جۆزێف عەون فەرماندەی سوپای لوبنان وەک سەرۆکی لوبنان هەڵدەبژێردرێت

دوای دوو خول لە دەنگدان، پەرلەمانی لوبنان جۆزێف عەون، فەرماندەی سوپای لوبنان وەک سەرۆکی وڵاتەکەی هەڵدەبژێرێت، ئەمەش هەم کۆتایی بەو بۆشاییەی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی دەهێنێت کە لە ساڵی 2022ەوە بەردەوامە و هەمیش بە مانای لاوازبوونی حزبوڵای لوبنان دێت.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، نەبییە بەڕی سەرۆکی پەرلەمان ڕۆژی پێنجشەممە 9ی مانگی یەک ڕایگەیاند، نوێنەران بە 99 دەنگ لە کۆی 128 دەنگ، جۆزێف عەونیان وەک سەرۆک کۆمار هەڵبژاردووە.

بەگوێرەی ئاژانسەکە، جۆزێف عەون لە دەنگی یەکەمدا نەیتوانی زۆرینەی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، پێش دەنگی دووەمیش لەگەڵ نوێنەرانی حزبوڵا و بزووتنەوەی ئەمەل کۆبووەتەوە و دواتر دەنگی دووەم ئەنجامدراوە.

لە کاتێکدا حزبوڵا و بزووتنەوەی ئەمەل بە سەرۆکایەتی نەبییە بەڕی لە مێژە نیگەرانی خۆیان لە کاندیدبوونی جۆزێف عەون دەربڕیوە و ڕایانگەیاندووە کە پشتگیری لە سلێمان فرەنجیە دەکەن، سێ بەرپرسی باڵای سیاسی لوبنان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، دەنگی نوێنەرانی شیعە کە پشتگیری جۆزێف عەون دەکەن، ئەوندە هەیە کە ئەو بتوانێت 86 دەنگی پێویست بۆ بردنەوە دەستەبەر بکات.

پێشتر ڕۆیتەرز ئەم هەڵبژاردنەی بە یەکەم تاقیکردنەوەی هاوسەنگی هێز لە لوبنان وەسف کردبوو، دوای هێرشە قورسەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر حزبوڵا و ڕووخانی حکومەتی بەشار ئەسەد لە سوریا.

پۆستی سەرۆکایەتی لە لوبنان کە بە هۆی سیستمی تائیفیی دابەشکردنی دەسەڵاتەوە هەمیشە بۆ مەسیحییەکی مارۆنی بووە، لە ئۆکتۆبەری 2022ەوە کە ماوەی سەرۆکایەتی میشێل عەون کۆتایی هات، چۆڵ بووە.

لەو ماوەیەدا هیچ کام لە گرووپ و لایەنە سیاسییەکانی ناو پەرلەمانی لوبنان نەیانتوانی کورسی پێویست بۆ دیاریکردنی سەرۆکی خوازراویان بەدەست بهێنن و لە هەمان کاتدا لەسەر ئەم پرسە نەگەیشتبوونە هیچ کۆدەنگییەک.

چانسی جۆزێف عەون بۆ گەیشتن بەو پۆستە ڕۆژی چوارشەممە دوای کشانەوەی کاندیدی پەسەندکراوی حزبوڵای لوبنان، سلێمان فرەنجیە لە کاندیدبوون، زیادی کرد و ناوبراو لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتارانی لوبنان، پشتیوانی خۆیان بۆ فەرماندەی سوپای لوبنان ڕاگەیاند.

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە نوێنەرانی فەڕەنسا و سعودیە ڕۆژی چوارشەممە لەگەڵ سیاسەتمەدارانی لوبنان لە بەیروت کۆبوونەتەوە. چوار بەرپرسی سیاسی لوبنان کە هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ شازادە ئێزید بن فەرحان نوێنەری سعودیە کۆبوونەتەوە، ڕایانگەیاندووە، مەرجە خوازراوەکانی خۆی بۆ پشتیوانیکردن لە جۆزێف عەون خستۆتە ڕوو.

سعودیە سەردەمانێک ڕۆڵێکی کاریگەری لە لوبناندا هەبوو، کێبڕکێی لەگەڵ ئێراندا دەکرد بۆ کاریگەری لەسەر ئەو وڵاتە، بەڵام دواجار تاران لە ڕێگەی حزبوڵای لوبنانەوە توانی بەسەر ڕیازدا زاڵ بێت و ببێتە یاریزانی سەرەکی لە لوبنان. ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی، حزبوڵا بە گرووپێکی تیرۆریستی دەزانن.

جۆزێف عەون، تەمەن 60 ساڵ، لە ساڵی 2017ەوە فەرماندەیی سوپای لوبنان بووە کە لەلایەن ئەمەریکاوە پاڵپشتی دەکرێت. لە ماوەی فەرماندەییەکەیدا، هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ سوپای لوبنان بەردەوام بووە، ئەمەش هاوتەریب بوو لەگەڵ سیاسەتی ئەمەریکا بۆ پشتگیریکردنی دامەزراوەکانی حکومەتی لوبنان بە مەبەستی سنووردارکردنی کاریگەرییەکانی حزبوڵا.

هەر کاندیدێک پێویستی بە 86 دەنگ هەیە لە خولی یەکەم یان 65 دەنگ لە خولی دووەم بۆ ئەوەی وەک سەرۆکی لوبنان هەڵبژێردرێت. بەڵام نەبییە بەری ڕایگەیاندووە بەو پێیەی جۆزێف عەون هێشتا لە سوپادا خزمەت دەکات، هێشتا پێویستی بە 86 دەنگ هەیە بۆ ئەوەی هەڵبژێردرێت، بەو پێیەی هەڵبژاردنەکەی پێویستی بە هەموارکردنەوەی دەستوورە.