نەخۆشخانەی هیوا: شێرپەنجەی مەمک لە پلەی یەکەمە، پسپۆڕێکیش داوا دەکات خانمان پشکنینی پێشوەختە ئەنجام بدەن

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا بۆ شێرپەنجە ڕایدەگەیەنێت، ساڵ بە ساڵ ئامارەکانی شێرپەنجە ڕوو لە زیاد بوون دەکەن لە هەرێمی کوردستاندا، دەشڵێت، لە نێو جۆرە جیاوازەکانی شێرپەنجەدا شێرپەنجەی مەمک بەرزترین ڕێژەیە. پسپۆڕێکی بواری شێرپەنجەش بەرزی ڕێژەکە بۆ چەند هۆکارێک دەگێڕێتەوە و داوا لە خانمان دەکات پشکنینی پێشوەختە ئەنجام بدەن.

دکتۆر یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا کە تایبەتە بە شێرپەنجە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" کۆی گشتی تۆماری کۆد لە ساڵی 2024 پێنج هەزار و نۆسەد و چل کۆد تۆمار کراوە، بەڵام لەو ژمارەیە 2344 حاڵەت شێرپەنجە بووە."

وتیشی،" باوترینیان شێر پەنجەی مەمک بووە کە 647 حاڵەت و دواتریش سیەکان 333 بووە، پرۆستات 174 حاڵەت، کۆڵۆنیش 168 لە پلەی سێیەمە، ئەوەی پێویستیە ئەوەیە کە بودجەی زیاتر بۆ نەخۆشخانەکە و شێرپەنجە تەرخان بکرێت."

وێڕای ئەوەی شێرپەنجەی مەمک لە پلەی یەکەم دێت و بە باوترین جۆر دادەنرێت لەناو جۆرەکانی تری شێرپەنجەدا، بەڵام پسپۆڕیکی بواری شێرپەنجە دەڵێت، " ئەگەر نەخۆشیەکە لە قۆناغەکانی سەرەتادا دەستنیشان بکرێت، ڕێژەی چاکبوونەوەی لە بەرزترین ئاستدایە."

دکتۆرە سەناریا شوان، پزیشکی پسپۆڕی خێزانی و نەخۆشیەکانی مەمک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" چەندین هۆکار هەیە بۆ تووش بوون بە شێرپەنجە کە ساڵ لە دوای ساڵ هۆکارەکان زیاد دەکەن، وەک هۆکارەکانی تەمەن، تێکچوونی هۆڕمۆن، پیس بوونی ژینگە، بۆماوەیی، قەڵەوی کە بە سەریکیترینیان دادەنرێت، وە شێوازی ژیان گۆڕاوە کە وەک خواردن لە کۆندا تەندروستر بوو، خەڵک زیاتر بە پێ دەڕۆشتن، جگە لەوەی شیردان زۆر گرنگە بۆ دورکەوتنەوە لەتووشبوون بە شێرپەنجە، لە لایەکی ترەوە منداڵی بلوری هۆکارێکی ترە، شێرپەنجەی مەمک لە جیهاندا لە پلەی یەکەمە نەک هەر لە کوردستان."

وتیشی،" ڕێنمایی خانمان دەکەین پشکنینی پێوەختە ئەنجام بدەن، کە پشکنینێکی ئاسانە و ساڵی جارێک یاخود شەش مانگ جارێک ئەنجامی بدات، ئەگەر لە قۆناغی سفردا پشکنین ئەنجامبدات لە سەدا 99 بۆ 100 چاکدەبنەوە، لە قۆناغی یەکەم ڕێژەی %95 یان چاکدەبنەوە، بەڵام لە قۆناغەکانی کۆتایی واتە لە چواردا ڕێژەی چاکبوونەوەیان زۆر کەمە کە دەگاتە % 55 بۆ لە %57، هاوکات تێچووەکەشی زۆرە، بۆیە ڕێنماییان دەکەین پشکنینی پێشوەختە بکەن و پێوەی پەیوەست بن."

ئەمڕۆ 14ی مانگی 1ی 2025، نەخۆشخانەی هیوا ڕاپۆرتی ساڵانەی هۆبەی تۆماری شێرپەنجەی لە پارێزگای سلێمانی بۆ ساڵێ 2024 بڵاوکردەوە. بەپێی راپۆرتی ساڵانەی هۆبەی تۆماری شێرپەنجەی پارێزگای سلێمانی بۆ ساڵی 2024 کۆی ژمارەی تووشبوانی شێرپەنجەی پارێزگای سلێمانی بریتی بووە لە 3 هەزار و 310 تووشبوی نوێ.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی سنور کەریم