامانجەکانی بەدی دەهێنێت.

دلێر عەبدوڵا، چاودێری سیاسی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "کورد بە درێژای مێژوو لە مەترسیدا بووە و هەمیشە ڕووبەڕووی هەڕەشە و پیلانی داگیرکاران بووەتەوە. ئەوەی ئێستا لە ڕۆژئاوا دژی کورد دەکرێت درێژکراوەی مێژووە، بەڵام بە فۆرم و مۆدێلێکی نوێ. تورکیا وەک یەکێک لە یاریکەرە سەرەکییەکانی گۆڕەپانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوڕەڕاست ناودەبرێت و هەموو هەوڵێک دەدات بۆ لەناوبردنی کورد وەک کیان و قەوارە و هێزی خۆبەڕێوەبەری."

وتیشی، "تورکیا سودی لە ناکۆکی کورد بینوە و لە ئێستادا ناکۆکییەکانی نێوان هەسەدە و ئەنەکەسە بەقوڵی دەبینرێت. بۆیە گەر هەوڵی جیدی نەدرێت بۆ یەکڕیزی کورد لە ڕۆژئاوا، بە دڵنیایەوە تورکیا ئامانجەکانی بەدیدەهێنێت کە هەمیشە لە شەڕو ڕووبەڕووبوونەوەی کوردانی ڕۆژئاوادا شکستی هێناوە و لە دواییین هەوڵیدا دەیەوێت لە ڕێگەی ئاشتی و کردنەوەی دیداری ئیمڕاڵی، بەشێکی تر لە خواستە سیاسیەکانی خۆی جێبەجێی بکات، لەمەشدا دەبێت کورد زیرەکانە مامەڵە بکات و لەو یارییە تێبگات کە تورکیا دەستی داوەتێ."

ڕۆژی 29ی مانگی یانزەی 2024، گرووپە چەکدارەکانی هەیئەتی تەحریری شام و هاوپەیمانەکانی کە بە گرووپی سوونەی تونڕەوی نزیک لە ئایدۆلۆژیای قاعیدا و دۆستی تورکیا دادەنرێن لە یەکەم هەنگاویاندا هێرشیان کردە سەر شاری حەلەب لە سوریا و هێرشەکانیان بەردەوام کرد، هەتا ڕۆژی 8ی مانگی 12 بە تەواوی کۆتاییان بە دەسەڵاتی 53 ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد لە سوریا هێنا.

هەرچەندە دەسەڵاتی نوێی سوریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع (ئەبو محەمەد جۆلانی) دەڵیت لە سوریای نوێدا مافی هەموو نەتەوە و ئاینەکان جێبەجێ دەکرێت، بەڵام ئاراستەی کارکردنی دەستەڵاتداری نوێی سوریا هەتا ئێستا دیار نییە و بەشێک لە چاودێران دەڵێن گرووپی تەحریری شام تەنها بە کاتی و هەتا جێگیرکردنی دەستەڵاتی لە بانگەشە نەرمەکانی بەردەوامدەبێت.

لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعەرەبییە، کە ئەمڕۆ یەکشەممە بەشێکی بڵاوکرایەوە، ئەحمەد شەرع جەختی لە یەکپارچەیی خاکی سووریا کردووەتەوە. هەروەها رایگەیاندووە، "بۆ چارەسەرکردنی کێشەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، لەگەڵ هەسەدە لە پەیوەندیداین."

شەرع یان ئەبو محەممەد جۆلانی ڕاشیگەیاند، "بە هیچ شێوەیەک سووریا دابەش ناکرێت و هیچ فیدراڵییەکیشی نابێت. هێزە کوردییەکان دەبنە بەشێک لە وەزارەتی بەرگریی سووریا."

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی دیار جەمال