لە گوندێکی هەرێمی کوردستان پاشماوەی موشەکێکی مەترسیداری "تورکیا" پوچەڵکرایەوە

ئەمڕۆ 14ی مانگی یەکی 2025، لە گوندی گەزنەی سنوری قەزای چۆمان تیمەکانی پوچەڵکردنەوەی مین توانیان موشەکێکی مەترسیداری دروستکراوی وڵاتی تورکیا پوچەڵبکەنەوە کە ژیانی دانیشتوانی گوندەکەی خستبووە مەترسیەوە.

عەلی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری مینی هەولێر هەواڵەکەی پشتراسترکردەوە و بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ڕۆژی یەکشەممە 12ی مانگ لەلایەن هاووڵاتیانەوە تیمەکانمان ئاگادارکرانەوە بە بوونی ڕۆکێتێک لەناو گوندی گەزنەی ناحیەی سمیلانی سەر بە قەزای چۆمان، دوای ئەوەی تیمەکانمان گەشتنە شوێنەکە و دەرکەوت ڕۆکێتەکە مایەی مەترسیە و نەتەقیوەتەوە و لە ئەرزدا چەقیوە و مەترسیە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتیان."

وتیشی،" ئەمڕۆ 14ی مانگ تیمەکانمان ڕۆکێتەکەیان پوچەڵکردەوە کە قەبارەکەی نیو تەن بوو و دروستکراوی وڵاتی تورکیایە، بەڵام هۆکاری کەوتنە خوارەوەکەی نازانین چۆنبووە و بۆچی کەوتووەتە نێو گوندەکەوە."

بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی کە دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتووە، ئەو موشەکە نەتەقیوەی کە چەند ڕۆژێکە ترس و دڵە ڕاوکێی لەلای دانیشتوانی گوندی گەزنە دروستکردووە، نازانرێت کەی خراوەتە خوارەوە و ئامانجەکە چیبووە، بەڵام هاوڵاتیان باسیان لەوەکردووە لەڕۆژانی ڕابردوو گوێبیستی دەنگێکی بەهێزبوونە تا ئەوکاتەی موشەکەکەیان بینیوە.

ئەمە یەکەم حاڵەتی کەوتنە خوارەوەی موشەکی تورکیا نیە لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان، بەڵکو بەبەردەمی فڕۆکەی بێفڕۆکەکانی تورکیا بەگوتەی هاوڵاتیان بە ئاسمانی ناوچە جیاجیاکانەوە دەبینرێن و بوونەتە جێگای مەترسی.

بە پێی ئامارێکی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکای کە لە هەرێمی کوردستان و عێراق کار لەسەر چاودێری بۆردومان و لەشکرکێشیەکانی سوپای تورکیا و ئێران دەکات، لەسەرەتای ئەم ساڵی 2024 تاوەکو کۆتای مانگی 12ی هەمان ساڵ 18 هاووڵاتی مەدەنی بەهۆی ئۆپەراسیۆن و لەشکرکێشیەکانی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستاندا گیانیان لەدەستدا و 4 هاووڵاتی تری مەدەنیش برینداربوونە."

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی دیار جەمال