ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاگادارە کۆمەڵێک کۆمپانیا و لایەن چاویان بڕیووەتە نەوتی کەرکوک، بۆیە پێدەچێت هەرێم رێکاری یاسایی بگرێتە بەر.
شوان محەمەد رۆستەم، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"بەپێی دەستوری عێراق ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ناوچەی جێناکۆکن، هەرێم و بەغداش ئەو مافەیان هەیە ئاگاداری گرێبەست و دۆسیەی نەوتی ئەو ناوچانە بن."
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی لە وڵاتی بەریتانیایە، دەوترێت ئەجێندایەکی سەردانەکەی بۆ ڕێککەوتنە لەگەڵ کۆمپانیای بی پی بەریتانی بۆ پەرەپێدان بە نەوتی کەرکوک.
حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوەکانی حکومەتی عێراق بۆ پەرەپێدان بە نەوتی کەرکوک بە تاکلایەنە ناودەبات و دەڵێت،"حکومەتی عێراق لە هەوڵی ئەوەدایە گرێبەستی نەوت وگاز واژۆ بکات، بە بێ ئەوەی مادەکانی دەستور بە گشتی و بە تایبەت هەردوو مادەی 140 و 112، لەبەرچاو بگرێت."
حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند،"حکومەتی هەرێم بە مافی دەستوری دەزانێت، بەهەموو ڕێکارە جیاوازەکان کە دەستەبەربێت، بەرگری لە مافە دەستورییەکانی بکات و کار لەسەر جێبەجێکردنی یاساکان دەکات بۆ پاراستنی مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان و کەرکوک."
شوان محەمەد دەڵێت،"دەبێت بە ئاگاداری وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەر گرێبەستێک ئەنجام بدرێت، ئەمەی عێراق نادەستورییەو دڵنیام حکومەتی هەرێم رێکاری یاسایی دەگرێتەبەر."
بەڕای شارەزایانی بواری نەوت و وزە، لە ئەگەری ڕێککەوتنی حکومەتی عێراق و کۆمپانیای بی پی بەریتانی، ڕێککەوتنێکی گشتگیر ئەنجام دەدەن و دواتر بە چەند قۆناغێک کارکردن لە پەرەپێدانی نەوتی کەرکوک دەست پێدەکات. بەوەی کێڵگەکان فراوان دەکرێت و بیرە نەوتی تازە بۆ زیادکردنی بەرهەم لێدەدرێت، هەروەها غازی کێڵگەکان بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاردەهێنرێت و بۆری غازیش لە نێوان کەرکوک و بەغدا دروست دەکرێت.
هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای بی پی بەریتانی لەکاتێکدایە، ئەوکاتەی ئیدارەی کەرکوک لە ژێر کۆنترۆڵی کورددا بوو، هەمان کۆمپانیا بە بێ ڕەزامەندی هەرێم لە ساڵی 2023 بۆ نەوتی (قوبەی بابە) گرێبەستی لەگەڵ عێراق ئەنجامدابوو.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هێشتا ناوەڕۆکی هیچ ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنێکمان نەبینیووە، بەڵام گەر عێراق و کۆمپانیای بی پی گرێبەست ئەنجام بدەن ئەمجارە بۆ سەرجەم کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوکە."
کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک بریتین لە: کێڵگەی هاڤانا، بای حەسەن، جەمبورو خەباس، تا مانگی دەی ساڵی 2017 ئەو کێڵگە نەوتییانە لەژێر کۆنترۆڵی هێزی پێشمەرگەو حکومەتی هەرێم دا بوون.
لە ئێستادا ڕۆژانە 360 هەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک بەرهەم دەهێنرێت، نەوتی ئەو پارێزگایە هەناردەی دەرەوەی عێراق ناکرێت، بەڵکو لە ناوخۆی عێراق داو بۆ پێداویستییەکان بەکاردەهێنرێت.
سەرچاوەکەی وەزارەتی نەوت دەڵێت،"پێدەچێت گرێبەستی نێوان کۆمپانیای بی پی و حکومەتی عێراق کێڵگە نەوتییەکان ببوژێنێتەوەو بڕی بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بکرێت."
بەڕای چاودێرانی سیاسی، ئەنجامدانی گرێبەست لەلایەن حکومەتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیای بی پی بەریتانی ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە، عێراق ئەو ناوچانە بە ناوچەی خۆی دەزانێک، لەکاتێکدا هەرێم ئەو ناوچانە بە ناوچەی کێشەلەسەر ناو دەبات.