پرسەی فەرمی جیمی کارتەر لە کاتدراڵی واشنتن بەڕێوەچوو

پرسەی فەرمی جیمی کارتەر 39هەمین سەرۆکی ئەمەریکا لە کاتدراڵی واشنتن بەڕێوەچوو. تابوتەکەی جیمی کارتەر کە ئاڵای ئەمەریکای لەسەر بوو لە کۆنگرێسەوە گواسترایەوە بۆ کاتدراڵی نیشتمانی واشنتن. دوای پرسەکە تابوتەکەی دەگەڕێندرێتەوە بۆ ویلایەتی جۆرجیا کە تێیدا ژیاوە و کۆچی دوایی کردووە بۆ ئەوەی بەخاک بسپێردرێت.

لە 29ی مانگی دوازدەی ساڵی 2024 جیمی کارتەر 39هەمین سەرۆکی ئەمەریکا و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی 2002 لە تەمەنی 100 ساڵیدا لە شاری پلاینز لە ویلایەتی جۆرجیا کۆچی دوایی کرد.

سەدان کەس بە بەشداریکردن لە پرسە فەرمییەکەی جیمی کارتەر لە کاتدراڵی نیشتمانی واشنتن ڕێزیان لە یادی سەرۆکی کۆچکردووی ئەمەریکا گرت.

مەراسیمەکە کە ڕۆژی پێنجشەممە 9ی مانگی یەک بە ڕێوشوێنی تایبەتی ئەمنی بەڕێوەچوو، پێنج سەرۆکی ئێستا و پێشووی ئەمەریکا تێیدا بەشدارییان کرد، لەوانە جۆو بایدن، دانۆڵد ترامپ، باراک ئۆباما، جۆرج بوش و بیل کلینتۆن.

بایدن لە وتارەکەیدا لە مەراسیمەکەدا ستایشی "کارەکتەری" کارتەری کرد و وتی "هاوڕێیەتی جیمی کارتەر و ژیانی ئەو فێری کردم کە هێزی کارەکتەری زۆر زیاترە لەو پێگە و دەسەڵاتەی کە هەمانە."

هەروەها خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی بە "گەورەترین گوناه" ناوبرد و هۆشداریشی لە "بڵاوکردنەوەی ڕق" دا.

بایدن ئاماژەی بەوەشکرد پێدەچێت یەکەم سیناتۆر بووبێت کە پشتگیری لە کاندیدکردنی کارتەری کردبێت لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 1976دا.

جاشوا کارتەر، نەوەى جیمی کارتەر لە مەراسیمەکەدا وتی "هەموو ئەو کاتەی باپیرمم ناسیوە، یارمەتی ئەو کەسانەی داوە کە پێویستیان پێیبووە. ماڵی بۆ ئەو کەسانە دروست کردووە کە پێویستیان بە حەوانەوە هەبوو، نەخۆشی لە شوێنە لەبیرکراوەکاندا بنبڕ کردووە و لە هەر شوێنێک دەرفەتی ئاشتی لە جیهاندا بینیبێت، کاری بۆ ئەوە کردووە ئاشتی بەرقەرار بێت. ئەو خەڵکی خۆشدەویست."

سڵاوکردنی ترامپ لەگەڵ ئۆباما پێش دەستپێکردنی مەراسیمەکە و هەروەها سڵاوکردنی لەگەڵ مایک پێنس، جێگری سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، بابەتی دیکە بوون کە سەرنجی میدیاکانی ڕاکێشا.

پێشتر تەرمی کارتەر بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە کۆنگرێسی ئەمەریکا دانرابوو بۆ ئەوەی لایەنگرانی بتوانن ماڵئاوایی لێبکەن.

دوای مەراسیمەکە تەرمی کارتەر گواسترایەوە بۆ جۆرجیا کە ویلایەتی زێدی خۆیەتی بۆ ئەوەی بەخاک بسپێردرێت.