جیمی کارتەر، لە کێڵگەوانیکەوە بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا و خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی

جیمی کارتەر 39هەمین سەرۆکی ئەمریکا لە 29ی مانگی دوازدە لە تەمەنی 100ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. کارتەر پێش ئەوەی ببێتە سەرۆک کۆمار، ئەفسەری هێزی دەریایی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و جووتیارێکی فستق و سیاسەتمەدار بووە لە ویلایەتی جۆرجیا. دوای دۆڕاندنی لە خولی دووەمی سەرۆکایەتی، کارتەر ژیانی خۆی بۆ بەرگریکردن لە هەژارەکان و بەها دیموکراسیەکان تەرخان کرد.

جەیمس ئێرل کارتەر، ناسراو بە جیمی کارتەر ڕۆژی 1ی مانگی 10ی ساڵی 1924 لە ناوچەی پلەینس لە ستانی جۆرجیا لەدایک بووە، لە بنکەیەکی تەندروستی کە دایکی لەو بنکەیەدا وەک پەرستارێک کاری کردووە؛ بەمەش جیمی کارتەر دەبێتە یەکەم سەرۆکی ئەمەریکا لە بنکەیەکی تەندروستیدا لەدایک بووبێت.

لەگەڵ ئەوەشدا کە باوکی کارتەر، یەکێک بووە لە پشتیوانکارانی جیاوازیی ڕەگەزیی، بەڵام ڕێگەی لە کوڕە گەورەکەی نەگرتووە کە هاوڕێیەتی مناڵەکانی وەرزێرە ئافریکاییە ئەمەریکاییەکان بکات.

دوابەدوای تەواوکردنی قۆناغی ئامادەیی 1937-1941، خەونی کارتەر ئەوە دەبێت بچیتە ئەکادیمیای هێزی دەریایی و لە ساڵی 1946 لە ئەکادیمیای هێزی دەریایی، خوێندن تەواو دەکات و لە هێزی ژێردەریایی ئەمەریکادا دەست بە کارکردن دەکات. لە ساڵی 1941دا بەرلەوەی بچێتە ئەو ئەکادیمیا لەشکرییە، کارتەر لە کۆلیژی جۆرجیا ساوث وێسترن، بەشی ئەندازیاریی تەواو دەکات.

پاش خزمەتگوزارییە سەربازییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی و لەوێش دەست دەکات بە کارکردن لە کارداریی پینەتدا "فستق عەبید" کە کارداریی خانەوادەکەی بوو و کێڵگەی خۆیان هەبووە بۆ چاندنی پینەت.

ئەڵبەت ئەو گۆڕانکارییە کارێکی ئاسان نەبووە، بەر لە هەموو شتێک یەکەم ساڵی کارکردنی لە کێڵگەکانی پینەتدا (کە لە هەندێک شوێنی تر پێی دەڵێن پاقلەی سودانی) زۆر قورس دەبێت، بەهۆی کەم بارانی و وشکە ساڵییەوە، بە ئاستەم دەگاتە ئەوەی خەرجییەکان و داهات یەکسان بن. ئیتر بە ناچاری قەرزی زیاتر لە بانکەکان وەردەگرێت هەتا کێڵگەکانی خانەوادەکەی لە دەست نەدرێن. ئەم ئەرکە قورسە وەها دەکات کارتەر بکەوێتە خوێندنی زانستەکانی کشتوکاڵ بۆ پەرەپێدانی بەرهەمەکان. لەوێ بەدواوە خانەوادەی کارتەر زاڵ دەبن بەسەر کێشەکاندا لە بواری کشتوکاڵ و ئاودێریشدا، سەرکەوتوو دەبن لەو بوارەیاندا.

کارتەر، دژی جیاوازیکردنی ڕەگەزپەرستانە بووە و پشتیوانیی لە بزووتنەوەی مافە سیڤیلیەکان کردووە و بووەتە چالاکوانێک لەناو دیموکراتەکاندا.

لە ساڵی 1962دا کارتەر ڕایدەگەیەنێت خۆی بۆ ئەندامێتی لە سیناتی ستانی جۆرجیا کاندید دەکات. دوای بڵاوکردنەوەی ئەنجامەکانی ئەو هەڵبژاردنە، کارتەر تانە لە ئەجامەکان دەدات و لە لێکۆڵینەوەکاندا دەردەکەوێت کە فێڵ و تەڵەکە کراوە، بڕیار دەدرێت هەڵبژاردنێکی تر بکرێت و کارتەر سەردەکەوێت بەسەر ڕکابەرەکەیدا و ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنەش 3013 دەنگ بۆ کارتەر و 2182 دەنگیش بۆ هومەر مور.

جیمی کارتەر، دوای ئەندامێتییەکەی لە ئەنجومەنی سیناتی ستانی جۆرجیا، دەبێتە فەرمانڕەوای ستانەکە و دواتریش خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کاندید دەکات، هەرچەندە لە دەرەوەی ستانی جۆرجیا کەسێکی نەناسراو بووە و ئەگەریش لە شوێنی تریشدا ناسرابێت بەڵام بە ڕژد وەرنەگیرابوو، بەڵام ئەوەبوو لە ساڵی 1976دا متمانەی دیموکراتەکان بەدەست دێنێت و دەبێتە کاندیدەکەیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا؛ هەر ئەو کاتەش واڵتەر مۆندەیڵ وەک جێگری خۆی دەستنیشان دەکات. کارتەر و مۆندەیڵ توانییان لە هەڵبژاردنەکەی ئەو ساڵەدا سەرکەوتن بەدەستبێنن بەسەر جێراڵد فۆرد و بۆب دۆڵ، کاندیدەکانی کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆک و جێگری سەرۆک.

لە دووهەم ڕۆژی پۆستەکەیدا لە کۆشکی سپی، کارتەر بڕیاری لێبوردنێکی گشتی داوە بۆ هەموو ئەوانەی لە خزمەتگوزاری لەشکریی هەڵاتبوون هاوکاتی شەڕی ڤیەتنام و هەروەهاش دەستیکرد بە پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی نوێ بۆ پاراستنی وزە و چاودێریکردنی نرخی وزە و برەودان بە تەکنەلۆژیای نوێ.

بەگشتیش دەکرێت بگوترێت ئەم سەرۆکەی ئەمەریکا، سەرکەوتوو بووە لەو سیاسەتەی دایڕشتبوو بۆ ئاشتی نێوان عەرەب و ئیسرائیل و توانی سەرکەوتووانە کار بکات لەسەر ڕێککەوتنی کامپ دەیڤد و پەیماننامەکانی کەناڵی پەنەما و هەروەهاش گەڕی دووهەمی سنوردانان بۆ چەکە ستراتیژییەکان.

لەگەڵ ئەوەشدا کە ڕەوشی ئابوری ئەمەریکا لە سەروەختی جیمی کارتەردا بەرەو خراپی دەڕۆیشت، بەڵام هەوڵێکی زۆریدا و بەرەنگاری ئەو ئابوریە خراپە بووەوە.

لەو چوار ساڵەی سەرۆکایەتییەکەیدا ژمارەیەک پڕۆژە یاسای مۆرکرد کە بوونە مایەی پێکهێنانی دوو وەزارەتی نوێ لە ئەمەریکادا؛ وەزارەتی وزە و هەروەهاش وەزارەتی پەروەردە.

لە دوو ساڵی کۆتایی سەرۆکایەتی جیمی کارتەردا ژمارەیەک ڕووداوی هەبوون کە دەکرێت بگوترێت ئەو دوو ساڵەی پێ دەناسرێتەوە؛ وەک ڕووداوەکەی دوڕگەی ثری مایل، کە خانەی دووهەمی ڕیاکتەری ناوکیی بۆ دروستکردنی وزەی ئەلیکتریک لە نزیک شاری هاریبۆرگ لە ستانی پێنسلڤانیا کەوتە توانەوە و بەمەش مەتریاڵە تیشکدەرەکان مەترسییەکی گەورەیان دروست کرد. دەستکردن بە پەیوەندی دیپلۆماتی لەگەڵ وڵاتی چین،

شۆڕشی نیکاراگوا، داگیرکردنی ئەفغانستان لەلایەن یەکێتی سۆڤیەتی پێشووەوە، شۆڕشی ئیسلامی ئێران و قەیرانی بە بارمتەگرتنی ئەمەریکاییەکان و هەروەهاش قەیرانەکەی ساڵی 1979ی نەوت.

داگیرکردنەکەی ئەفغانستان، شەڕی ساردی بردە قۆناغێکی ئاست بەرزتر و گەمارۆی دانەوێڵە خرایە سەر سۆڤیەت و لەسەر ئاستێکی فراوانتریش بڕیاری بایکۆت کردنی ئۆڵۆمپیادی هاوینەی ساڵی 1980 کرا کە لە مۆسکۆ دەکرا.

کارتەر و مۆندێڵ، هەوڵیاندا لە ساڵی 1980دا سەرلەنوێ هەڵببژێرێنەوە، توانیشیان لە هەڵبژاردنە بەراییەکان و لە کۆنگرەی دیموکراتەکانیشدا سەرکەوتن بەسەر سیناتۆر تێد کەنەدیدا بێنن و ببنەوە بە کاندیدی فەرمی دیموکراتەکان؛ بەڵام لە هەڵبژاردنی گشتیدا نەیانتوانی سەربکەون بەسەر کاندیدەکانی کۆمارییەکاندا؛ ڕۆناڵد ڕیگن و جۆرج ئێچ دەبلیو بوش.

دوابەدوای کۆتاییهاتنی چوار ساڵەی سەرۆکایەتییەکەی؛ جیمی کارتەر، نێوەندی کارتەری دامەزراندا بۆ فراوان کردن و بەرز ڕاگرتنی مافەکانی مرۆڤ؛ کارەکان لەم نێوەندەدا وەهایان کرد لە ساڵی 2002دا خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی بدرێت بە جیمی کارتەر.

لە دوای سەۆکایەتییەکەی، کارتەر سەردانێکی زۆری وڵاتانی کردووە بۆ دانوستاندنی ئاشتی و چاودێریی هەڵبژاردنەکان و پەرەپێدانی هەوڵەکانیش بۆ نەهێشتن و لەناوبردنی نەخۆشییە درمییەکان.

کارتەر، کەسایەتییەکی سەرەکی بووە لە ڕێکخراوی قازانج نەویستی "هابیتات فۆر هیومانیتی" کە تایبەت بوو بە نیشتەجێکردن

ئەم سەرۆکەی ئەمەریکا، ژمارەیەک کتێبیشی نوسیون، لەوانە بیرەوەرییە سیاسیەکان و سەرنجدانیش لەسەر کاروبار و ڕووداوە جیهانییەکان.

دووان لە کتێبەکانی، لەسەر قەیرانی نێوان ئیسرائیلی و فەلەستینییەکانن، هەروەها کتێبێکی شیعریشی هەیە.

جیمی کارتەر، 39هەمین سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی 29 مانگی 12ی ساڵی 2024 لە تەمەنی 100 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

کارتەر، یەکەم سەرۆکی ئەمەریکایە، تەمەنی 100 ساڵ بووبێت.