دیپلۆماتکارێکی ئێران دەڵێت لە دوای گەڕانەوەی ترامپ هیچ پەیامێک لەگەڵ ئەمەریکا ئاڵوگۆڕ نەکراوە

دیپلۆماتکارێکی باڵای ئێران ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، ئێران و ئەمەریکا لە دوای گەڕانەوەی دانۆڵد ترامپ بۆ کۆشکی سپی هیچ پەیامێکیان ئاڵوگۆڕ نەکردووە.

مەجید تەخت ڕوانچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بە ئاژانسی هەواڵی ناوخۆیی ئیسنای ڕاگەیاند: تەنیا چەند ڕۆژێکە بەڕێوەبەرایەتی نوێی ئەمەریکا دەستبەکاربووە و هیچ پەیامێک لە نێوان ئەو دوو وڵاتە ئاڵوگۆڕ نەکراوە.

لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا ترامپ سیاسەتی "زۆرترین فشار"ی پەیڕەوکرد، و ئەمەریکای لە ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی گرینگ کشاندەوە، کە بریتییە لە سنووردارکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزاکان.

تەخت ڕوانچی دەڵێت: "دەبێت بە هێمنی پلان دابنێین، کاتێک سیاسەتەکانی لایەنی بەرامبەر (ترامپ) ڕادەگەیەنرێت، ئێمە بەو پێیە مامەڵە دەکەین".

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، ترامپ ڕایگەیاند، هیوادارە خۆی بەدوور بگرێت لە هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و بەو هیواییە بگاتە ڕێککەوتن.

ئێران چەندین جار ئامادەیی خۆی بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە دەربڕیوە و مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران کە لە مانگی حەوتی ساڵی ڕابردوو دەستبەکاربووە، داوای کۆتایی هێنان بە گۆشەگیریی وڵاتەکەی کردووە.

سەرەتای ئەم مانگە، پێش ئەوەی ترامپ بە فەرمی بگەڕێتەوە کۆشکی سپی، بەرپرسانی ئێران لەگەڵ بەرپرسانی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا وتووێژیان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکە ئەنجامدا.

هەردوولا گفتوگۆکانیان بە "ڕاشکاوانە و بنیاتنەر" وەسف کرد.

تەخت ڕوانچی گوتی ئەمە سێیەم گەڕی گفتوگۆکانە، پاش دوو خولی پێشوو یەکێکیان لە ژنێف و ئەوی دیکەیان لە نیویۆرک ساڵی رابردوو.

پێشبینی کرد لە ماوەی مانگێکدا خولێکی دیکەی وتووێژەکان ئەنجام بدرێت بەڵام گوتی هێشتا وادەکە دیاری نەکراوە.

تەخت گوتیشی ئێران و وڵاتانی ئەوروپا لەسەر چوارچێوەی ڕێککەوتنی JCPOA ڕێککەوتوون کە سنووردارکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێرانە لە بەرامبەر لابردنی سزاکانی سەر وڵاتەکە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "پرسە نائەتۆمییەکان ناخەینە ناو دانوستانەکانەوە، وەک ئەوەی لە دانوستانەکانی JCPOAدا ئەنجامدرا".

سەرچاوە: فرانس پرێس