گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەکی سویسرا لە زیندانێکی ئێران؛ بەرپرسانی زیندانەکە دەڵێن خۆی کوشتووە

هاووڵاتییەکی سویسرا کە بە تۆمەتی "سیخوڕی" لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە زیندانی کرابوو، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە لە زیندانی شاری سمنان بە شێوەیەکی گوماناوی گیان لەدەستدەدات.

دوای ئەوەی سەرۆکی دادوەری پارێزگای سمنان لە ئێران ڕۆژی پێنجشەممە 9ی مانگی یەک بانگەشەی ئەوەی کرد کە هاووڵاتییەکی سویسرا کە بە تۆمەتی "سیخوڕی" دەستبەسەر کرابوو، لە زیندانی سمنان "خۆی کوشتووە"، سویسرا گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەکی خۆی لە ئێران پشتڕاست کردەوە.

وەزارەتی دەرەوەی سویسرا گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەکی سویسری لە ئێران پشتڕاستکردەوە و باڵیۆزخانەی سویسرا لە تاران ڕایگەیاند کە لە پەیوەندیدایە لەگەڵ دەسەڵاتە خۆجێییەکان بۆ ڕوونکردنەوەی بارودۆخەکە و هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەو زیندانییە.

ماڵپەڕی میزان کە ئاژانسی هەواڵی دەسەڵاتی دادوەری ئێرانە، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە بە کاتی ئێران لە زاری محەمەد سادق ئەکبەری، سەرۆکی دادوەری پارێزگای سمنانەوە بڵاویکردەوە ئەو کەسە کە لەگەڵ زیندانییەکی دیکە لە زیندانی سمنان لە سویتێکدا ڕاگیرابوو، لە کاتێکدا بۆ ماوەیەک لە سویتەکەدا تەنها بووە، هەوڵی خۆکوشتنی داوە.

ئەکبەری بەبێ ئەوەی ناوی ئەو هاووڵاتیە سویسرییە بخاتەڕوو یان وردەکاری زیاتریش بخاتەڕوو، ڕایگەیاندووە کە لێکۆڵینەوە لەو بارەیەوە کراوە و بە دڵنیاییەوە "خۆکوژی" بووە.

سێ ساڵ لەمەوبەریش ژنە دیپلۆماتکارێکی سویسری کە لە باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە تاران کاری دەکرد لە هەلومەرجێکی گوماناویدا گیانی لەدەستدا.

کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایانگەیاند کە ئەو دیپلۆماتکارە لە نهۆمی 17ی باڵەخانەیەکی بەرز لە گەڕەکی کامەرانی تاران کەوتووەتە خوارەوە.

داواکاری گشتی سویسرا ماوەیەک پێش ئێستا ڕایگەیاند کە دۆسیەی مردنی دیپلۆماتکارەکە داخراوە و لێکۆڵینەوەکان هیچ "دەستوەردانێکی تاوانکاری" نەسەلمێنراوە.

ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران چەندین جار کەڵکیان لە دەستبەسەرکردنی خەڵکی بیانی و ئەو کەسانەی هاووڵاتیی ئێران و وڵاتی دیکەن، وەرگرتووە بۆ بەدەستهێنانی ئیمتیازات لە حکومەتەکانی ڕۆژئاوا یان بۆ ئاڵوگۆڕی زیندانییەکانی خۆیان.

سەرچاوە/دەنگی ئەمەریکا